مامۆستای شاعیرانی موکریان

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 16 دقیقه  2732 مشاهده

وەک ئاگام لێ بێ بەسەرهاتی ئەم شاعیرە مەزنە لەلایەن لاوێکی زانا و ئەدەبدۆست و لێزانەوە بە دوورودرێژی نووسراوە و شێعرەکانی بە وردی شی کراونەتەوە و نەخشی بەرچاوی ئەم گەورە پیاوە لە ئەدەب و سیاسەتی نیوەی یەکەمی چەرخی بیستەمدا، بەتەواوی ڕوون کراوەتەوە. با ئەم نووسراوەش جارێ چاپ نەکرابێ و بڵاو نەبووبێتەوە. من لەخۆم ڕانەدی لەم بارەدا بۆ خاتری دوو شت چ بنووسم. یەک نەمویست ڕەنجی ئەو بەفیڕۆ بدەم، دوو، من لەو بابەتە نووسینەدا شارەزانیم. لەم بڕوایەدام هەر کارێک دەبێ پسپۆڕی خۆی بیکا.

هەتاو هەروا لەبن هەوردا نابێ، کورد هەر وا بەبێ بەشی و چارەڕەشی و لێقەوماوی ناژی. ئەویش هەر وا بە نەناسیاوی نامێنێتەوە ڕۆژێک هەر دێ دیوان و بەسەرهاتی چاپ بکرێ و لەنێو نەتەوەکەیدا باشتر بناسرێ و تەنانەت پەیکەریشی بۆ دروست بکرێ. هەر ئەوەندەم ویست چەند نموونە لە شێعرەکانی بخەمە پێش چاوی خوێنەران.

بەشانازییەوە دەڵێم من بە مێرمنداڵی و لاوەتی زۆر جار ئەم شاعیرە مەزنەم لە نیزیکەوە دیوە. لە قسە خۆش و جوان و بەتامەکانی، لە شێعرە بەرزەکانی لە پەند و ئامۆژگارییە بەنرخ و بەسوود و دڵسۆزییەکانی گەلێکم کەلک وەرگرتووە.

بەش بەحاڵی خۆم و پێم واشە بە هەڵە نەچووم. ئەم شاعیرە بە مامۆستای شاعیرانی نیوەی یەکەمی ئەم چەرخەی کوردستانی ئێران و، بەتایبەتی مەڵبەندی موکریان دەزانم.

شاعیرەکانی پێش ئێمەی موکریان وەک شێخ ئەحمەدی سریلاوا و دوکتۆر شەوقی و خاڵەمین و سەید کامیل، ئەگەر نەشڵێن بیری نەتەوایەتی لەوی فێر بوون دیارە ئوسلووبی لەکارهێنانی وشەی ڕەسەنی کوردی و زمانی شوان و سەپان و جووتیاریان لەوی وەرگرتووە. ئێمەش شاعیرەکانی پاش ئەوان وەک هەژار و عەتری گڵوڵانی و هێمن پەیڕەوی ئەوانمان کردووە و دیارە شاعیرەکانی لاویش وەک سوارە و هاوار و مەحموودی و مەلا غەفوور، ئەم ڕێڕەوەیان بەر نەداوە.

ئەبولحەسەنی سەیفی قازی کوڕی میرزا قاسمی قازی برا چوکەی میرزا فەتتاح و قازی عەلی و مامی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر و سەدری قازی شەهید و باوکی حەمە حوسێن خانی نەبەز و تێکۆشەر بوو. گەورە پیاوێکی زانا و ڕووناکبیر و خوێندەوار و کارامە و بەئەزموونی موکریان بووە. زیاتر خەریکی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵ و مڵکداری بوو. سووفی و دڵتەڕ بوو، شاعیری پیشەی هەمیشەیی نەبوو. کەچی لە ڕێزی شاعیرە هەرە بەرزەکانی کورد دەژمێردرێ، جگە لە زەوقی شاعیری کۆمەڵناس و مێژووزان بوو.

لە شێعری دڵداریدا کە کەمی بەدەستەوە هەن، شاگردی قوتابخانەی شاعیری بێوێنەی، پایەبەرزی، هەڵکەوتەی کورد «نالی» بووە. ئەگەرچی غەزەلە تەڕ و پاڕاوەکانی ناگەنە غەزەلی نالی بەڵام بە ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم شاگردێکی باشی ئەم قوتابخانەیە و، زۆر کەمتر لە شاعیرەکانی دیکەی لاسایی کردنەوەی لە شێعردا هەیە، پێشینیان گوتوویانە: «لە شێر ترسان عەیب نییە» شاگردی باشی نالی بوونیش پایەکی کەم نییە. نالی لەو ئەستێرە پڕشنگدارانەیە کە هەر بە چەند چەرخ جارێک ئاسمانی ئەدەبی گەلێک ڕووناک دەکەنەوە و نموونەیان لەنێو هەموو گەلێکدا هەیە. مەرج نییە هەموو کەس وەک من بیر بکاتەوە. ئەمما منیش بۆم هەیە بڵێم هەرچەند پاش نالی گەلی ئێمە شاعیری زۆر بەرزی هەبوون. بەڵام هێشتا لەنێو کورددا شاعیرێک هەڵنەکەوتووە جێی نالی پڕ بکاتەوە، مەگەر دایکی نیشتمان لەدواڕۆژدا ڕۆڵەیەکی وا شیرین و نازدار و بلیمەتێکی وا گەورە و بێوێنە لە ئامێزی خۆیدا پەروەردە بکا. بەڵام شاگردی باشی نالی بوون هونەرە. سەیفیش بە شاگردێکی گەورەی نالی دەناسم کە قوتابخانەکەی بەهۆی حەریق لە موکریاندا بۆتە باو. سەیف هاودەم و دۆست و شاگردی حەریق بووە.

سەیفی قازی لە شێعری نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەشدا یەکەم شاگردی قوتابخانەی شاعیری نەمر فەیلەسووفی زانا و ڕووناکبیری کورد حاجی قادری کۆیی بووە. لە مەڵبەندی موکریان شاعیرێک ناناسین پێش ئەو شێعری نیشتمانی، ئەویش ئەوەندە حەماسی دانابێ.

سەیفی قازی خۆی قوتابخانەیەکی نوێی لە ئەدەبی کوردیدا کردۆتەوە. بە یەکەم شاعیری کوردستانی دەناسین کە بای داوەتەوە سەر ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی و بە زمانی زەحمەتکێشان و ڕەنجبەرانی لادێ شێعری گوتووە. تێکۆشاوە تەعبیری ناسک و ڕەسەنی کوردانە لە شێعری ساکار و ڕەوان و جوانی خۆیدا بگونجێنێ. وشەی پەتی و ڕەسەنی کوردی لە کاربێنێ و زمانەکەمان بە چەشنێکی وەستایانە و شارەزایانە بژار بکا و، وشەی بێگانە و نامۆی لێ دەرباوێژێ و، بە شایەدی هەموو زمانناسێک لەم کارە بەنرخ و بەکەلکەدا زۆر سەرکەوتووە.

ئەم شاعیرە بەرزە بڕوای وا بوو و، بڕوایەکی ڕاستیش بوو، کە دەبێ وشەی پەتی و ڕەسەن لە دێ و لە نەخوێندەوار فێربین و کێشی شێعر لە فۆلکلۆری کۆن وەرگرین و تەعبیر و ئەزموونی کوردانە بەکاربێنین. بەڵام دەیگوت ئەم وشە بێگانانەی لە کۆنەوە لە کوردیدا جێگای خۆیان گرتووە و نەخوێندەوار تێیان دەگا تازە بوونە کوردی و هەق نییە بیانگۆڕین یا وەدەریان نێین. ئەو دوژمنی بێئامانی وشە داتاشینی ناشیانە بوو و ئەو ناشیانەی لەخۆوە نەزانانە، وشە دادەتاشن بە دوژمنی زمانی کوردی دەناسی. لەم ئاخرانەدا کە هێشتا مابوو و وشە داتاشین ببووە باو. بۆ ئەوەی تووڕەی بکەی بەس بوو کە وشەیەکی داتاشراوی ناڕەسەنی نیشان بدەی و بۆ ئەوەی خەنی بکەی دیسان بەس بوو وشەیەکی ڕەسەنی کوردی بۆ بدۆزیەوە. تەنیا ڕەخنەیەکی لەباری زمانەوە لێی دەگیرێ ئەوەیە کە هەر لە لەهجەی موکریاندا زۆر شارەزا بوو و لەبەر نەبوونی قامووسێکی کوردی کەمتر ئاگای لە وشە جوان و ڕەسەنەکانی شێوەکانی دیکەی کوردی بوو.

قوتابخانەی سەیفی قازی لە کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە موکریاندا شاعیری ئەوتۆی پێگەیاندن کە زۆریان بە مامۆستای گەورە ناسراون و لە مامۆستاکەیان تێ پەڕاندووە. بەڵام هەقی مامۆستایی بەسەریانەوە هەیە، چونکە ئەگەر ئەو ئەم ڕێچکەی نەشکاندبان دیارە هەر لەسەر ڕێبازی وەفایی و ئەدەب و حەیدەری و ئەو جۆرە شاعیرانە دەڕۆیشتن کە لەباری زمانەوە پڕن لە وشە و تەعبیری بێگانە. دیارە کارم بە پلە و پایەی شاعیرانی هاوچەرخی ئەو نەداوە بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە ئەوان بۆ بووژاندنەوەی زمانەکەمان هەوڵێکی ئەوتۆیان نەداوە.

بەڵام سەیفی قازی بەخۆی و شاگردەکانیەوە لە ژیاندنەوە و بووژاندنەوەی زمانی کوردیدا نەخشێکی دیار و بەرچاویان هەیە.

تا ڕادیۆ چەپرەکەکانی کوردی بە وەرگێڕانی ناپوخت و دزێو و وشە داتاشەکانی شارنشین و خۆپەرست، بە داتاشینی وشەی ناشیرین و نالەبار و ناڕەسەن زمانی کوردییان وا شپڕێو و شپڕزە نەکردبوو. قوتابخانەی سەیف خزمەتی بەکەلکی بە زمانی کوردی کرد. ئێستاش لە موکریاندا شاعیر و نووسەری وا هەن ڕێبازی ئەویان هەر بەرنەداوە و پەرەیان پێ داوە.

ئەوەش چەند نموونە لە جۆرەکانی شێعری ئەم شاعیرە کە پێم وایە ناتەواوییان تێدا هەیە. بەڵام لە دووروڵات هەر ئەوەندەم بۆ پەیدا بوو بەهیوای ڕۆژێک کە دیوانی تەواوی چاپ بکرێ.

کوردینە

کوردینە! تا کەی ئێمە لە شاخان میسالی دێو
بێین و بچین و بۆ مە نەبێ قەت خودان و خێو
خەڵکی هەموو لە شار و لە باخانە کەیفخۆش
ئێمە بڵاو و بێ سەرە ماوین لە دەشت و کێو
بۆ وانە هەرچی جوانە، لە جێ، دێ لە ژن، لە ماڵ
هەر شاخ و داخە بۆ مە کوڕی ڕەش، کچی دزێو
بۆ ئاسمان دەڕۆن و لە بەحرا دەکەن سەفەر
هەر هەردە نیشتەگاهی مە، سەنعاتە وەرد و شێو
ڕەشماڵە ماڵ و کەشک و پەنیرە مەتاعی مە
قەسر و سەرایی خەڵکی دێیە پڕ لە زێڕ و زێو
هەر میللەتێک لەلاوە هەقی خۆی بەدەستەوە
کوردێک کە سەر هەڵێنێ دەڵێن بۆتە سەربزێو
بۆ چمانە ماڵ و سەر کە لەسەر سەروەری نەچێ
کوڕ نابی قەت بترسێ لە زیندان و دار و چێو
گوردانی کوردەکان بەخودا ڕۆژی غیرەتە
دەسدەنە خەنجەران و پیاوانە وەرنە نێو
سەرچوونی تەخت ڕۆینی سەرداری پێ دەوێ
خۆشیمە لەو شەهادەتی شێخانە نێو بەنێو
فیکرێ لە حاڵی خۆ کەن و بگرین بەحاڵی خۆ
شاهان بە مەحوی ئێمە دەبەستن گرێ و گرێو
ئەو ژینی بەو زەلالەتە بۆچمانە چاوەکەم!
بمرین لە ڕێی نەجاتی وەتەن با بە نێر و مێو
تا کەی لە باخی خەڵکی بە زیزی و بە ملکەچی
خۆشە لە باخی مڵکی چنینی هەنار و سێو
هەرچی دەبێ بڵا ببێ حەق هەر حەقە «حەسەن»
نینە لە ڕێی وەتەن خەمی دەرکردن و جنێو

ئەمە نموونەی شێعری نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەیەتی وا دیارە شینی بۆ شەهیدانی کوردستانی تورکیا گێڕاوە. جگە لەوەی زۆر پڕ سۆزە، زۆریش هاندەرە. ئاشکرایە وەک پیاوێکی سیاسی و پسپۆڕ لە گرێکوێرەی مەسەلەی کورد گەیشتووە و ئاگای لە فێڵ و دەهۆی دوژمنان بووە، بەو حاڵەوە نەتەوەکەی بۆ خەبات هان داوە. ئامۆژگارییەکانی لە بنەماڵەی نیشتمانپەروەری خۆیدا پتر کاریگەر بووە. وەک دەزانن جگە لە دوو برازا و کوڕێک، چەند خزمی زۆر نیزیکی لە عەشیرەتی بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی لەپێناوی ڕزگاریی کوردستاندا چوونە سەردار و بوونە قۆچی قوربانیی ئازادیی گەلی کورد. ئەمەش نموونە شێعری ئاشقانە و دڵداری سەیفە و دیار نییە کەی گوتراوە، شێعرناس دەزانێ چەن وردەکاری شاعیرانەی تێدا بەکار هاتووە و وشەی چەن ڕەسەن و جوانی کوردی تێدایە و قافیەیەکی هەڵبژاردووە وەک قافیەی شێعرە نیشتمانییەکەی ڕەنگبێ پێش ئەو هیچ شاعیرێکی کورد خۆی لێ نەدابن.

داوەڵی دڵ

دایم دڵم بە ناڵە و زاری و فیغان دەڵێ:
خۆش بەو شەوە کە ڕۆژی ڕوخی دڵبەرم هەڵێ
زولفت وەلادە ڕووت بنوێنە با دەفعەیە
شەو ڕابرێ، ستارە نەمێنێ، قەمەر هەڵێ
تفڵی دڵم گڕووی شەکەری لێوی گرتووە
بەو دوو هەنارە ژیری کەوە بیخە باخەڵێ
بەو زولفی میروەحەت مەکە مەنعم لە شەهدی لێو
تفڵێکە دڵ زەعیف و دەترسێ لە داوەڵێ
ئەو قافیەت بە سانی دڵی موددەعی حەسەن
تەنگە، درەنگە، مەیلی بەجەنگە، هەڵێ، مەڵێ
 

شاکاری هەرە بەناوبانگی سەیفی قازی بەڵکوو یەکێک لە شاکارەکانی شێعری کوردی پارچە شێعری زستانە، بەشی زۆری کوردستان زۆزان و سارد و بەفرگرە، کەچی کەم شاعیری کورد دەناسین وەسفی زستانی کرد بێ. مامۆستا لەم شێعرەدا تابلۆیەکی لە زستان و لە ژیانی لادێ نشین و ئاژەڵدار و زەحمەتکێشانی کورد کێشاوە کە بێگومان بێوێنەیە. جگە لەوە بە زمانێکی سادە و ڕەوان و لادێییانە گوتراوە و فەرهەنگۆکێکە لە وشەی ڕەسەن و پاکی کوردی، پڕە لە ئامۆژگاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری بۆ زەحمەتکێشان و دێنشینانی کورد. وردبوونەوە لەم شێعرە بۆمان ڕوون دەکاتەوە، شاعیر چەن ڕووناکبیر و ئازایخواز و کۆمەڵناس و گەلپەروەر بووە. سەیر ئەوەیە سەیف خۆی لە چینی تەسەل و دەوڵەمەند بوو و لە کشتوکاڵ و مڵکداری و دار چەقاندن و ماڵ بەخێوکردندا ناوبانگی ئێستاش هەیە و شوێنەوارەکانی هەر ماون، کەچی دەبینین شارەزای ژیانی چینە هەرە هەژارەکانی ئەو سەردەمی کوردستان بووە و دڵی بۆیان سووتاوە و شینی دەگەڵ گێڕاون. ئەم شێعرە وەک بۆ خۆی ئیشارەی کردووە لە ساڵی ١٣١٢ی هەتاویدا گوتراوە کە زستانێکی زۆر درێژ و سەخت و قڕانێکی گەورە بووە و زۆر ماڵ لە ماڵ کەوتوون و زۆر دەوڵەمەند بێڵیان لە بنمیچ چەقاندووە. شێعرەکەی وەک نامەیەک بۆ دۆستی خۆشەویستی عەزیز ئاغای عەبباسی کە ئەویش ئەهلی زەوق و حاڵ و سۆفی و دڵتەڕ بووە نووسیوە:

زستان

ئازیز ئارەزووت زۆری بۆ هێنام
فرمێسکم سوور بوو زەردی ڕووی لێنام
دیسان بە ئاوری دووریت کەوتمە گیر
دنیام لێ سارد بوو بوو بە زەمهەریر
تا ناهومێد بووم لە هاتنی زووت
جەرگم بووە پولوو هەناسەم بزووت
هەوا بۆ حاڵم وەک شێتان دەگری
بە تەرزە و بەفر و باران و هەوری
هەردیش لەبۆ من هێندەی قوڕ پێوا
بەهاری دەگەڵ زستان لێ شێوا
گیا و گۆڵی مێرگان بۆم سیس و زەرد بوون
بۆ شینی کەوان کەویان هاودەرد بوون
شینی بەهارە ئاسمان هەر دەگری
هەوریش ناڵە ناڵ ڕووی خۆی دەپچڕی
بزن و مەڕ ڕووتن وەک سوورە ساقە
یەک دانوو دەیکوشت یەک بەلەباقە
لەبەر بێهێزی لە ترسی سەرما
پشتینیان بەستن هەمووی جل کرا
با لە کێو و چۆڵ خۆڵ وەسەر دەکا
گریانی کێوان بەحران پڕ دەکا
داری مێشە و باخ بەفر دایپۆشین
پاک دەڵێی مردوون کفنیان پۆشین
کەوی کوێستانێ لە قاسپە کەوتن
بێهۆش بوون یاخو خەویان لێ کەوتن
جریوە و زریوەی چوڕە و چۆلەکە
نایە و نەیانما هێلانە و هێلکە
لەگلەگ گەل کەوت، نەما تەق تەقی
سێرووش لە سیڕە و فیتە و چەق چەقی
پاک پەشیمانن لەبۆ گەرمێنێ
بۆ دەهاتنەوە عەمرو نەمێنێ
قاز لە شەتاوان قاڕەی لێ بڕا
دوڕنای چۆماوان زوڕنای لێ دڕا
لە درزی ئەرزی هەوێردە دامان
بێهۆش بوونەوە سڕبوون لە سەرمان
وشک بوو دووپشک ئەو خواری ناڕاست
مشک کونی خۆی بە ئاوات دەخواست
بۆق کە دەی قڕاند دەویی کردەوە
کەریش زەڕینی لەبیر بردەوە
مار پاپۆکەی خوارد خۆڵی وەڕووی کرد
ژووشک ئارەزووی کەوڵێکی مووی کرد
لاڵ بم نابینم لە چیا و لە ڕازان
سیڕەی هەڵۆیان چریکەی بازان
لەبن بەردان مان هەر سەر مازەڵە
لە باخ و باخچان قەل و قشقەڵە
پووشی داپۆشی داڵدەی پاک بڕی
کەروێشک ڕیشەی پاک کرد و بڕی
بەفری بێ وادە ڕەشانگی بڕی
ڕەشانگ و سپی پاکیان سەر بڕی
سەر بڕا گاشین پاش مانگا بۆرە
لەباتی گاڕان ڕۆیی گابۆرە
ڕۆژ هەتا شەوێ گەورە و بچووکیان
خێزانی ماڵێ گەورەکچ بووکیان
خەریکن لە باخ فریزوو دەردێنن
وەک شەونەمی گوڵ ئارەق دەڕژێنن
ئارەق لە هەنیان بەڕێز بژمێرە
کێ دی لە ئاسمان بە ڕۆژ ئەستێرە
لە دەوری سەریان دەسرۆکەی هەوری
وەک مانگی چاردە لەنێوان هەوری
کەوتە سەر پیلان دەسرۆکەی نوێژێ
کەژە هەوری گرت لە دەوری ڕۆژێ
دەسماڵی ملیان پشتێنی شلیان
چنار و لاولاو چاوی بەکلیان
زولفیان لەدوویان وەک ڕەشمار دەخشان
ڕەش بوون وەک شەوە بە ڕۆژ دەدرەوشان
بە لەرزە دەچنە فریزوو ڕنین
گریان کاریانە لەجێی پێکەنین
بۆ چنینەوە کەڵەکەی دەکەن
پۆلی کەوانن کە چینەی دەکەن
پاچ و پێمەڕە و بێڵ لەسەر شاندا
وەک فەوجی حازر لەژێر فەرماندا
هێندە لاوازە مەڕ و ماڵاتیان
قوربانی ناکرێ نادرێ زەکاتیان
گا لەبەر لەڕی هەڵناگری نیری
نە مەڕ ماستی ما، نە مانگا شیری
لۆک چەمبەری بوو، ماین مشمشە
گا گوێ ڕەپەی گرت گامێش خشخشە
کەڵ و گامێشیان بوونە چەکچەکی
وشتریان عەینی بێچووی لەگلەکی
نایە فیتووی شوان لەسەر شەوینێ
مێگەلی چێشتاو لە کوێ دەنوێنێ؟
کوان شەنگەبێری لە هۆبە و بانان
شڵقەی مەشکەیان بەری بەیانان؟
قۆڵیان هەڵدەکەن دەڵێی بلوورە
سینگیان دەردەخەن پارچەیەک نوورە
دەرزی بەرۆکیان کە دێن دەرێنن
مانگ لە ئاسمانێ بۆ زەوی دێنن
زولفان لابەلا دەکەن بەلادا
ڕۆژ هەوری لەسەر ڕووی خۆی وەلادا
قەد و باڵایان وێنە نەمامان
کێ دی نەمامان بگرن شەمامان؟
کوێربم نابینم خێل بەرەو خواران
تەقڵە و ڕمبازی و هەو هەوی سواران
کوا «پیرووت ئاغا» سەرخێڵی کوردان؟
لە «قوڵەسەنی»ڕا بچێتە کوێستان
لە کوێیە «تاغی» ئەو چادری جوانی؟
تیپ تیپ میوانی سەر سفرە و خوانی
کوانێ سەید سەمەد ئەو مەردی ڕەشید
بۆ «ماین بڵاغی» بچێ بە تەمهید
دێهات لێکی دەی چادر و هۆبانی
گیر ناکەوێ ڕۆن بۆ چەورەسانی
وەگیر ناکەوێ، ماست بۆ هەوێنی
دۆی هەڵگێڕیەوە یا بیکوڵێنی
پەنیر بووە ئیکسیر شیر ئاوی حەیات
هەر وەک ئەسکەندەر کەوتینە زوڵمات
شەماڵ و زریان دایم شەڕیانە
ئاغاوەت شڕن کرمانج قڕیانە
زستانی ئەمساڵ دیارە پێنج مانگە
کا و گیا و مەڕ، بڕا لە دانگە
تەویلە و هۆڵ و هەیوان هەڵوەشان
پووش و قامیش و ئاڵاش دەرکشان
دران بە گاڕان وەک وێنجەی نوخشان
خرانە بەر مەڕ لە دانگە و حەوشان
کرمانج دەوڵەتی پڕ و پاتاڵ بوو
کۆچی دێ بە دێی بە مانگ و ساڵ بوو
ئەویش لە دەس چوو هێندە کۆچ مەکەن
کای سەر و نوێ کەن جووتی زۆر بکەن
حاسڵی عومر و لە زۆر و کەمی
داتان بە کا و گیا لەنێو عەجەمی
ڕێی کاکێشانی وەک کەهکەشانە
قەتاری وشتر وەک ئەستێرانە
کای زەرد و ڕزیو وەک لیرەی سوورە
وێنجەی ڕەش و شین پێستی سەموورە
قیمەتی کایە وەک کارەبایە
بۆتە قووتی ڕووح وێنجەی سەحرایە
باخان دابنێن داران بنێژن
نەجیب و ئەسڵ و کۆن و لەمێژن
حەیفە میللەتێ شەش هەزار ساڵ بێ
نۆکەری ماڵان ڕووت و ڕەجاڵ بێ
نۆکەری ماڵان عەیبە لە بۆ مە
کۆڵان هەڵگرین بە کۆمە کۆمە
چیدی دوژمنان بە خۆ خۆش مەکەن
بۆ بووزوو و کەپەنک باڵاپۆش مەکەن
تاکەی لە دەرکان کز و داماو بین
بێ مەزن و گەورە و سەر بێ کڵاو بین
هەر کەس ئارەزووی ماڵانی هەبێ
وەجاغی کوێر بێ منداڵی نەبێ
ئەو بەدبەختییەی لە کورد ڕووی دابوو
لەبەر نەخوێندن کۆزیان ساوا بوو
واجبە خوێندن بۆ دنیا و دینی
پێغەمبەر فەرمووی بۆچوونە چینی
بە کوتە و شانامان میللەت دەمێنن
بە میر و مەزنان شان دەشەکێنن
دەردی دڵ دەکەم کورت و کرمانجی
حەسەن کرمانجی چت لە دیلمانجی؟
***
خوسرەو جوانەگا بۆری مردار بوو
خواردنی فریزوو و گەڵای بندار بوو
دەگەڵ خونچە گیان شینیان دەگێڕا
ساڵح و قادریان دەسەر دەگێڕا
کەرە بۆزیشیان لەسەر وەستایە
کوڵی گریانیان لە ئەوکی دایە
تازە ماڵانی تۆ داخوا چۆنن
ئەوانیش خەریک فریزوو و کا کۆنن
دڵت تەنگ نەبێ تفاقت هەبێ
ئەوی تۆی نەبێ یاخوا هەر نەبێ
عومەر و عوسمان بووبەکری نازدار
بە ناز گەورە بن ها نامە چوار یار
جێژنی قوربانە خۆم قوربان دەکەم
خۆم بەقوربانی عەزیز گیان دەکەم
تاریخ هەزار و سێسەد و دوازدە
بیستی فەروەردین داد و بێدادە