ئەوەندەی مەحووی نیگاهو خەرامی باڵاتم

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  1019 مشاهده
ئەوەندەی مەحووی نیگاهو خەرامی باڵاتم
لە هەرچی عالەمی کەونیتە بێ موبالاتم
ئەگەرچی زاهیری دوورم وەلی لە خەڵوەتدا
لە جۆشی بەحری خەیاڵا هەموو شەوێ لاتم
بە فکر و یادی تۆوە مانەوە ژیانی من
بە زیکری ناوی تۆ ڕۆژ و شەوە مەقالاتم
لە زەوقی لەعلی لەبی تۆیە کامی شیرینم
لە شەوقی جیلوەی تۆیە لە دڵ خەیاڵاتم
بەلای نافییە دەفعی بەڵای کیسرەتمە
بە تیغی وەحدەتەوە قاتیلی بت ولاتم
بە عیجز و نییەتی قودرەتم لە هەستی دا
بە خاکساری و نوقسانییە کەماڵاتم
لە فکری وەسڵی تۆ هەر شەو خەوم نییە هەرگیز
غەریقی بەحری خەیاڵاتی پڕ مەحاڵاتم
دوکانی حوسنە لە بازاری عەشق و من و تالیب
بە نەقدی جانی عەزیز مشتەری بە کالاتم
ئەسیری حەلقەی زنجیری زوڵفتە خادیمتخلص
فیدای یەک نگەهی چاوی مەستی شەهلاتم