مەڵێن یا شێتە یا مەستی شەڕاب و ئارەق و بەنگە

از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکه‌یی (1875-1945)
 2 دقیقه  1207 مشاهده
مەڵێن یا شێتە یا مەستی شەڕاب و ئارەق و بەنگە
خەیاڵاتم پەرێشانە دڵم تاریکە هەم تەنگە
مەکەن مەنعم لە هەوری بیری من بارانی خوێن بڕژێ
لە سەحرای سینەدا دیسان هەرایە شۆڕشە جەنگە
شەهی ئیقلیمی بەدبەختی لەبۆ تەسخیری مولکی دڵ
هوجوومی کردووە تالیب بە تاج و تەخت و ئەورەنگە
ئەمیری لەشکری زوڵمە لە دەوری فەوجی بێڕەحمی
جەفا و جەور و میحنەت یاوەر و سەرتیپ و سەرهەنگە
کە دیتم لەشکری مولکی بەدەن مەغڵووب و مەحسوورە
بە فەرزینی غەمم شاهی وجوودم مات و بێدەنگە
ڕوخی نەحو و پیادەی سەرف و ئەسپی حیکمەت و مەنتیق
لە ژێر پێی فیلی سەنعەتدا خەریکی وردەئاهەنگە
گوتم ئەی نەفسی غافڵ هەستە سەیری وەزعی دنیا کە
بە نووری مەعریفەت ڕووی سەرزەمین یەکسەر تەڵا ڕەنگە
نەتیجەی حاسڵی دنیا و دینت جەهل و غەفڵەت بوو
تەواوی قەول و فێعلت شەعبەدە و تەزویر و نەیڕەنگە
چ نەفعێکی هەیە بۆ تۆ بزانی کەوکەبی تالیع
کە عەینوسسەورە کلکی ئەقرەبە یا چەنگی خەرچەنگە
مەعاریف عیلمی تەییارە و گڕامافۆن و بێسیمە
ئەوەی تۆ پێی دەڵێی عیلم و مەعاریف چاوەکەم نەنگە
مەسافەی بەینی عیلمت تا دەگاتە عیلمی ئادیسۆن
عەزیزی من بە میلیۆن و بە کیلۆمیتر و فەرسەنگە
وەکیل و نایب و سەرجۆخە بۆ تۆ شاە و سوڵتانن
ئەویش کەمتر غوڵامی خوسرەو و جەمشید و هۆشەنگە
بەڵێ عالم دەبێ یا ئیبنی سینا یا غەزالی بێ
کە ئیحیای ئەم شفای قەلب و شفای ئەو کەنزی فەرهەنگە
حەیاتی جاویدانی سەنعەت و سەربەرزییە جانا
قەتار و قافڵەی بێ عیلم و سەنعەت تا ئەبەد لەنگە
چییە سا بەسیە شاعیر مەوعیزە و شێعر و غەزەلخوانی
مەتاعی تۆ هەموو بێقیمەت و بێڕەونەق و ڕەنگە
کە شێعرت وەک سەدەف فەڕزەن هەموو پڕ بن لە دانەی دوڕ
لە لای ئەشخاسی ویشک و بێتەبیعەت ئاسن و سەنگە
کە مەقبووڵی جەنابی شێخ و ئەربابی تەبیعەت بێ
نیگارین خانەیی نەققاشی چین و نەقشی ئەرژەنگە