هێندە مەستم شەو لە جۆشی بادەیی مینایی ڕاز

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  966 مشاهده
هێندە مەستم شەو لە جۆشی بادەیی مینایی ڕاز
دڵ گڕی گرتووە بە هاوارە ل بۆ ئیفشایی ڕاز
دەرسی عیشقی پێ گوتم دولبەر زوبانیشی بڕیم
تالە بەزمی هەرزەگۆیان من نەکەم ئیفشایی ڕاز
گەر لە هەستی تێپەڕی بۆ موڵکی کەم ناوی بچێ
عالەمێکی تر دەبینی تۆ لە یەک سەحرایی ڕاز
عالەمیچی، موڵکی چی، حەیرانە عەقڵت لێرەدا
هەرچی ئەیبینی هەموو مەستن لە یەک سەهبایی ڕاز
بەحری بێ پایانە مەوجی هەر لە خوێنی عاشیقان
هەریەکێ غەوواسە چون پڕ گەوهەرە دەریایی ڕاز
دڕک و داڵی لالەیە، بەردی میسالی گەوهەرە
خاک وخۆڵی عەنبەرە هەم گوڵشەنە سەحرایی ڕاز
گوڵشەنی چی؟ هەر لەیەک غونچە هەزاران گولستان
سەد وەکوو جەننەت دەمی داوە لە یەک ئەجزایی ڕاز
دەرسی بێ حەرف و سەدایە مەکتەبی ئەسراری دڵ
حاجەتی لەفز و خەتی هەرگیز نییە مەعنایی ڕاز
هەر لە ئەووەڵ دەرسەوە مەنسووری بۆ سەردار ئەبرد
ڕوتبەیی سەرداری داێ کەوتە سەر ئینشایی ڕاز
دووربین وکاشیفی ئەسرارە خادیمتخلص هەر تەڕەف
سوورمە کێشراوی خودیە دیدەیی بینایی ڕاز