بووکی گۆڕستانی کۆن

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 9 دقیقه  1611 مشاهده

کەژاڵ کیژێکی خوێندەوار و سەروقژ کاڵ و دیمەن ڕێک و شەرمن و هێواش دوێیە. کۆشکی بەختەوەری خۆی بە چرای خۆشەویستی شۆڕش ڕازاوە دێتە بەرچاو. بۆ سەرکەوتن و چوونە سەر ترۆپکی پێکبڕان ماوە لە سێ مانگ زیاتر نەماوە. ئەگەر دەستی ئەنقەست و زمانی شەیتان و شۆفاران لێ بگەڕێ ئەو بەشی خەو وخەونێکی خۆشە. کەژاڵ لە زمانی سرتەی دەروون و چرپەی خەیاڵی تاڵی خۆی لەگەڵ خۆی ئەدوێ و زۆر بە سەرسامییەوە ڕوو بە خۆی لە دەردی دەروون و تاریکی هیوای دەکۆڵێتەوە و دەڵێ: تێناگەم یانی چی؟ دەبێ چم بێ، چیم بەسەر دێ، چیم بۆ گوترابێ؟ چ زار و زمانێکم بۆ کرابێتەوە؟ خورپە، هەناوەکوتە، ڕاچڵەکین، ترسان، بێهیوایی، دوودڵی، گومان، قوڕوقەپی، یانی چی؟ ئەویش بۆ من! یاخوا خێر بێت. ماوەیەک خەم و پەژارە لە ژار و ژەنگی ناوم و بێ ناوی هرووژمی کردوومە سەرێ و بێ سەرەدەری هەموو دەرگای لێ پێوەداوم. بەڕاستی هێزێکی دزێو و نەبینراو هێزی خستوومە سەر و سەری لێ شێواندووم، بێخەبەری شەوان و فرمێسکی ڕژاو ئێسقانی باریک و باڵای لاواز کردووم. تەمێکی ڕەش تاوڵی لەسەر هەڵداوم و خەیاڵی تاڵیش فاڵی خەراپم بۆ ئەگرێتەوە، نووشتە و دوعاش چاری گەیاندوومە پشتی شێران و سەرووی ئەستێران.

زۆر دەترسم ئەو ترس و ڕاچڵەکینە پێشقەڕاوڵی ڕووداوێکی ڕۆشن بێت. ئەترسم زەماوەندی خۆم و شۆڕش نەبینم. بە دەستی پیسی خوانەناسان تەڵەیەکم بۆ نرابێتەوە و سەرەڕێگای هیوام تەنرابێت. خوای گەورە هەرچەند ئەکەم و ئەکۆشم نە دەستم لە قەدی خەمم ئەکاتەوە و نە گرێکوێرەی گڕووی هەناوم بۆ دەکرێتەوە، دەترسم سەرەتای شێتی و فێداری دەمی بۆنی کردبێتەوە و دەستی مڵۆزمانم لێ وەشابێت و بە چەشنی «هێرۆ»ی با بەجێ خەیاڵ خۆم بکەمە قوربانی ڕووبار. باش تێ ئەگەم کە من کەژاڵی جاران نیم، بە ئاوێنە وێنەی خۆم ناناسمەوە، ڕەق و تەق و لاواز و بابردەڵە بووم، هەموو شتێکم لەبیر کردووە، تەنانەت قاقا و بزۆزی کچانەشم لە دەس داوە، بزە و نەشە و گەشەشم بە هەناسە و هەنیسک گۆڕیوەتەوە و نازانم بەرەو کامە حەکیم و کام نوشتە نووس و تێهەڵڕوانان وەڕێ کەوم، نەخۆشی نەبینراو و نەناسراوی کچانەم نیشان بدەم و ئاگری گڕ و دووکەڵی هەناوی داپلۆخاوم بە کامە دەرمان و چاە وەکوژێنم.

بەڕاستی سەرلێشێواوی بنەوانێکی قووڵ و بێ سەروبنە، قارەمانی دەوێ کە تێیدا نوقم نەبێ و سەر و پێی خۆی لێ گوم نەبێ. درۆ ناکەم. ڕۆژێک بە تاریفی پوورزا ناسکێوە زۆر پەنامەکی پەنام بۆ نووشتە نووسێک برد. نووشتەنووس سەیدێکی بەرگ و سیپاڵ جوان و دیمەن ڕێک و عەباشۆڕ و شاڵبەسەر بوو. سڵاوم کرد و بە شەرمی کچانەوە بە هەزار دڵەکوتە و زمانی بۆڵەوە ویستی خۆم یانی نەخۆشی گیان و سام و ترسی شەوانەم ڕاگەیاند.

نووشتەنووس چاوێکی زەقی لێ کردم و بڕێک لێوی جووڵاندەوە و کتێبت پان کردەوە و دەستی لەسەر دڵم دانا و هەناسەیەکی سڕی هەڵکێشا و گوتی ڕووبەڕووم دانیشە. ڕووبەڕووی چاوی زەقی پڕ لە خەیانەت و شاڵاوی ئەو نووشتەنووسە دانیشتم. هەموو گیانم بە ئارەقەی شەرمی کچانەوە شەڵاڵ بوو. واقم وڕما و دەمم بوو بە تەڵەی تەقیو. پاشی ماوەیەک گوتی: کیژی جوان ئەتۆ ناحەزان نووشتوویان لێ کردووی و لە قاپی پۆڵایان قایم کردووی و نەحلەتیان لە تۆ هارووژاندووە و دەستیان لێ وەشاندووی. چاک بوو هاتی ئەگەر فریای من نەکەوتبایەی پاش چل ڕۆژی تر فێ و لەخۆچوون سەرودڵی دەگرتی، ئەوجار چارەت بە لوقمان و نووشتەنووسان نەدەکرا. کیژم دووعای «ئەبوودوجانە»ت بە دڵ و گیان بۆ دەنووسم، گیانی نەحلەتیانی پێ دەسووتێنم و جادوویان پێ بەتاڵ دەکەمەوە. ئەبێ نووشتەی ئەبوودووجانە بەیانی لە پێش گزینگی هەتاو بنووسرێت. لەگەڵ گەڵای زەعفەران و سمێڵی ماسی سپی و نانۆخی شەمشەمەکوێرە توێکڵی هێلکەی مریشکی ڕەش لە حەوت بەرگی ڕەنگاوڕەنگ گیرێ لە گۆڕستانی کۆن لەژێر کێلی ناباڵغێکەوە گۆڕ بکرێت بە قامکی شادە و ئاوی مێخەک ناوی چل سوارەی غەیبی لە ژێر گۆ مەمکی چەپت بنووسرێ، سەر قەڵەمانەکەشی بیست دینارە، ئەگەر خاترت بگرم. پشت بە جەددی گەورە دێیەوە سەر حاڵ، نەخۆشی وام زۆر چار کردوونەوە، دە برۆ بەیانی زووتر، پێهەڵێنە، خۆت تووشی شێتی مەکە.

ئیتر لە وتەی نووشتەنووس و ناوی نەحلەتی و سمێڵی ماسی و نانۆخی شەمشەمە کوێرە و کێڵی ناباڵق و گۆڕستانی کۆن وا داخورپام کە بۆ خۆشم نەمزانی چیم لێ بەسەر هات و چۆن بە عەرزەوە بەند بووم. دڵم چۆن دەستی بە هەڵە و پەلە کرد، دەمم وشک بوو و تەزووی سڕ سرتەی لێ بڕیم و سامی لەسەر پەڕاندم و لە ژێر ئاگری شەرم و شۆڕ و شاڵ بەسەر بوو. سڵاوم کرد و بە شەرمی ئارەقەدا توڵاتوڵا بووم و بە تەواوی بوومە شێتێکی ڕاستەقینە.

هەر جۆر بوو شڕەی خۆم لە قوڕ ڕاکێشا و پێنج دینارم داچاند و بەرەو ماڵ گەڕامەوە و نووشتەنووسم بە جێ هێشت.

هەر چەند نووشتەنووسم جێ هێشت، هەرچەند لام وابوو پیاوێکی لاسار و فێڵەباز بوو، لە متمانە دوور و لە شەڕەف بێ بەش بوو، سەرەڕای ئەوەش وتەکانی لەسەر گیانی من بوونە نەخۆشی خۆرە و شەو و ڕۆژ زیاتریان جێگە دەکردەو و پتریان ئازار دەدام، بە تایبەتی ناوی مۆتە و مڵۆزم و نەحلەتی ئاڵە و خێوی سەر ئاوان، لە ناو بیر و مێشک و خەیاڵا وایان خۆ مەڵاس کردبوو بە سەدان ناوی خوا و پێغەمبەر و پیاوچاکان بۆم نەدەڕەوین و بەرچاویان چۆڵ نەدەکردم. لە نەخۆشی خۆم زیاتر کەوتمە گومان و دوودڵییەوە، دەمەویست نووشتە بنووسم بەڵام لە خەیانەتی فاڵگر و حەیای کچانەم دەترسام و لە زار و دەمی شەیتان و شۆفاران زیاتر دەسڵەمیمەوە.

سەد بریا نەچووبام و نەبووبام و ئاوا توشی ترس و سامی مۆتە و مڵۆزم و مۆجزاتان نەکرابام. ئێستا بە وتەی نووشتەنووس کەژاڵێک شێت و پێت و فێدار و داهاتوو وێران، بانگ دەکرێم کەژاڵە شێت.

ئەگەر بە نووشتە و جادوو نووسین خۆم ڕازی بکەم ئەو هەموو کەرەسە و کەل و پەلەی پێویست و دیناری سوور و شین، لە کام شوێن وەدەست بێنم. بەچی ڕۆشنە کە نووشتەنووس دەسەڵاتی تێکشکانی دەستی مۆتە و مڵۆزمانی هەبێ؟ بەچی مەعلووم ئەمن نەخۆشی ڕووحی و دەس لێوەشاوی نەحلەتیان بم؟

ئیتر من هەر بە خەون و خەیاڵی ئاڵۆز، یان بە دوو درۆی جادووبازێک خۆم تووشی سەدان بەیت و باوی زار و زمانی خراپ دەکەم. بانگ ئەکرێم کەژالە شێت. نەخێر لە چوونم، لە نووشتە نووسیم لە نیشان دانی نەخۆشیم پەشیمانم. لەوەشی ترسم هەیە کە نووشتەنووس سەرم لەسەر هەڵنەگڕێ، کارەسات بدرکێنێ، لای ئەم و ئەو، دۆست و بێگانە بیکا بە قاو، خەڵک تێ بگا، «شۆڕش» پێ بزانێ، ئەی خوای گەورە ئەبێ بڵێم خەمم بەبار و ئەو کارەشم سەربار. بەڕاستی نابێ خۆم فریو دەم. نەخۆشم، کەژاڵ نەماوم، دەبێ ڕێ چارەیەک بۆخۆم ڕەچاو کەم. دۆینێ نەسرینی دەستەخوشکم هاوکلاسم هاوسێم، درا بە شوو. دەنگی دەهۆڵ و زیڕەی زورنا هاواری شاباش و پێ هەڵگوتن، گەڕی دیلان و ڕەشبەڵەک، سەما و زەوی هێنا بەرەو سەما، کچانی ئاوایی کەس نەمابوو کە نەچێ و وەسەما نەکەوێ. کەچی من چاوێکم لێ هەڵنەهێنا. هەروەک نە گوێم کون بێ و نە دڵم تەڕایی تێدا بێ. تەنانەت بۆ خواحافیزی نەسرینیش دەرگام نەقەڵاشتەوە. کەوایە بۆ دەبێ بڵێم شێت نیم، ئەی شێتی چۆنە؟

دەوری پازدە شەوێکە، زیاتر لەو ماوە نییە کە هەموو شت بۆ من بۆتە گرێ کوێرە، هەموو شت ڕوو بە گۆڕان دەڕوات. سەرم لێ بۆتە گورز، بەر پێی خۆم بەدی ناکەم. تا ئێستا هەڵنەکەوتووە لە حەوتەدا لەگەڵ کەم. دۆینێ نەسرینی دەستەخوشکم هاوکلاسم هاوسێم، درا بە شوو. دەنگی دەهۆڵ و زیڕەی زورنا هاواری شاباش و پێ هەڵگوتن، گەڕی دیلان و ڕەشبەڵەک، سەما و زەوی هێنا بەرەو سەما، کچانی ئاوایی کەس نەمابوو کە نەچێ و وەسەما نەکەوێ. کەچی من چاوێکم لێ هەڵنەهێنا. هەروەک نە گوێم کون بێ و نە دڵم تەڕایی تێدا بێ. تەنانەت بۆ خواحافیزی نەسرینیش دەرگام نەقەڵاشتەوە. کەوایە بۆ دەبێ بڵێم شێت نیم، ئەی شێتی چۆنە؟

دەوری پازدە شەوێکە، زیاتر لەو ماوە نییە کە هەموو شت بۆ من بۆتە گرێکوێرە، هەموو شت ڕوو بە گۆڕان دەڕوات. سەرم لێ بۆتە گورز، بەر پێی خۆم بەدی ناکەم. تا ئێستا هەڵنەکەوتووە لە حەوتەدا لەگەڵ شۆڕش، بەیەک نەگەین و ئاڵوگۆڕی خۆشەویستی تازە نەکەینەوە.

ئەوا دوو حەوتەیە لە یەک بێ خەبەر و تەنانەت دایکی شۆڕشیش ڕووی خۆشی لێ نەکردووم. دۆینێ دایکی شۆڕشیم دی ویستم بڕێک مەبەست بدەرکێنم بەڵام ئەوەندە وشک و برینگ و بێ نەشە بوو کە ماوەی پرسیاری پێ نەدام، دڵی پڕ بوو لە گلە و بناشت، ڕووتاڵ و تووڕە و لەسەر شەڕ بوو. زۆرم دەورەدا، داوێنم گرت، پاڕامەوە بەڵام هیچی نەدرکاند و لە مەبەستی تێنەگەیاندم. میوانی هەبوو، ڕۆییشت. ڕۆیشت و ئەوەندەی تریشی خەفەت خەڵات کردم. نازانم بۆچی نەیهەویست سەراپا کارەساتم تێگەیەنێ و هەرچی هەبێ ونەبێ بیدرکێنێ. ئەوەی کە بۆم ڕوون بوو ئەوە بوو کە کوڵ و دڵپڕی دایکی شۆڕش پێوەندی بە من و شۆڕشی کوڕیەوە هەبوو. زۆر وێدەچێ نووشتەنووسی خوانەناس کارەساتی نەخۆشی منی ڕاگەیاندبێ و پەردەی لە سەر کارەسات هەڵدابێتەوە، دوور نییە هەر ئەو دەم گۆیەش ببێتە هۆی جیابوونەوەی من و شۆڕش و تووڕەیی دایکی شۆڕش.

کەژاڵ ئەستێرەی هیوای بەرەو ئاوابوون و پاشەکشەیە. هەر ڕۆژێ کۆسپ و کوڵۆیەک کۆڵەی دەکوتێ، چرای ژیانی لە کوژانەوە دایە، بە خەیاڵ و بیری تاریکەوە سەری لێشێواوە، بە خەو و خەونووچکەی ناحەزەوە هێزی لەبەر بڕاوە، ترسی هەرە بە سامی لە نەخۆشی شێتی و جیابوونەوە لە شۆڕشە. شەو لە خەویدا شێر دەیڕفێنێ و شۆڕش دەیگرێتەوە و دووبارە سێڵاو ڕایدەدا و شۆڕش دەیگێڕێتەوە. کەژاڵ بەو سامەوە لە خەو ڕادەپەڕێت. لە مانای خەوەکەی ورد دەبێتەوە و بە باشی دادەنێ! لای وایە بەڵایەکی بە سەردێ و بەڵام سەری لە سەر هەڵدەگرێ و ئاخری بە خێر دەگەڕێت.