پێشەکی

از کتاب:
شەوارە
اثر:
ملا کریم سارده کوسانی (1926-2001)
 4 دقیقه  1242 مشاهده

گوندێکی ڕەزاسووک و ڕازاوە، لەناو هەموو گیان و دڵێکا جێگیر، نازاوای ناو باوەشی کێوەکانی قەندیل، ناوداری هەرێمی ئاکۆیان لە سێبەری داری بەریدا تۆخ و لە تین هەتاوی هاوین بێ منەت. لە بۆن و بەرامی خۆشدا خەنی، لە بیزا و بەڕەزا و چنوور و چەورینا خاوەن بەش. بە هەڵز و کەما و مەندۆک ڕووگەش. کێوەکانی سەر لە ئەستێرەن و ئەستۆیان تەماشاگەی شاو شالیارن. شاخەکانی قیت و قۆز و گوێچک سووکن. چی بۆ دەڵێی دەیڵێتەوە، ڕەوز و ڕازی بە نێو چیرو جێگە ڕاوی سەدان قۆڵە میر و هەزاران سیامەند و خەجی مل بە کوێنن. قەڵای مێران و ڕوانگەی دلێران و پاردەی دێوان و بازی کێوان، هەوارگەی بژوێنی ئەو گوندە ڕازاوەن. بژیوی گیانی لەو شوێنە حەیران و بەیت و باوی کۆن و کورتە چیرۆکی ڕەندە پیاوانی ڕابردوون.

پێخۆری پێ ژیان، بزە و نیوەنازی نازفرۆش و شایی بە خۆیانن. یاسا عەشیرەتی و شێوە ژین مەڕداری چەقەساوی ژیان هەوارە و هەوارن. کورتەک و جامەدانە و چەکمە و وێزەگی کوردی کەحێل و مەحەندەکی خۆش هەڵبەز و خەنجەری دەبان و کێردی وەستا نەبی و کڵیتەی وێنە کۆیی، بەڵگەی شانازی سوارچاک و شایی بە خۆیانن. دەمی عیسا و عەسای جادووبەزێنی مووسا و ودمی لوقمانی حەکیم لەو شوێنە خاوێنە شەوبای بەرەبەیانی ڕووناک و هێمنی هێنە. شەوبای شەوی ئەو شوێنە بێوێنەیە. نە پێنووس ئەتوانێ لە تاریفی پێ هەڵگرێ و نە بەستەبێژ توانای پێ هەڵگوتنی بۆ دەست ئەدات. مەگەر بڵێم شەوبا لەوێ شاباڵی بەختەوەری سێبەری بەزەی خوای کێوپاران و هەناسەی ژیانی بێ زیوانە. هەموو شەوێ هەموو ڕەزان دەنگێوێ. ڕەزەوان دەگەڕێ و لەپاڵ پەسیوان تێدەپەڕێ. گیان وەبەر پەراوێزاندا دەکات. لە کووچەی بیزا و بەڕەزایان دەڕوانێ و سەردەمی کۆرپەگوڵان دەکاتەوە. نساران دەپشکنێ و پرچ و پەرچەمی چنوور و چەورینان بەشانە دەکاتو عەتریان لێ وەردەگرێت و کاکۆڵی ئاڵەکۆک و شیرین شۆکان هەڵدەداتەوە و تینی هەتاویان تێ دەڕژێنێ و ژینیان پێ شیرینیتر دەکا. لە هەموو تەلان و تەرتان بەرۆکی گوڵە باتوون و یەخەی بەند و خاوان دەترازێنێ. کۆرپەی بەیبوون و هەڵاڵان دێنێتە پێکەنین. لە هەردان دەردان ڕەپێ دەنێ. نەخۆشان دەلاوێنیتەوە. لە دەشتۆکە و گوێ چۆمان لەگەڵ هێرۆیان ئەدوێ و خارا و دارایان لەبەر دەکا. عەتر و گوڵاو لە جاتر وبێژان وەردەگرێ و لەسەر گۆڕی شەهید و جوانەمەرگان ئەسرین ئەبارێنێ لە هەموڕەشماڵ و کەپرۆکەی بە ڕێحان هۆزەڵاو تەنراو میوان ئەبێ. ئامێز لە جوانان وەدنێ و نەخۆشان دەبووژێنێتەوە ماندووان ئەحەسێنێتەوە و مێک و زار و دەمان بۆن خۆش ئەکات.

مۆجزاتی نەخۆشی دەمرێنێ. نەتەوی دامان و لاوازی وەدەردەنێ، هەتیو و هەژار و سامانداران بە چاوێک چاو لێدەکا و بە زمانێکیان ئەدوێنێ. هەموو هەوایەکی خۆش، لە خۆشی هەوای ئەو شەوبایە بایەخی پێ دەدرێ.

بەهەشتی ناودار و نادیار شەوگوردی لە وێنەی جوانی ئەو هەرێمە هەڵگیراوە. هەرێمی ئاکۆیان بە تایبەت گوندی ئەستێرۆک، دەبێ بڵێی بەهەشت و قەسر و حۆری. قارەمانی چیرۆکی (بووکی گۆڕستان) واتە مەم و زین، دوو ئەوینداری دڵ بریندار، کەژاڵ و شۆڕش، دوو قوربانی دەستی ئەنقەست و دوو پەپوولەی باڵ زێڕین، کچی حەمە سوور و تاقانە کوڕی کوێخا سولەیمان، دانیشتووی ئەستێرۆک، لە دایکبووی شەوێک و نیوکەبڕەی دەستی مامانێک بوون. هەر لە سەر بێشکەوە لە دەمی شیرەخۆریەوە ناوی یەکتریان لێهات و بە ویستی دایک و باوکی کەژاڵ بوو بە مارەبڕەی شۆڕش. دوو ساوا، دوو شیرەخۆرە خڕەکە بوون و خرانە قووتابخانە و ناوەندییان تەواو کرد و خۆشەویستییان پتر کرا و هەمیشە چاویان لە یەکتر نەدەترووکاند. حەوتەیەک حەوانەوەیان بەبێ یەکتر حەستەم بوو. بڕیار درا پاییزی داهاتوو کەژاڵ بە بووکی بۆ ماڵە کوێخا سولەیمان بڕوات و ئاوات و نیازی شۆڕش وەدی بێت. بەڵام دەست و مستی نەزان و باوکی دڵڕەق شووشەی هیوای ئەو جووتەی ئەویندارەی وەها لە بەردی بێنازی دان کە ئەو شایی و زەماوەندە، ئەو پێکبڕانە کەوتە جیهانێکی تر و هەستانێکی تر و ڕاسانێکی تر.