قەسیدەی تەزکییەی نەفس و هوشیاربوونەوە لە غەفڵەت

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
اثر:
خادم (1895-1953)
 4 دقیقه  1307 مشاهده
دڵا تا کەی لە خوابی غەفڵەت و بێهۆشییا ماوی؟
لە ئیدراکی ڕمووزی مەعنەوی سەرشۆڕ و داماوی
لە «مالا یعنی» و بێ هوودە گۆیی سەرفی عومرت بوو
ئەجەل دەورت ئەدا ئەتخاتە بەرپێ خۆی بە ناکاوی
زەمانە چەرخە ،چی چەرخە ،فەلەک دەوواری دەوری تۆ
هەزاران دەفعە بای داوی کەچی ئێستا کە هەر خاوی
ئەسیری ڕەنگ و بۆنی عازیزی دونیا هەتا کەی بی؟
گرفتاری بە بۆنەی دانەی خاڵی لە ناو داوی
بەچاوی سەر تەماشاگاهی تۆ مەحبووبەیە دۆنیا
عەجەب ماووم لەگەڵ ئەم پیرە فەرتووتە کە گونجاوی
هەزاران شەو ئەکا هەردەم لە ئاغوشی یەکێ دایە
ویسالی زەهری مارە قاتیلی عالەم بە ناکاوی
بەنۆشی تێدەکەی نیشە،بەشەهدی تێ دەگەی زەهرە
بەشیرینی ئەزانی ئاخری تاڵاوە،تالاوی
ڕەفیقانت لە مەیدانی مەسافی دوژمنانی تۆن
ئەتۆش وەک پیرێژن ئەمڕۆ لە ماڵا مات و داماوی
وەکو ڕۆستەم بپۆشە جەوشەنی مەردی لە مەیدانا
لەژێر دەستی عەدو تاکەی بەحیزبیی و بە بەد ناوی؟
بەمەردی پێ بنێ ڕێگەی سلووکی سالیکانی عەشق
بە بەحرا تێکەڵی کە گەرچی تۆ یەک قەترەی ئاوی
لە مەیخانەی محەببەت گەر بنۆشی بادەیی وەحدەت
دوو عالەم دێتە بەر چاوت لە وەختێکا کە بێ چاوی
ئەمانەت باری سەرشانت لە میساقی ئەزەل دا بوو
ئەمانەت بۆ چییە؟ بەم کارە بێ مەعنا وەگیرساوی
بەیادت بێنەوە عەهدی قەدیمی حەزرەتی جانان
نەوالەی سیدقی خۆت دەرخە هەتا وەک سفرە نەدڕاوی
شەرابی عیشقە بینۆشە بە یادی چاوی مەستی یار
سووراحی بادە مەشکێنە هەتا وەک گۆزە نەشکاوی
لە سەر بازی محەببەت تۆ هەموو دەم هەر بەدەم دەدوێی
دەمێکە تۆ لە سەر ئەم ئاگرە کاڵی ونەبرژاوی
سەری ڕشتەی محەببەت بەرمەدە هەم مەیپسێنە تۆ
هەتا وەک داوی جاوی عەنکەبووت لەم ساتە نەپساوی
الە چاوان ئەشک ببارێنە لە خوێجی جەرگی بوریانت
بگریی تۆ بەزاری تا بە مەجبووری نەگریاوی
وەکو پەروانە بەم شەمعی جەمالە خۆت بسووتێنە
هەتا بەم ئاگرەی دووری لە هیجرانا نەسووتاوی
لەفەوتی ئارەزووی ئەم نەفسە پیسە تۆ مەوەستە قەت
لە ئیقلیمی فەنا کەسبی بەقاکە تا نەفەوتاوی
لەڕێگەی مەقسەدا هەردەم شەوو ڕۆژ ڕامەوەستە تۆ
گەزێ ڕێگا نەڕۆیشتووی ئەگەر چی ڕانەوەستاوی
میسالی قەومی مووسا هەر وەکو پرگارە سووڕانت
لە نوقتەی نەسەوە هێشتا لەخاکی تیا داماوی
لە هەستی تێپەڕە مەشقی مەقامی نیستی کەتۆ
نیشانی بێ نیشانی خاوەنی ناوی بەبێ ناوی
بەکوێرەی تۆ تەماشەکە لە غەیری عالەمی زاهیر
عەجایەب عالەمێکی زۆر موهیبت دێتە بەرچاوی
لەباغی مەعنەوی بێ دەست ئەچێنی هەم گوڵ وڕێحان
لە عالەم عالەمێکی تر ئەبینی تۆ بەبێ چاوی
حەواسی کاروان ئاسا بەرە بۆ سوبحی سادیق زوو
لەسوبحی کازبی ڕەت بە لە تاریکی شەوا ماوی
لەدەردی عیشقی جانان دا وەکو ئەیوب سابیر بە
شەرابی موغتەسەل عەینی شیفا ئەیخۆیتەوە ئاوی
ئەگەر مەقبوولی دەرگەی شاهی خوبان نابی ئەمڕۆ تۆ
لە بێ سەبریتە وا لەم دەرگەیە مردوو ودەرکراوی
فەریبی ڕەنگ وگوناگونی دونیا قەت مەخۆ ئیتر
بەبێ ڕەنگی تەماشاکە چەڕەنگت دێتە بەرچاوی
لە ئەسڵا ڕەنگی بێ ڕەنگی، بەدڵ تاووسی سەد ڕەنگی
لەزوشتی هەردوو پای خۆت دەمێکە وا خەجەل ماوی
لەسوورەت تێپەڕە، مەنوارە نەقشێکی هیولایی
غەرەز لابە، هەتا ڕەت بی لە جەوهەر تۆ بە ناکاوی
ئەگەر وەسڵی سلێمانت ئەوێ موورێکی پاڵەنگ بە
مەسیح ئاسا موجەڕڕەد بە عرووجێ کە ئەگەر پیاوی
لە حوسنی نەوبەهارا ڕەنگی گوڵ ئەگرێ ئەگەر خاری
لە باغ و باغەوان و گوڵ عجایب دوور و داماوی
لە بەزمی خاسی مەستانی شەرابی عیشقی ئەم شۆخە
شەوێ دانیشە بەم حاڵە بە بەدحاڵی و بەدناوی
موجاهید بۆ جەمالی یارە خادیمتخلص وەرنە ئەیزانی
لە دونیا تالیبی دوو مەترە خاک و چەند گەزێ جاوی