چەن عەدەد شێعری قەشەنگ و قەشمەر و جوان و جحێڵ
بۆ حاجی ڕەحمان ئاغا، کوڕی حاجی بایز ئاغای موهتەدی
از کتاب:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
اثر:
ملا مارف کوکهیی (1875-1945)
2 دقیقه
1854 مشاهده
چەن عەدەد شێعری قەشەنگ و قەشمەر و جوان و جحێڵ
دەیکەمە تەقدیمی ئیبنول موهتەدی بێ مەکر و فێڵ
ئەووەلەن عەرزی دەکەم ئەی مەنبەعی جوود و کەڕەم
حاسیدت ڕوویان سپی وەک ڕووی قەل و سەر پشتی سێڵ
دەست و لاق و گوێ و دەمی ئیفلیج و فیچ و خوار و گێڕ
بەژن و باڵای وەک سەگی خوێڕی ببێ چەوت و چەوێڵ
گەر دەپرسی حاڵ و ئەحواڵات و وەزعی زیندەگی
موددەتی سێ مانگە وەک مردوو لە قەبرا بووم تخێڵ
قافڵەی یار و ڕەفیقان چوونە بازاڕی عەدەم
من لەبەر بێ قودرەتی کەوتوومە دوای کاروان و خێڵ
سی و سێ ڕۆژە لە گۆشت و ڕۆن و خۆراکی لەتیف
بێنەسیب و بێبەشن دەست و دەم و ڕیش و سمێڵ
پیری و فەقر و پەرێشانی هوجوومیان کردووە
خۆ خسووسەن ئیشتیاقی گۆشت و ڕۆن و بەربەسێڵ
ئەو کەسانەی ڕووبەڕوو لافی موحیببەت لێدەدەن
نەڕڕەشێریش بن لە بەخت و تالعی من بوونە دێڵ
کەس نییە ئەوڕۆ بڵێی بێجگە لە ئیبنول موهتەدی
گەر تەڕەححوم کا بە قەلبی تار و تەنگ و لێڵ و وێڵ
هەر کەسێ گەر بچتە ژێر دامانی عولوی هیممەتی
وا بزانە بۆتە ساحیب مڵکی شاری ئاردەوێڵ
خاترت جەم بێ هەتا ئەو ڕۆژە دەس هەڵناگرم
دێتە گوێم دەنگی قەبرهەڵقەن زرینگەی پاچ و بێڵ