ئەسراری عیشق جۆششی عاشقی بێچارە و گوفتوگۆ
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
4 دقیقه
1218 مشاهده
عەجەب شۆرێکە ئاهەنگی محەببەت
عەجەب باغێکە نەیرەنگی محەببەت
گوڵی ئەم باغە ڕەنگی زۆر عەجیبە
نەیی ئەم بەزمە ئاهەنگی غەریبە
لە شۆخی ڕەنگی ئەو پەژموردە نابێ
لە گەرمی ئاگری قەت موردە نابێ
فەریبی ڕەنگی چەند ئەفسوون ئەڕێژێ
کە نەیرەنگی بە چەند ڕەنگ خوێن ئەڕێژێ
لە سەر ئەم بەزمە ئاهەنگێ ئەکا ساز
کە بێ پەردە ئەبێتە پەردەیی ڕاز
لە یەک قەترە ئەڕێژێ ڕەنگی تۆفان
گەهێ تۆفان ئەکا لەم قەترە پەنهان
لە یەک گوڵ ڕەنگی سەد گوڵزاری تێدا
لە یەک نەی ڕەنگ هەزاران کاری تێدا
لە مالایەعینا جان بۆی تەسەللا
بەسوورەت قانیع وغافڵ لە مەعنا
ئەوا عومرێکە سینەی پێوە داغە
لە ڕەنگی جیلوەی ئایینە باغە
وەکو دڵ بەعزێ جار ئەیگرتە ئاغوش
گەلێ جاریش لە داغا ئەبووە بێ هووش
لە بەر پێیا ئەکەوت بەعزێ وەک خاک
بە موژگان خاکی ڕێگای بۆ ئەکرد پاک
لە دیتن وەک نیگاە هەرگیز نەبوو تێر
تەمەننا بۆ تەمەننا قەت نەبوو تێر
وەکو زوڵفت بەستەی زنجیری خۆی بوو
تەحەیور حیرەتی تەسویری خۆی بوو
کە هەڵگیرسا تەماشا هەروەکو شەمع
نیگاە سووتا سەفی موژگان بووە جەمع
لە سوورەت لای نەدا ساتێ تەماشا
تەغافول نەی ئەکرد لەم بەزمە حاشا
بە دەستی حیرەت وئەندێشە تەسخیر
وەداعی خواب وخۆراکی بوو تەسویر
لە ناکاو جیلوە پەیدا بوو لە عەشقا
سەراپا بوو بە شوعلەی خۆی لە زەوقا
کە کردی عەشق جۆشێکی تەفەککور
بووە نەقشێ لە دیواری تەحەییور
تەعەللوق سەدی ڕێگای لێ تەنی بوو
ئەوی دیبووی هەموو جیلوەی مەنی بوو
فسوونی سازی ئاهەنگێکی تر کرد
فەریبی ڕەنگی نەیرەنگێکی تر کرد
گوتی ئەی جیلوەی تیمسالی مەعنا
خەرابی سوورەتت ئەحوالی مەعنا
ئەتۆ تەئسیری تەسویرت لە پێشە
وەکو ڕەنگی لە خۆچوونم لە پێشە
هەتا ئەم ئایینە جیلوەی دیارە
لە پێش چاوم سافی تۆزو غوبارە
دوو عالەم کوشتەی ئەم نەقشە جوانەن
ئەسیری لەزەتی ئەم نان وخوانەن
لە گوڵشەن گەر فوغانی بولبولانە
لە هەر کوێ جۆشی بەزمی عاشقانە
هەموو حەسرەت گوڵی ڕوخساری یارە
لە قەلبی عاشقان بووەتە شەرارە
هجوومی بولبول ئافەت ڕێزی باغە
پەڕی پەروانە ئاشووبی چراغە
لە فیتنەی ئەم جیهانە بێ خەبەر بووی
لە تۆفانی حەواسا بێ ئەسەر بووی
لە تەمکینت لە سەبرا بگرە ئارام
بە عوشرەت ڕابوێرە تۆ لە ئەییام
لە بۆ شەوقی تەماشا بێ قەراری
بە حوکمی ئارەزوو بێ ئیختیاری
خەیاڵی بەندەگی گەر ئارەزووتە
لە سوورەت لابدە و لەم تاق وجووتە
لە بەحری وەحدەتا فێری شنابە
لە خۆت لادە لەگەڵ حەق ئاشنا بە
وەرە تۆ لەناو مەجمووعەیی ڕاز
لە لەوحی سینە یەک نوسخە پەرداز
بەبێ خەوف وڕجا لەم جۆشی سەبرە
نسیبی ئارەزووت لەم نەسخە بگرە
شیفاخوازی بەڕەنجی ئاشنا بە
لە وەیرانی بە گەنجی ئاشنا بە
لە مەعنادا تەفەککور کردی سەیران
بە بێ چاوی ئەکا سەیری گولستان
تەفەککور مەعنەی ئەسراری زانی
تەئەمول پشت وپێشی کاری زانی
لە دەرسی مەقسەدی تەحقیقی ئاگاە
بەعیلمی عافیەت مەعلوومە ڕێگاە
ئیرادەت حەولی دا بۆ ڕێی مەساڵح
بە تەرکی سەهوو نیسیان وقەبایح
سەڵا بوو شەوق موژدەی وەسڵی هێنا
سەبا بوو فەرع نامەی ئەسڵی هێنا
لە ڕێگادای لە ئاغوشی تۆ مەنزڵ
لە کوێ بووی ئەی لە خۆتا بووی غافڵ؟
چە جادوو چاوی تۆی لەم حوسنە پۆشی
ئەوەی کردت هەبا بوو گردوو پۆشی