باز ئەوا شابازی فکرم مەیلی پەروازی هەیە

بۆ حەمەد ئاغای عەبباسی مالیکی گوندی «سەرا» نووسراوە
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکه‌یی (1875-1945)
 2 دقیقه  1061 مشاهده
باز ئەوا شابازی فکرم مەیلی پەروازی هەیە
بۆ شکاری لوتفی تۆ زۆری نییە نازی هەیە
هەوری تەبعم مایلی گریان و بەرق و باریشە
بۆیە گوڵ کەیف و دەماغێکی تەڕ و سازی هەیە
موددەتێکە عەندەلیبی باغی شێعرم ساکیتە
لەم گوڵ و گوڵزارە یەک دنیا گلە و ڕازی هەیە
یادی لوتفی تۆ سەبەب بوو کەوتە سەر نەشئە و دەماغ
قەهقەهەی کەبکی بەهاری، چەهچەهەی بازی هەیە
عاشقی گوڵزاری باغی تۆیە تۆش مەنعی مەکە
بۆ غەزەلخوانی یەدی بەیزا و ئیعجازی هەیە
ئەی سەبا چاوی سەرم زەحمەت بکێشە تا «سەرامکان»
سەهلە بۆ تۆ گەرچی دوورە و پێچ و هەورازی هەیە
بۆ حزووری مەرکەزی ئالی بەنیعەبباسیان
ئەو جەوانەی شۆرەت و تەعریف و ئاوازی هەیە
مونعیمێکە ڕیزەخواری نیعمەتی بێ میننەتی
خۆشترە وەزعی لە ئاغایێک کە «دریازی» هەیە
نیم نیگاهێکی لەگەڵ مەی بێ سەر و پایێک ببێ
هێندە پێناچێ دەڵێن فەڕش و سەرئەندازی هەیە
تۆ لە قەولی من لە پاش عەرزی ئیرادەت پێی بڵێ
«کۆکەییتخلص» یەک وەزعی ناهەموار و ناسازی هەیە
نازری کارخانەکەی دەیگووت کە بۆ شام و نەهار
غالیبەن نانی بە وشکی و جارێ پیوازی هەیە
پەرتەوی شوعلە و شوعاعی دایرەی ئینعامی تۆ
بۆ شەوی تاریکی ئەو حوکمی چراگازی هەیە
گەرچی چەن ساڵە لە دەروازەی «سەرامکان»یی هیممەتت
یەک حقووق و قیسمەتی بێ کەسر و ئەفرازی هەیە
مونتەها ئەو ساڵ لەبەر دەخڵی کەم و خەرجی گەزاف
ئینتیزاری یەک سیلەی مەخسووس و مومتازی هەیە