بەیانی ئەفکاری دەروونی لە خەڵوەتی و تەنهاییدا
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
3 دقیقه
1079 مشاهده
لە خەڵوەتخانەی بەزمی نیهانی
شەوێ دانیشتبووم بێ هاوزوبانی
لە جۆشی بەزمی شەوقی مەستی ئاهەنگ
نەی و موتریب و ساقی بوو بێ ڕەنگ
تەسەوور تانیگاهی تیژ بوو لەولا
تەحەییور ساغری پڕ مەی ئەهێنا
بە عیشقی گوت ئەتۆ ئەی مەتلەعی ڕاز
موحیتی موغەننی ئەنجام و ئاغاز
ئەزەل مەستە لە سەهبایی خرۆشت
ئەبەد ئافاقی پۆشیوە لە جۆشت
چییە ئەم جۆشی مەوجی بەحری ئیمکان
چە ڕەنگێکە ئەدا جیلوەی گوڵستان
تەماشا ئارەزووی گوڵزاری کێیە
غوبار ئارامی بۆ ڕێگای کێیە
دڵم بێ تابی چاوی مەستی کێیە
وەکو بَسمَلعربی کوژاوی دەستی کێیە
جگەر داغی خەراشی نازی کێیە
جیهان سەیدی کەمەندی ڕازی کێیە
تەمەننا سۆزی سەودای نازی کێیە
تەلەب سەر گەشتەیی ڕێی بازی کێیە
نیگاە ئەڕوانی شێتانە بە هەرلا
لە پەروازا پەڕو و بالێ ئەسووتا
نەفەس فیکری سەرئەنجامی نەماوە
لە ئاغازایە ئارامی نەماوە
جیهان یەکسەر بە هاوار و خرۆشە
جگەر بەم ئاگرە هەروا لە جۆشە
چە لەیلێکە عالەم بووەتە مەجنوون
چە غەوغایەکە گرتی ڕوبعی مەسکوون
لە پەردەی غەیبەوە هەم عالەمی ڕاز
بە گوێی ماددی لە سڕڕی حوسنی ئاواز
دوو عالەم ئایینەی دیداری نازی
تەحەییور پەردەی ئەسراری ڕازی
وەلی ئەم سڕڕە بۆ کەس نەبووە مەعلووم
بەغەیرەز عەشقی کەس نازانی مەفهووم
وەهایە ئیتیفاقی چاوو هەم دڵ
نییە یەک دەم لە حوسنا عیشقی غافڵ
هەموو عومرم لەگەڵ ئەم فیکرە بوو سەرف
کە بەڵکی تێ بگەم لەم دەرسە یەک حەرف
نە ڕێگایێ لە ژێر ئەم پەردە ڕۆشن
نە جێگایێ لە گوڵشەن گوڵ بەدامن
ئەگەر گوڵزارە کوا ڕەنگی گوڵانێ؟
ئەگەر نوورە بریقەی شەمعی کوانێ؟
ئەگەر مەعنایە بۆچی زیهن و هەم دڵ؟
نەبوون حالی ئەوەند کردیان تەئەممول
ئەگەر سوورەت بوو بۆ نایەتە بەرچاو
ئەگەر لەفزە زوبان گیرا لە ناکاو
لە کام خەڵوەت بوو ڕێگا بۆ ویسالی؟
چە ئایینە ئەدا عەکسی جەمالی؟
لە ڕێگەم دابنێ نووری چراغی
بە جوستوجۆ لە مەتڵەب کەم سۆراغی
زەمانێ ڕێگەم گوم بوو مونقەزی بوو
تەغافول بوو هیدایەت موقتەزی بوو
گوتم ئەی جۆشی مەیخانەی حەقیقەت
جەماڵت شەمعی ڕێگای تەریقەت
نیازت شەوقی دڵمی کردە تۆفان
بە نازت وا لە جۆشە شۆری ئیمکان
قەدەم زامداروو ڕێگا پڕ لەنێشە
خەیاڵێکت لە ئەسرارا لە پێشە
تەعەللوق تاکو ئێستا دەوری داوی
چە سوورەت بوو کەوا کەوتوویە داوی
نەجاتت تا نەبێ لەم داوی ئەوهام
چە ئیمکانە لەگەڵ ئەم حوسنە ئارام
مەکانی نازی حوسنی بێ مەکانە
نیشانی ڕازی شەوقی بێ نیشانە
سۆراغی ئەو لە موڵکی بێنەوایی
ویسالیشی لەگەڵ عالەم جودایی
لە هەستی تێپەڕینە بۆ ویساڵی
لە نوقسانی وکەمی تۆیە کەماڵی
موحیتی مەستی جامی پەیکەرانە
ڕەمی مەوجی کەمەندی بێ نیشانە
لە سیحر ئامێزی عیشقی فسوون ساز
کە بێتابی لە بۆ دڵ بووەتە پەرواز