قەسیدەیەک لە زەمی زەمانی ناموساعید و تەشویق بۆ گۆشەگیری
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
3 دقیقه
1151 مشاهده
چە فیتنە و شۆر و غەوغایە لە چەرخی ئاسمان پەیدا
لە عالەم دا چەشین و ماتەمێ بۆ ئاو و نان پەیدا
زەمان موحتاجی خاکستەر ئەکا ڕوخساری ئایینە
نیشانی غەم بە زەردی وا لە ڕوویی دۆستان پەیدا
سەری خاوەن هونەر ئەمدۆ لە ژێر پێی بێ هونەر دایە
نیشانی عوشرەت و شادی لە ڕوویی دوژمنان پەیدا
تەڵەبکاری نەما عیلمی ئەبی وەردی لەبەر وردی
ئەبینم من ڕەواجی تر لە جەهلی غافلان پەیدا
دەبا جاهیل لە جێی خۆی بێ ئەبینم شۆرش و غەوغا
لە بەینی موتتەقی و عابد لە زومرەی عالمان پەیدا
لە حەق موئمین کە فەرموویە وەکو بونیانی مەرسووسن
کەچی نەفامی و فیتنەیە بەینی موئمینان پەیدا
ئەبینم بایەزیدە وەک بە زبدی تێ دەگەن عالەم
لە جوستووجۆی ڕێوی دەعوای شێری ژیان پەیدا
کەسێ عیلم وکەماڵی بێ کەمالی نەبوو وا سووکە
لە سینەی دا ئەگەرچی حیکمەتی یونانیان پەیدا
ئەگەر ماڵی نەبێ پاماڵی تەعنەی یارو و ئەغیارە
لە قەلبی دا ئەگەرچی جەوهەری ئیمانیان پەیدا
کەوابوو خادیما قەتعی عەلائیق کە لە عالەم دا
لە موڵکی گۆشەگیری دا سەراسەر نووری جان پەیدا
لە گۆشەی ئیعتیزالا مونزەوی بوونت سەعادەتە
لە ئیقلیمی فەنا موڵکی بەقایی جاویدان پەیدا
خەریکی زادی ڕێگەن بار ئەبەستن بۆ سەفەر عالەم
ئەتۆش هێشتا خوماری غەفلەتت مەوجی عەیان پەیدا
فەلەک چەرخی بە کامی بێنەوایان ناگرێ هەرگیز
نموونەی بێ وەفایی وا لە ئەوزاعی زەمان پەیدا
فریبی سوبحی کازیب تۆ مەخۆ لەم ڕێگە تا ماوی
هەتا بێ سوبحی سادیق پرتەوی بۆ تۆ عەیان پەیدا
لە موڵکی دوو جیهان گەر تێپەڕی چاوت بپۆشی لێی
لەبەرچاوی دڵت یەک دەم ئەبێ جانی جیهان پەیدا
لە سەر چاووت حیجابی هەستی و خودبینی هەڵبگرە
لە موڵکی نیسبەتی بنوارە سەیری لامەکان پەیدا
ڕمووزی ئامێزی عیشقت پێ بڵێم گەر تێ بگەی ئەی دڵ
لە ئەوراقی سەحیفەی حوسنی ڕووی گوڵ ڕوخان پەیدا
بەعیجزوو دڵ شکاوی تۆ موقیمی قاپی دولبەر بە
فتووحی غەیب ئەبێ دایم لە بۆ بێ چارەگان پەیدا
تۆ مورغی عالەمی قودسی ئیتر حەپسی قەفەس تاکەی؟
تەلاشێ بۆ وەتەن کە تا ببێ بۆت ئاشیان پەیدا
بەهیممەت گەر بکەی پەرواز و باڵ و پەرەفشانی کەی
بە مەعلوومی بە یەک ساتێ ئەبێ باغی جینان پەیدا
بە ئومێدی وەفا پێ ڕانەکێشێ شەو لە خەڵوەت دا
لە عالەم دا ئەبێ یەک عالەمی تر بۆت عەیان پەیدا
لەبەزمی خاسی مەستانی خەراباتە تەماشاکەی
تەجەللایی ڕوخی دولبەر لە ڕووی پیری موغان پەیدا
وەکو بلبل لە گوڵزاری محەببەت نەغمەخوانی کە
ئەبێ لەم گوڵشەنە ناگاە جەمالی باغەبان پەیدا
لە دەرگای پیری مەیخانە لە جێگەی هەر گەدایی دەر
هەزاران خەسرەوخاقان وسوڵتانی جیهان پەیدا
تەجەللاێ بەیەک ساتی گڕەی بەردایە کوی توور
بە دائیم بەرقی ئەم جیلوە لەقەلبی عاشقان پەیدا
جەماڵی ماهی کەنعانی لە حوسنی ڕوویی دولبەر بوو
کەوا ئەم شۆر وغەوغایە لە ناو کەنعانیان پەیدا
کەنارێکی نەبوو دەریایی عیشقی خادیماتخلص هەرگیز
تەڵاتەم مەوجی ئەم بەحرە لە خوێنی عاشقان پەیدا