حاجی قادری شۆڕشگێڕ

از کتاب:
هەواری خاڵی
اثر:
هیمن (1921-1986)
 17 دقیقه  2590 مشاهده

ژیان ناپسێتەوە، تەبیعەت ئەستێور نابێ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ و چەرخ بەدووی یەکدا ڕێچکە دەبەستن. زۆر ئەحمەد، چاو دەکەنەوە، دەگەنێ، ژن دێنن و دەبنە باوک. زۆر فاتێ بەخۆدا دێن، بە بووک دەچن و زگ دەکەن. زۆر قادر لەدایک دەبن، پەڕەوازە دەبن، پیر دەبن و دەمرن. بەڵام کەم قادر بە حاجی قادری کۆیی دەبن، بوونە حاجی قادری کۆیی هەر وا سووک و هاسان نییە. بەخۆ هەڵمساندن، با فیشکردن و لە خۆباییبوون پێک نایە، بە چەند دێڕ نووسین، چەند قسەکردن و چەند شێعر گوتن تەواو نابێ. فیداکاری، گیانبازی و لەخۆبووردنی دەوێ. دەس لەخۆ بەردان دەگەڵ سوێری و تاڵی ڕاهاتن دەگەڵ سەختی و بەرەنگاربوونی دەوێ. پێویستی بە چاوی نەترس و کۆڵنەدان و نەبەزین هەیە.

حاجی قادر مەلایەکی زانا و شاعیرێکی ناسک خەیاڵ بووە. ئەگەر نیشتمانپەروەرێکی وا دڵسۆز و ڕاست و تێکۆشەرێکی وا گەرموگوڕ و ئازادیخوازێکی وا کۆڵنەدەر و نەبەزیش نەبوویایە و لە گۆشەی مزگەوتێک یا کونجی خانەقایەک دەرسی گوتباوە و نوێژ و تاعەتی خۆی کردبایە و چەند غەزەلێکی کوردی لەپاش بەجێمایە. دیسان ڕەنگ بوو لەنێو نەتەوەکەی خۆی ناوبانگی بکردبایە. - بۆ ئی وامان کەمن - بەڵام خۆشەویستیی حاجی هەر لەبەر زانایی و شاعیری نییە. حاجی کوردێکی پاک، تێکۆشەرێکی چاک، ڕەخنەگرێکی ئازا و بێباک بووە. نەترساوە، نەبەزیوە، ناهومێد نەبووە، ماندوویی نەزانیوە، هەلپەرست نەبووە، ئیمانی تەواوی بەم شێعرە بەرزەی خۆی بووە کە دەڵێ:

مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە
ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە

حاجی لە قووڵاییی دڵەوە نەتەوەکەی خۆشویستووە و نیشتمانەکەی پەرستووە. شارەزای مێژوو و جوغرافیای وڵاتەکەی بووە و بەتەواوی هەستی بە بێبەشی و چارەڕەشی نەتەوەی زۆرلێکراوی کورد کردووە. دەسەوەستان و تەوەزەل و ترسەنۆک نەبووە، گەڕیدە و کارامە و ئازا بووە و هێز و توانای خۆی بۆ ئازادیی نەتەوەکەی تەرخان کردووە.

حاجی لەنێو خەڵکدا ژیاوە، کۆمەڵی خۆی باش ناسیوە، کەموکوڕییەکانی بە چاوی خۆی دیوە، لە دەرد و ئازارەکانی گەیشتووە و نەک هەر دەرمانی بۆ دۆزیوەتەوە بەڵکوو زانایانە و ئازایانە باسکی لە تیمار کردن و چار کردنی هەڵکردووە.

حاجی لەو ڕێگا پڕ خەتەرەدا، بەرەو ئەو ئامانجە بەرزە ڕۆیشتووە. هەموو ڕەنج و کوێرەوەری و تاڵ و سوێری و گیروگرفتێکی بە گیان و دڵ قبووڵ کردووە. نە وەستاوە و نە وچانی داوە و نە ترساوە و نە سارد بۆتەوە. گاڵتەی بە مەرگ کردووە و لە داوەڵێک نەپرینگاوەتەوە و لەبەر هیچ ڕووداوێک چۆکی دانەداوە.

حاجی بەگزادە و شێخزادە نەبووە، بە شیر و شەکر پەروەردە نەکراوە، لەسەر دۆشەگی پەڕی قوو پێ نەگەیشتووە، بە هەژاری و نەداری و بە هەتیوی و هەناسەساردی گەورە بووە. بە پێخاوسی و لینگڕووتی وەدووی خوێندن و فێربوون و خۆ پێگەیاندن کەوتووە و دەڵێ:

بە بیرت دێ زەمانێک چووینە باڵەک
بە پێخاوسی نە کەوشم بوو نە کاڵەک

حاجی ئینسانێکی واقیعی، ڕابەرێکی زانا و مەزن و ڕووناکبیرێکی شۆڕشگێڕ و بە جەرگ بووە، ئەو ویستوویەتی شۆڕشێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی لە کوردستان بەرپا بکا. نەتەوەکەی لە ژێردەستی و کۆیلەتی، لە هەژاری و نەداری، لە نەزانی و نەخوێندەواری نەجات بدا. ئەو ویستوویەتی بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئامانجەی خۆی لە هێز و توانای هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵ کەڵک وەربگرێ.

حاجی بڕوای تەواوی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان هەبووە و کاتێکی دیویەتی کورد لەو مافە ڕەوایە بێ بەشە هاواری لێ بڵیند بووە:

هەر کوردە لە بەینی کوللی میللەت
بێ بەهرە لە خوێندن و کیتابەت

یا:

میللەتی بێ کتێب و بێ نووسین
غەیری کوردان نییە لە ڕووی زەمین

هۆی ئەم بێبەشییەی زانیوە و ڕێگای نیشان داوە. چونکە تێگەییوە کە بەشی هەرە زۆری لێقەومانی گەلی کورد نەبوونی یەکەتییە. وای گوتووە:

تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد
هەر وا دەبنە خرابە ئاباد
ئەنواعی میللەل لە گەورە تا چووک
خەمڵیوە مەمالیکی وەکوو بووک
هەر کوردن ئەگەرچی پاکی مەردن
پاماڵی زەمانە مەحوی کردن

حاجی ویستوویەتی پێ بەپێی شۆڕشی سیاسی و جوولانەوەی ڕزگاریخوازی، شۆڕشی کۆمەڵایەتیش دەس پێ بکرێ. کۆت و زنجیرەکان بپسێنن، ڕێوشوێنە کۆن و ڕزیوەکان لەنێو بچن. لە زەمانێکدا کە ژن یانی نیوێکی کۆمەڵی کوردەواری وەک پیواز لەبن حەوت توێکڵدا شاردراوەتەوە، لە سەردەمێکدا کە ژن وەکوو کۆیلە و ئێخسیر چاو لێکراوە. لە حاڵێکدا کە ئەندەروونی شێخ و ئاغا و بەگەکان بە تەقلیدی «بابی عالی» پڕ بووە لە ناسک و نازداری زێڕ خرید حاجی ڕووناکبیر چ بڵێ باشە؟:

بۆچی فەرموویەتی نەبی ئەمین
اطلب العلم ولو بالصينعربی
نێر و مێ لەم حەدیسە فەرقی چییە؟
گەر مەلا نەهی فەرموو دینی نییە

حاجی بێباک و ئازا، حاجی گەلپەرست و نیشتمانپەروەر، حاجی تێکۆشەر و لەخۆبوردوو هەر بەوەندە ڕانەوەستاوە. بە توندی و تووڕەیی، بەبێ پەروا و سڵکردن، ئازایانە و بێباکانە بە ڕاشکاوی لە چەرخی نۆزدەدا و پلاری وای لە شێخ و خەلیفەی درۆزن و دەسبڕ و سۆفی و دەروێشی بێکارە و خوێڕی و ڕەمماڵ و مارگری تەوەزەل و مفتەخۆر گرتوون، کە ڕەنگبێ دووپاتە کردنەوەیان لە بەشی سێهەمی قەڕنی بیستەمدا بۆ ڕووناکبیرێکی کورد لە زۆر شوێنی کوردستاندا بەگران تەواو بێ وەک:

خانەقا و شێخ و تەکیەکان یەکسەر
پێم بڵێن نەفعیان چییە ئاخر؟
غەیری تەعلیمی تەمبەڵی کردن
جەمعی ئەملاک و خەزنە کۆکردن

یا:

وشکە سۆفی بڵێ بە شێخی تەرەس
با بە سەرما نەیە میسالی هەرەس
کەر نەبێ کام مونەوەری خەڵەتان
بەن گرێ دان و تا بڕین و نەفەس؟

ئەم شاعیرە ڕاستگۆیە بە ڕوونی لە فەلسەفەی ژیان دواوە و تەوژمی مادییاتی لەسەر بیروبڕوای ئینسان بەڕاست زانیوە و ئەم پەندەی پێشینیانی باش وەرگرتووە: «زگی برسی لە خواش ناترسێ» و وەستایانە بە تەعبیرێکی دیکە خستوویەتە ناو شێعری خۆیەوە:

سۆفی وەک خەستە بوو لە زیکری هەناو
سەد نوێژی دەدا بە کاسەیە ئاو
شیعە وەک تەشنە بوو لە سینە زەدەن
بە دە قەترەی دەدا حوسێن و حەسەن

یا:

خواردن و سەتری عەورەت و سوکنا
باعیسی ژینە بۆ گەدا و پاشا
حاڵەتی وایە چی لەسەر خاکە
غەیری عیسا دەڵێن لە ئەفلاکە

حاجی وێڕای نیشاندانی ڕێگای شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕێگای شۆڕشی ئابووریشی وەک پسپۆڕێکی شارەزا زۆر ژیرانە بە نەتەوە پاشکەوتووەکەی نیشان داوە ڕەنگە ئەم فیکرەی لەم شێعرەی خوارەوەدا هەیە لە قەڕنی نۆزدەدا بە بیری کەم زانای ڕۆژهەڵاتدا هاتبێ:

لە بەینی میللەتی خۆتان بە یاری
بکەن تەقسیمی شاخ و داروباری

یا:

ئەمەش تەنیا نییە سووچ و خەتاتان
لە کەسبیش خافڵن میسلی مەلاتان

یا:

لە بەغدا بۆچی خورما بێت و لیموون
لەبۆ دەرمان لە ماڵ بێ ڕۆنی زەیتوون
لە ئێوە کامتان بوو؟ یەک دوو جارێک
بکاتە کیسەیەک یاخۆ خەرارێک
دوو پێی لێدا لە کۆلا میسلی دۆشاو
وەکوو ڕۆن ڕۆنی زەیتوون بێتە سەر ئاو
وەیا پێی نێژراوە چەند نەمامێک
لە نارنج و تورنج و چەند مەقامێک
بزانن شین دەبێ؟ نابێ؟ بەبەر دێ؟
لە جێگای سارد و گەرمی چی بەسەر دێ؟
***
بەراو و دێمی ئێوە کیمیایە
دوڕ و گەوهەر، گەز و مازووی چیایە؟
مەعادین خاتری تۆ بێ لەگەڵ کان
گەنمتان زێڕە، حەتتا زیوە، زیوان
ڕەژووی پاپۆڕ و خوێ و نەوت و گۆگرد
لە کێوی ئێوەدا کۆیە وەکوو گرد

حاجی بڕوایەکی تەواوی بە شۆڕشی فەرهەنگی هەبووە و دەردی نەزانی و نەخوێندەواری بە دەردێکی کوشندە زانیوە. تەنانەت خوێندنی کۆنیشی بەدڵ نەبووە و ڕەخنەی لێ گرتووە:

عولەمامان بەقەولی بێ سەر و پا
پاکی خنکا لە بەحری وشکی هەوا
سەنعەتێ فێر نەبوون لەپاش تەحسیل
سەیری چۆن بۆ موناهی بوونە دەلیل

یا:

ئەی خەریکی ڕمووز و ڕاز و نیاز
ئاوروپا فەننی گەیوەتە ئیعجاز
قوللەی ئیڤیلی لە ئەفلاکە
عەکسی ئەو گەردیشی لەژێر خاکە

حاجی زۆر بە درێژی و ڕوونی باسی زانستی تازە و سەنعەتی نوێ دەکا و بۆ نموونەی زاڵبوونی نوێ بەسەر کۆندا دەڵێ:

بە قسەی موخبیر و موئەرخی کۆن
میللەتی چینە چوارسەد میلیۆن
سەربەسەر میللەتی هەموو ژاپۆن
زۆر بە زەحمەت دەگاتە چل میلیۆن
ئەهلی ژاپۆن لە سایەی سەنعەتی چاک
سەیری چۆن چینی گرت و کردیە خاک

لەم شێعرانەوە دەردەکەوێ حاجی هەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبە پەڕ زەردەکان نەبووە و زۆر خەریکی پێگەیاندنی خۆی بووە و لە ئەستەمبووڵ ڕۆژنامە و گۆوار و چاپەمەنی ئەو سەردەمی باش خوێندۆتەوە و ئاگای لە وەزعی جیهان و دەنگوباسی هەندەران بووە. ئەمەش نیسبەت بە مەلای قەڕنی نۆزدەی کوردەوە شتێکی سەیرە. بەداخەوە ئێستاش لە کوردستان مەلای وا ماون کە تەماشاکردنی گۆواری وێنەدار بە تاوان دەزانن و شێخی زاهیرسازی وا ماون کە ڕادیۆیان نەچۆتە ماڵ. هەر لەو ساڵانەی دواییدا دیتمان مەلای وای کورد هەیە کە چوونە سەر مانگی «ئاپۆلۆ»ی بە درۆ دەزانی.

حاجی ئەوەندەی میللەتەکەی خۆش دەوێ وەک باوکێک لە ڕۆڵەی شیرین تووڕە دەبێ و قسەی سووک لە پارسەنگی ئەو کەسانە دەنێ کە منداڵی خۆیان نانێرنە مەکتەب و باسی بێگانەکان دەکا کە منداڵی خۆیان لەبەر خوێندن دەنێن تا لە ئەنجامدا ببنە گەورەی کوردان:

ئێستەکە ئامیرانی کوردستان
هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان
ئەو هەتیوانی مەکتەبن یەکسەر
کوردەکان بار دەکەن وەکوو ماکەر

حاجی تەوس و پلار دەگرێتە ئەو زانایانەی کە کوردن و بە زمانی کوردی نانووسن و ئەم میسالە بەجێ و جوان و کەمێک توند و تیژەیان بۆ دەهێنێتەوە:

وەک مریشکێ کە ئەقڵی نەیهێنێ
بێتوو جووجکەی مراوی هەڵبێنێ
وەک بگاتە کەناری جۆگەلەیەک
نایەتە شوێنی بمری جووجەڵەیەک
جێی ئەمی وشکە، جێی ئەوی ئاوە
تێدەگا، قوون دڕانی پێ ماوە

حاجی ئەو شایەر و بەیتبێژانەی کە شێعر و بەیتی کوردییان داناوە زۆر خۆشویستوون و ڕێزی لێ ناون و پێی هەڵگوتوون:

دوو عەلین شاعیرن وەکوو حەسان
بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان

ئەو هێرشی بردۆتە سەر ئەو خوێندەوارە کۆنەپەرستانەی نەخوێندەوارە هونەرمەندەکانیان لەپێش چاو سووکە:

ئێستە مەعلوومە بۆ هەموو میللەت
ئەی مەلای دەرس و موفتی ئوممەت
ئێمە بێغیرەتین و بێعارین
ئەوی نەیخوێندووە لەمە عارین

بەمەڕا دیارە حاجی چەند نرخی بۆ ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی داناوە. حاجی ناوی زۆر شاعیر و خۆشخوانی کوردی بە نەمری لە دیوانەکەیدا هێشتوونە، کە داخی گرانم بەشی زۆریان شوێنەوارەکانیان فەوتاون و ناویشیان لە بیر چوونەوە.

حاجی قادری هونەری زانیوە و لەنێوان بەرهەمی هونەرمەند و ژیانی تایبەتی ئەودا فەرقی داناوە و دەڵێ:

مەلکەقۆڕ و حیماری با بەدناویش بن
شێعریان جوانە بەس نییە کوردن
گەرچی بەدناون و گەلێ وردن

حاجی نەمر لە نامەیەکدا کە بۆ دۆستە خۆشەویستەکەی، «جەلیزادە»ی نووسیوە باسی میکرۆب دەکا. ئەوە لە زەمانێک دایە کە دەرمانی دەردی منداڵە نەخۆشەکانی کورد بەڵغەم و تفی شێخ و تۆز و خۆڵ و داروبەردی سەر چاک و کوتەشاڵی سەید بووە.

حاجی قادر لە قووڵاییی دڵیەوە ئیمانی بە دێموکراسی هەبووە. باسی دێموکراسی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەکا و دیارە ئەوپەڕی ئاواتی ئەمە بووە ڕۆژێک ڕێژیمێکی ئەوتۆ لە وڵاتە پاشکەوتووەکەی ئەو، دابمەزرێ:

لە تەگبیری ئومووری مڵکی خۆیان
شەریکن پینەدۆز و شوان و گاوان
لە جۆشین و خرۆشین پوورە هەنگن
بە من چی کافرن یاخۆ فەڕەنگن

وا دیارە حاجی لەبارەی سۆسیالیزمدا شتی زانیوە. ئەوە بۆ من گەلێک جێی ڕامان و بیرکردنەوەیە. ئایا نووسینەکانی «مارکس» و «ئینگلس» و هاوبیرەکانی ئەوان لەو سەردەمەدا بە زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی کە حاجی لەو سێیانەدا شارەزا بووە تەرجەمە کراون؟ یا حاجی بە پیری فێری زمانی دیکەش بووە. هیچ کام لەم دوو شکانە دوور نین. چونکە ئەستەمبووڵ لەو کاتەدا ناوەندی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات بووە. ئەم شێعرانەی خوارەوە تەماشا کەن تا ئێوەش وەک من بکەونە دوودڵییەوە:

وەکوو بیستوومە بۆ دەفعی مەسائب
وەهای تەگبیر کرد ئەو فکری سائیب
هەموو گەورەی ویلایەت ببنە ئەحباب
وەکوو شەخسێکی واحید بن لەهەر باب
هەموویان ببنە یەک تەعلیم و نووسین
وەیەک بەرگ و زمان و ڕەسم و ئایین

ئایا ئەم کەسانەی حاجی بە شاعیرێکی ناسیونالیستی توند دەناسن هیچ بۆنی سۆسیالیستی لەو شێعرانە، ناکەن؟ گوتم حاجی قادر زۆر وریا و بیرتیژ و دووربین بووە دووری بیرکردۆتەوە و باش لە مەسائیل گەییوە. فکری زۆر لەپێش خەڵکی ساکاردا بووە. ئێستا بۆ سەلماندنی قسەکەم دەبێ گەلێک بگەڕێمەوە دواوە و لاپەڕێک لە مێژووی خوێناوی نەتەوەکەمان هەڵبدەمەوە.

وەک دەزانین لە ساڵەکانی ١٩١٨-١٩١٤دا ناتەبایی نێوان ئیمپریالیستەکان شەڕێکی جیهانیی گەورە و ماڵ وێرانکەری هەڵگیرساند. پڕیشکی ئاگری بێئامانی شەڕ کەوتە کوردستانی خۆشەویستیش و وڵاتەکەمان بوو بە مەیدانی شەڕی نێوان تەزاریزمی ڕووسیا و داگیرکەری عوسمانی لەلایەکەوە و ئیمپریالیزمی فێڵاوی ئینگلیس و عوسمانی لەلایەکی ترەوە.

عوسمانییەکان کە دۆست و هاوپەیمانی ئیمپریالیزمی ئاڵمان بوون، بە ئاشکرایی بۆ قازانجی ئەوان بەشەڕ دەهاتن. ئەو شەڕەیان ناو نابوو «خەزا» و بە بیانووی دینەوە شێخ و مەلا و مەزنەکانی کوردستانیان فریو دا و کردە نۆکەری بێ جیرە و مواجیبی خۆیان. لەو شەڕەدا وڵاتەکەمان سووتا و خاپوور کرا. نەتەوەکەمان قڕ بوو و لەبرسان مرد و گەورەترین زیانی مێژووییمان پێگەیشت.

تەنیا لە موکریان چەند کەس بە ڕابەری سەرداری موکری و شێخ بابا نەچوونە ژێر باری پڕوپاگەندا و درۆ و دەلەسەی عوسمانی، سەرداری موکری «حەمە حوسێن خان» کە نیسبەت بە زەمانی خۆی پیاوێکی ئاگا و سیاسی و خوێندەوار بووە. لە مەسەلەکە گەیشتووە و زانیویەتی «شەڕ لەسەر لێفەی مەلایە» نەک لەسەر دینی ئیسلام و ویستوویەتی ئەوەندەی بۆی دەکرێ نەتەوەکەی بێلایەن بهێڵێتەوە. بەڵام ئاڵاهەڵگرانی ئیسلام و خەزاکەرەکانی عوسمانی، ئەو و شێخ بابا و حەمەخانی بانی و سەیفەددین خانی سەقزیان بەو تاوانە ئیعدام کرد.

جا بزانین حاجی نەمر، حاجی زانا و پێشکەوتوو کە لەو سەردەمەدا ئێسک و پرووسکیشی ڕزیون چەند لەوەی پێشدا لە فێڵ و تەڵەکە و خراپەی خەلیفەکانی عوسمانی گەیشتووە کە دەڵێ:

ئەمە کەر میزە دەڵێن واریسی شەرعی نەبەوین
هەموو عەبدی سەنەمن باسی مەکە گەورەکەیان

یا:

تا لەژێر بەندی ڕۆمیان نەگرن
زەحمەتە قەدری بەیتی من بگرن

یا:

ڕوومی وەکوو گرێی موون کەس پشتیان پێ نەبەستی
کەوتوونە داوی خۆیان پەژموردە مان و حەیران

گەورە گەورەکانی ئەو سەردەمی کورد قەدری بەیتی حاجییان نەزانی و دیمان چۆن لەژێر باری ڕوومییان مردن. دیارە مەبەست لە گەورە گەورەکان، شێخ و مەلا و خان و ئاغا و بەگ و پاشاکانی کوردە. چونکە نابێ لەبیرمان بچێ کە لەو سەردەمیدا کۆمەڵانی خەڵک چ ڕۆڵیان نەبووە.

حاجی ئەو هەموو بێئاگایی و کەمتەرخەمییەی دیوە. لە نەزانی و نەخوێندەواری و دواکەوتەیی نەتەوەکەی گەییوە، کەچی ناهومێد نەبووە و بەهیوا بووە ڕۆژێک لە شێعرەکانی بگەن، خەبات بکەن و ڕزگار ببن و قەدری ئەو بزانن. خەمی ئەوەی بووە کە ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆی نابینێ:

حەسرەتم هەر ئەوە لە دنیادا
حاجی دەمرێ بە دەورەتان ناگا

ئەو چاوەنۆڕی هیچ پاداشتێکی مادی نەبووە و بەڕاستی لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجی پیرۆز و ئاواتی بەرزی خۆیدا وازی لە هەموو خۆشیێکی جیهان هێناوە و لەو بارەدا دەڵێ:

من لە دڵسۆزی ئەم قسانە دەکەم
وەر نە، پەشمە لە لام، هەموو عالەم

حاجی زانیویەتی نەتەوەی کورد، با پاشکەوتووش بێ، با لە کاروانی شارستانیش بەجێ مابێ، تەوژمی مێژوو پاڵی هەر پێوە دەنێ و بەرەو پێشی دەبا. جا ئەو دەمی خەڵک لە قسەی حاجی دەگا:

ئەم قسەی ئێستە عەیبی لێ دەگرن
ئەو دەمەش دێ زەمانێ بۆی دەمرن
ئەم بە ئەو ئەو بە ئەم دەڵێ کاکە
سەیری قانوونی حاجی چەن چاکە
هەر چلۆنێ ئیشارەتی فەرموو
وەک کەرامەت هەمووی وەها دەرچوو

بەڕاستی حاجی لەو زەمانیدا قانوونێکی نوێی هێناوەتە کایەوە و خۆشی نرخی کاری خۆی زانیوە و تێگەیشتووە شێعرەکانی لە کوردستاندا شۆڕش بەرپا دەکەن:

حاجییە و شێعرەکانی وەک کاوە
ڕۆژێ دێتن دڕەفشی هەڵداوە

دیسان لە جێگایەکی دیکە بە بەیانێکی شاعیرانە و جوان دەڵێ:

ئیتفاقی دڵبەرێکی بێ کەدەر
حاجی ئەنواعی لیباسی کردە بەر
بێ جیاز و مارەیی دەیدا بە شوو
لەو هەموو کوردانە داخوازی نەبوو
عاقیبەت دەیخوازن و ئەمما دەمی
پیر بووە نازێ، کەل و کۆمە دەمی

حاجی عیشقی گەل و نیشتمانی لێ بۆتە سەودا و بەهیچ جۆرێ خۆی بۆ زەوت نەکراوە و نەیتوانیوە بێدەنگ دانیشی و قسەی چاکی هەر بۆ کردوون و تا مردن وازی نەهێناوە:

بەسە حاجی دووسەد هەزار دەفعە
پێم گوتی: ئەم قسانە بێنەفعە
چاکە هەر چۆنی تۆ دەڵێی وایە
تێبگە ئەم قسانە خۆڕایە
قوڕی کام جێ بکەم بەسەر خۆمدا
ئەوە لێم بۆتە عیللەتی سەودا
بە قسەی چاکە دەستیان دەگرم
تەرخی ناکەم بە لۆمە تا دەمرم

حاجی زۆر باشی زانیوە کە چوارچێوەی نەزم بۆ دەربڕینی بیروڕای سیاسی و تئوری فەلسەفی تەنگەبەرە. یەکەم شێعر لەبەر دەکرێ و دەپارێزرێ و کەمتر لەنێو دەچێ. دووەم حاجی ویستوویەتی زووتر کورد پێ بگەیەنێ. جارێ هەر ئەم وەسیلە بووە. زۆر ئاشکرایە لەو سەردەمیدا ئیمکانی ئەوە نەبووە هیچ کتێبێکی فەلسەفی و سیاسی بە کوردی بڵاو بکرێتەوە و لەچاپ بدرێ و خەڵک بیخوێننەوە. بۆیە حاجیش لە ئاخری تەمەنیدا بڕیاری داوە هەر بە کوردی بنووسێ ئەگەر چەند دێڕە شێعری فارسی هەیە ئی هەڕەتی لاوەتی و فەقییایەتی ئەون. بەچی دیارە ئەم ئینسانە خاوەن بیرە، بیروڕای فەلسەفی و سیاسی خۆی نەنووسیبێ. بەڵام پاش حاجی چ میراتێکی ئەومان پێ گەیشتووە و دەس کەوتووە؟

حاجی وەک بە هەتیوی و هەناسەساردی گەورە بوو و پێ گەیشت، هەر وا بە هەژاری و نەداری و بێکەسی لە وڵاتی غەریبایەتی سەری نایەوە و تەنانەت نازانین لە کوێ نێژراوە و گۆڕەکەی پێ نازانین. بەڵام تێکۆشەران و ڕووناکبیرانی ئێستای کورد بە مامۆستای شێعری شۆڕشگێڕانەی دەزانن.