کەمی ماوە

لە گۆڤاری نیشتمان، ساڵی یەکەم، ژمارە٦، ڕەشەمەی ۱۳۲۲،لاپەڕەی ۲۰ بڵاو کراوەتەوە.
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکه‌یی (1875-1945)
 1 دقیقه  1228 مشاهده
لە شەوقی نیشتماناعلام و شوعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە
برینی ڕووح و قەلب و قالبم فیلجوملە ساڕێژە
ئەگەر باوەڕ دەکەن یاران سەدای تەپڵی بەشارەت دێ
مەڵێن ئەم شاعیرە دێوانەیە یا شێتە یا گێژە
دەڵێن ئەو کاروانی قافڵەی کوردی وەپاشکەوتوو
کەمی ماوە نەجاتی بێ لە ئەم هەوراز و ئەم لێژە
برا گەردنکەجی و مەحکوومی خۆراکێکە ژەهروای
دەخیلت بم نەچی بیخۆی بڕۆ تێی هەڵدە بیڕێژە
لە میوەی باغی ئازادی کەسێ بخوا دەکا تەسدیق
کە میوەی جەننەتە هاتۆتە دنیا هەستە بیچێژە
کەسێ مونکیر بە ئازادی و بە ئیستیقلالی میللەت بێ
بە سووڕەت زیندووە دڵ مردووە بینێرە بینێژە
کەسێکی هەر تەڕەققی شەخسی خۆی مەنزوور و مەتڵەب بێ
بە سووڕەت گەرچی گوێ کورتە بەڵام بێچارە گوێدرێژە
خوداوەندا بە حەقق و حورمەتی خاسانی دەرگاهت
ئەوانەی ڕوو بە قیبلەن دایمەن دەستیان بە دەسنوێژە
کەسێ حیفزی حقووقی میللەتی مەنزور نەبێ ڕەببی
کەڕ و لاڵ بێ لە پاش کوێری بە خروێکە و بە سوورێژە