ون بووم و لە خۆما ئەگەڕێم خۆم لە سۆراغا

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 1 دقیقه  1105 مشاهده
ون بووم و لە خۆما ئەگەڕێم خۆم لە سۆراغا
لەم زوڵمەتە حاجەتە بە نوورێکی چراغا
ڕەحمێ بکە بەم خەستەیە وەک ئاهی نەدامەت
لەم گۆشە نەبوو ساتێ دڵم قەت لە فیراغا
هەر کەس کە بە شۆخی عەلەمی عیزەتی هەڵگرت
وەک شەمعی نەفس سوختەیە ئێستە لە داغا
مەعلوومی حەقایق بە دەلایل نییە حاجەت
خورشید چ حاجەت بە گڕی لێی بە چراغا
ساقی وەرە ئیمشەو بە خەیاڵی نیگەهی یار
لەبڕێزی کە جام و قەدەحی من لە ئەیاغا
ئەم نەشئە کە جوڵا نیگەهی کەیفییەتی ڕۆژە
ئەم زەڕڕە لە خۆشیانە کەوا زۆر بە دەماغا
لەم شێوەی ڕەنگینی وەفایە چ دەپرسی؟
دڵ خوێنە ئەوا ئێستە لە داغی گوڵ و باغا
مەنوارە لە ڕوو سووریی «خادیم» وەکوو لالە
سەد داغی نیهانی هەیە بۆ وەسڵ لە داغا