دەمکوژێ غەددارە هەر جارە بە نەوعێ دەرد و غەم

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  728 مشاهده
دەمکوژێ غەددارە هەر جارە بە نەوعێ دەرد و غەم
یا بە عیشوە یا بە غەمزە یا بە ئەبرۆ یا ستەم
ناکەوێتە داوی فکرم ئەم غەزاڵەی وەحشییە
یا بە حاڵەت، یا بە حیلەت یا بەزەڕ یا زۆر و کەم
دائیما بۆ کوشتنی عاشیق ئەدا حەول و تەڵاش
یا بە زیللەت یا بە حەسرەت یا بە میحنەت یا ئەلەم
بۆ شکاری سەیدی دڵ هەردەم بە نەوعێ حازرە
یا بە خەندە، یا بە جیلوە، یا بە حەلقەی زوڵفی خەم
چاوەکانی هەردەمی شۆرش ئەخاتە جێگەیێ
یا لە هیند و یا عێراق و یا لە ڕۆما یا عەجەم
مەقسەدی سووڕانەوەم جیلوەی جەماڵی تۆیە بەس
یا لە مەسجید، یا کەنشت، یا دیر یا کەعبەوو حەرەم
ڕابواردنمە لە خەڵوەتدا بە تەنها هەر شەوێ
یا بە زیکرت، یا بە فیکرت، یا بە شوکرت ،یا بە غەم
قەت نەبوو تەئسیری جارێ بۆ دڵی سەنگینی یار
یا بە، گریە، یا بە هاوار، یا بە ناڵەی دەم بە دەم
ساقیا بۆم تێکە توخودا لەم شەرابەی لەعل ڕەنگ
یا بە ساغیر، یا پیاڵە، یا سەبو یا جامی جەم
خۆزگە ئەمزانی بە خادیمتخلص تۆ بەچی ڕەحمێ ئەکەی؟
یا دوعا، یا ئیلتیجا یا پاڕانەوەم بێ بۆ کەرەم