موسمی نەورۆزە ئیمڕۆ بای سەحەر وەختێ کە هات

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  1025 مشاهده
موسمی نەورۆزە ئیمڕۆ بای سەحەر وەختێ کە هات
بەرگی سەوزی بۆ عرووسانی چەمەن هێنا خەڵات
ڕۆژی وەسڵە عاشقی بێ چارە غەفڵەت تا بەکەی
غونچەی وەختی پێکەنینی هات و بولبول هەر نەهات
فەیزی هەوری نەوبەهاری مەوج ئەدا بۆهەر تەرەف
عەتر ئەفشان بوو لە عالەم بادی فەروەردین کە هات
دوختەری دوو شیزەیی باغ و درەخت و شاخی گوڵ
حامیلەی بادی سەحەر بوون سروەیی عیسا نەهات
مەوج ئەدا جیلوەی عەرەق هەر وەک لەسەر گۆنایی یار
ژاڵە وا ئەڕژێ بەسەر ڕووی لالەوو شاخی نەبات
ئەی دەمی ئەنفاسی عیسا ئەی نەسیمی کوی یار
مردەیی سەد ساڵە ئەمڕۆ چاوەنۆرن بۆ حەیات
لەم کەناری جویبارە و شاخی گوڵ ئاوی ڕەوان
موژدەیی ساقیم دەنێ بۆ خاتری خووا بۆ نەهات؟
هاتە مەجلیس ساقیی فەرەح رۆخ و پڕخەندە پەی
جامی مەی هێنانە گێڕان بادەیی ئاتەش سیفات
شەمع و گوڵ پەروانە و بولبول من و شاهید بەیەک
جەژنی وەسڵی عاشقانە عەیشی جان بەخشی حەیات
عالەمی تر دێتە بەرچاووم لە عەکسی جامی مەی
حەل ئەبێ بەم بادەیە ساقی سەراسەر موشکیلات
مەنعی مەی خواریم ئەکا زاهید کەوا چۆن ڕووی هەیە
ساقیی مەجلیس خدر بێ بادە بێ ئاوی حەیات