لە کوێوە بۆ کوێ ٢
ساڵی ١٣١٧ کە لاوێکی ١٧ ساڵە بووم، مامۆستاکەم لە کولیجە ڕۆیشت و منیش دەستم لە خوێندن هەڵگرت و چوومەوە ماڵێ و دەستم کرد بە کار و کاسبی. ئێستا ماڵمان لە گوندی شیلاناوێ بوو، بابم سامانەکەی جارانی نەمابوو. بەڵام هیمەتەکەی هەر مابوو. برا و ئامۆزاکانی لێ جوێ ببوونەوە و هەر گوندێکی بۆ مابۆوە. چاک خەریکی کاسبی بووم و زوو فێری کاری کشتوکاڵ کرام. بەڕۆژ کارم دەکرد و بەشەو موتاڵا. هەرچەند کتێب و ڕۆژنامەم کڕیبا بابم دەستی وەبەر دەستی نەدەهێنام. زۆر شەوی وا بوو تا بەری بەیان نەدەنووستم و تەماشام دەکرد. بڕوام پێ بکەن ژوانی لەگەڵ کیژانم لەبەر خوێندنەوەی کتێب لەبیر چۆتەوە و لێم تۆراون و گلەیییان لێ کردووم. ئەو ڕۆژەی پیاومان لە شار دەهاتەوە و کتێب و ڕۆژنامەی بۆ دێنام نیوێکی ڕێگای بەپیرەوە دەچووم.
چاپەمەنیی ئەو سەردەمی ئێران پێشکەوتوو نەبوو. چەند گۆواری وێنەدار و جوان دەردەچوون، کە لەلایەن سەفارەتی ئاڵمانی نازییەوە یارمەتی دەدران و بە قازانجی نازیسمیان دەنووسی. کتێبی سیاسیی ئەو دەمی هەموو لەبارەی هیتلەر و مۆسۆلینیدا بوون. ڕۆژنامەکانیش تەبلیغاتیان بۆ ئاڵمان دەکرد و بە بەژن و باڵای پەهلەوییان هەڵدەکوت. تەنیا ڕۆژنامەیەک کە ئەو دەمی شیرین بوو و تا ژیاش هەر شیرنتر بوو و نەحلەت لەو کەسەی مراندی «تەوفیق» بوو. ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژانی پێنجشەممو دەردەچوو و لە هەموو ژمارەیەکدا دەینووسی: «شەوی جومعە دوو شتت لەبیر نەچێ. دووهەم ڕۆژنامەی تەوفیق». من ڕەبەن بووم، دەنا ئەوی تریشم لەبیر دەچوو. بەڵام شەوی جومعە تەوفیقم لەبیر نەدەچۆوە. ئەو چیڕۆکانەی تەرجەمە دەکران زیاتر پۆلیسیی بوون. چیڕۆکنووسی زۆر چاک هێشتا لە ئێران پەیدا نەببوو. بەڵام من بۆژۆم نەدەکرد و هەموو شتم دەخوێندەوە. هاتوچۆی مەهابادیشم دەکرد و دۆست و ئاشنای چاکم پەیدا کردبوون. جارێ ئەوە ئەرکێک بوو بابم پێی ئەسپاردبووم هەرچەند جارێ چووبامە شار دەبوو بچمە مەحکەمەی قازی موحەممەد و دیوەخانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی و سڵاوی بابمیان پێ بگەیەنم. ئەو دوو جێگایە قەوغاترین دیوەخانی مەهاباد بوون و خەڵکیان زۆر لێ دەبوو و وردەوردە چاو و گوێم دەکراوە و گەورەپیاوەکانی وڵاتم دەناسین و ئەوانیش لەبەر خاتری بابم حورمەتیان دەگرتم. بێجگە لەو دوو جێگایە کە ئەگەر لەبەر قسەی بابم نەبا هێندە نەدەچووم، جێگایەکی تریش هەبوو کە ناکرێ ناوی بێنم. ئەو جێگایە مەکۆی ئەو لاوانە بوو کە هەوای نیشتمانپەروەرییان کەوتبووە سەر. زەبیحی و ڕەسولی میکاییلی، قزڵجی و نانەوازادە و ئیلاهی و سەیدی و زۆر کەسی ترم لەوێ ناسین. هەژاریش هەرچەند جاری هاتبا شاری بە ماڵی ئێمەدا دەهات.
ئەو ڕەفیقانە کۆڕی ئەدەبی بچووکی کوردیان پێک دێنا و بەنهێنی شیعری کوردییان دەخوێندەوە. دەیان ناردە کوردستانی عێراق و هەرچی کتێبی لەوێ چاپکرابان بۆیان دەهات و دەیاندا بە منیش. قەت نەمپرسی کێ بۆتان دەنێرێ و کێ دەیانهێنێ؟ من کاڵەک خۆر بووم نە بێستان ڕن. چەند شاعیریش هەبوون شیعری خۆیان بەنهێنی بڵاو دەکردەوە. بەتایبەتی شیعرەکانی سەیفی قازی و... ئاگریان دەکردەوە.
ساڵی ١٣٢٠ (١٩٤١) من لاوێکی پێگەیشتوو بووم. لە کاروباری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کارامە ببووم و لە ئەدەبیاتی فارسی و کوردیشدا شارەزاییی تەواوم پەیدا کردبوو. بۆ خۆشم شیعرم دادەنا. دیوانێکی گەورەم دروست کردبوو. بابم ئەگەرچی بۆ خۆی ئەهلی زەوق بوو و شیعری زۆر پێ خۆش بوو، زۆری پێ ناخۆش بوو من ببمە شاعیر. لەکن ئەو ببڕای ببڕای باسی شاعیریی خۆم نەدەکرد. دەفتەری شیعرەکانم وەک بێچووە پشیلە لە بابم دەشاردەوە.
ڕۆژێک خەریکی شیعر نووسینەوە بووم. کارێکم هاتە پێش وەدەرکەوتم و دەفتەرەکەم لە گۆڕێ بەجێ هێشت. ترسی وەم نەبوو بابم لەو وەختەدا بێتە دیوەخان. زۆرم پێ نەچوو کە هاتمەوە دەفتەرەسوور دیار نەبوو. پرسیارم کرد گوتیان بابت دەستی دایە و بردی، لە پشتێن بەرەژێرم مرد. پێم وا نەبوو بەهاسانی نەجاتم دەبێ. زانیم خراپم لێ قەوماوە. شیعرەکانم پوختە نەبوون، لاسای شاعیرە کۆنەکانم کردبۆوە. هەموو جۆرە شیعرێکم دانابوو. تەنانەت لە فڕهاوێشتندا لاسای شێخ ڕەزا و ئیرەج میرزای فارسیشم کردبۆوە. بۆیە هەقم بوو بترسم. گاڵتە نەبوو، من هەم شاعیر بووم و هەم ئیعترافم بە گوناهـ کردبوو، با بە خەیاڵیش بێ. منیش وەک شێخ ڕەزا بوختانم بە خۆم کردبوو و بابم شتی وای پێ قبووڵ نەدەکرا، بەڵام وا دیاربوو نەیخوێندبوونەوە. چوومەوە ژوورێ و گوتم ئەگەر کارەکە گەند بوو دایکم دەکەمە تکاکار. پرسیم، گوتم کوا بابم؟ گوتیان بەتووڕەیی چووە متبەخ. خۆم وەپەنا دا، بەبۆڵەبۆڵ هاتەدەر و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: خوێڕی کارم بۆ فێر بووە. شاعیری شاعیری! دەیەوێ لەبرسان بمرێ. خۆم بە متبەخدا کرد، تەماشام کرد دەفتەرەسوور لەسەر کڵی تەندوور بۆتە قەقنەس.
ئەو دەمی زۆرم پەرۆش بوو. بەڵام پاشان گوتم دەستی خۆش بێ. چونکە بێگومان ئێستا مابان بۆ خۆم دەمسووتاندن. ڕاستە هەموو مەوزوون بوون و قافیەیان هەبوو. بەڵام لاساکردنەوەی تەواوبوون و هەستی شاعیرانەی خۆمیان کەم تێدابوو. پاشانیش زۆری وام فڕێ داون.
بێجگە لە کاروکاسبی ڕۆژانە و موتاڵا و خوێندنەوەی شەوانە لە دێ سەرگەرمیی دیکەشم بوون، سواری و تەقڵە و ڕمبازی و ڕاوە کەو و ڕاوە تاژی و ڕاوە تفەنگ.
بابم ئەسپی زۆر ڕەسەن و باشی هەبوون کە زۆری خۆش دەویستن و باشی ئاگا لێ بوون. من و کاکم هەمیشە ئەسپ و مایینی تایبەتی خۆمان هەبوو. هیچمان هەقمان نەبوو سواری ئەسپی ئەوی تر بین، دیارە کاکم سەرپشک بوو و ئەسپی باشتری بۆ خۆی هەڵدەبژارد. بەڵام لە دواییدا هەمیشە ئەسپی من باشتر دەردەچوون. چونکە لەوی هێدیتر بووم و کەمترم ماندوو دەکردن و لەوی بەمشوورتر بووم و چاکترم ئاگا لێ دەبوون و باشترم بەخێو دەکردن. زۆرجاریش گڕنەی تێ دەهاڵاندم و ئەسپەکەی لێ دەستاندمەوە و یەکی دیکەی دەدامێ. بەڵام بابم بۆی تێ هەڵدەهێنامەوە و ئەسپ و مایینەکانی تری دەدا بە من سواریان بم و تەعلیمیان بدەم. سوارێکی باش بووم و وڵاغم چاک دەعاملاندن. بەڵام قەت ڕاوکەری چاک نەبووم. نە تەماڵ و دیاردیم باش دەدیتەوە، نە شوێنم چاک دەگێڕا، نە داوم بەپەلە بۆ دەچەقا، نە تفەنگم باش دەنگاوت. دیارە بە تاپڕ کەم وا بوو لە هەردی ببوێرم. بەڵام نەمدەگەیاندە ئەو تفەنگچییانەی لە هەوا نەیاندەبوارد.
ڕۆژانی جێژن و بووکهێنان و خەنەبەندان و کچ بە مێرد دان داوەت و ڕەشبەڵەکمان دەگرت. هەموو جارێ پیاوێکی ماقووڵ و ڕدێن سپیمان دەناردە کن بابم و ئیجازەمان لێ وەردەگرت. هەموو جارێ موخالەفەتی دەکرد. بەڵام هێندی لەبەر دەپاڕاینەوە دەهاتە ڕەدایە و بەو شەرتەی لە نەدیوی دیوەخانی ئێمە داوەت بگیرێ ئیزنی دەداین. بەڕاستی خۆش بوو، کچ و کوڕ و ژن و پیاوی گوندەکەمان هەڵدەپەڕین. من ئەو ڕەسمەم لە ڕەشبەڵەکی لادێدا زۆر پێ جوان بوو کە پیاو مەگەر ژن بۆ خۆی بانگی کردبا، دەنا هەقی نەبوو بچێتە دەستی دۆیان. پیاو دەبوو هەمیشە لەپێشەوەڕا بچێتە نێو گەڕی داوەت، دەنا عەیب بوو.
بەڵام دۆ دەبوو لە پاشەوەڕا بێتە ناو داوەت و هەڵبژاردن بە خۆی بوو. ئەو ڕەسمە دەگەڕێتەوە سەر ئەو زەمانەی کە ژن لە کوردەواریدا ئازادیی پتر بووە.
بۆ شەوداوەت ئیجازەمان لە کەس وەرنەدەگرت. شەوی مانگەشەوی هاوین لە حەوشەی مەڕی کچ و کوڕی ئاوەدانی تێکەڵ دەبوون و داوەتیان دەگرت و هەمیشە لەدووی منیشیان دەنارد. زستانان لە ئاخەل و هۆڵاندا شەوداوەتمان دەگرتن. جارجارە سۆفیی شەیتان و شۆفار خەبەری ئەو شەوداوەتانەیان بە بابم ڕادەگەیاند. ئەویش لەپێشدا جنێوی بە من و دوایە بە چەند کوڕەجحێڵەی دێ دەدا و کەمێکی هەڕەشە لێ دەکردین و دەبڕاوە. بەڵام بە قسەی شەیتان و شۆفار دەستمان لە شەوداوەت هەڵنەدەگرت و جنێوی گەورانیش بە قەولی کوڕەجحێڵەکان خەڵات بوو.
زستانان بەشەو جۆرابێن و کاڵەمستێن و فەلەی بێدەنگ و کۆسەبازی و تەڕکی بن بەڕەیان لە مزگەوت دەکرد و بەڕۆژ جگێن و ماتێن و مێشێن و هێلکەشکێن و شێروخەتیان دەکرد. من تا کتێبم وەگیر کەوتبایە لە دیوەخانی خۆمان وەدەر نەدەکەوتم و نەدەچوومە سەیری ئەوانە. بەڵام سەرە بەهاران هەموو ڕۆژێ دەچوومە تۆپێن.
لە مانگی خەرمانانی ١٣٢٠ (١٩٤١) ڕۆژێکی چووبوومە سەر خەرمانان. کرێکارەکانمان خەریکی مالووسک و زرینگاندنەوە و باڵەکەو بوون و منیش لەکنیان دانیشتبووم و ئەسپەکەم وەسەر کوێزر کردبوو. ئەودەمی فڕۆکە و ماشێن زۆر کەم بوون و خەڵک پێی سەیر بوون. لەپڕ دوو فڕۆکەی ڕەشی زەلام پەیدا بوون. ئێمە تا وێستا فڕۆکەی ئەوەندە زلمان بە ئاسمانەوە نەدیبوو. هەموو دەستیان لە کار هەڵگرت و تەماشای فڕۆکەکانیان دەکرد. دیمان فڕۆکەکان نیزیک بوونەوە و نەوی بوون و کاغەزیان بەردانەوە. هەموویان ڕایانکرد بزانن چییە؟ ژنێک لەپێش هەموواندا گەڕاوە و کاغەزێکی دامێ و گوتی ها بە قوربانت دەبم بیخوێنەوە بزانە چییە و چێ تێدا نووسراوە؟
بڕوا بکەن وەختابوو لە خۆشییان باڵ بگرم. ئەو کاغەزە بەیاننامێک بوو کە بە زمانی کوردی نووسرابوو. چۆن ئەوە خەونە، یا ڕاستییە؟ دەوڵەتێکی گەورەی وەک یەکێتیی سوویێتی بە زمانی کوردی بەیاننامە بڵاو بکاتەوە؟ بۆ من هەروا کەم نەبوو.
بۆ من کە شێت و شەیدای زمانی کوردی بووم ئەو پەڕە کاغەزە بەس بوو کە لە خۆشییان شاگەشکەم بکا. ئەو دەمی وا وردم لێک نەدابۆوە، بەڵام لەواقیعدا لە باری سیاسییەوە ئەو کارەی دەوڵەتی شوورەوی ئەوپەڕی ئازادیخوازیی تێدا بوو و نیشانەی ئەوە بوو کە ئەو دەوڵەتە ئیعتراف بە بوونی گەلانی جۆربەجۆری ئێران دەکا.
ئەو بەیاننامە بۆنی شەڕی لێ دەهات. دیاربوو لەشکری سوور هاتبوو دە ئێرانەوە. هەرچەند لە بەیاننامەکەدا دڵخۆشیی خەڵکیان دابۆوە و هەڕەشە و شتی وای تێدا نەبوو، بەڵام ئێمە زۆر لە ڕووسان دەترساین. پیرەکان نەقڵی بەدفەڕی و بێڕەحمی و دەستوەشێنی لەشکری تەزاریان لە شەڕی یەکەمدا بۆ گێڕابووینەوە. لە سەرتاسەری ڕۆژگاری حکوومەتی پەهلەویدا ڕۆژنامەکانی ئێران هەر شتی خراپیان لە دژی شوورەوی نووسیبوو. باڵشویک لەو سەردەمەدا لە ئێران گەورەترین جنێو بوو. خۆ بەتایبەتی پاش ئەوەی شەڕ لەنێوان ئاڵمانی نازی و یەکێتیی سوویێتیدا هەڵگیرسا، چاپەمەنیی ئێران هەموو نووسینەکانیان بە سوودی ئاڵمان و بە زیانی شوورەوی بوو. ماوەیەک بوو شارەوانیی مەهاباد ڕادیۆیەکی هێنابوو و بەرنامەکانی «بیڕلەنی» بە زمانی فارسی بڵاو دەکردەوە، کە سەرتاپا جنێو بە کۆمۆنیزم و باڵشوێزم بوو.
بەڵام ئەوانە هیچی بۆ من لەو وەختەدا گرنگ نەبوون. گرنگ ئەوە بوو کورد میللەتێکە دەوڵەتان دەیناسن و بەیاننامە بە زمانی ئەو بڵاو دەکەنەوە.
نازانم چۆن خۆم گەیاندە ئەسپەکەم و سوار بووم و پێم پێوەنا و لەسەر جڵەوان چوومەوە ماڵ، بەیاننامەکەم بۆ بابم خوێندەوە. بەڵام ئەو بەپێچەوانەی من ڕەنگی بزڕکا، شڵەژا و بە کاوەخۆ گوتی: ڕۆڵە قەوما، وا دیارە ڕووس هاتوونە دە ئێرانەوە. شەڕ و کێشە پەیدا دەبێ، وڵات دەشێوێ. کوڕی خۆم تۆ نەتدیون و نایانناسی. زۆر خراپن، زۆر پیاوکوژ و بێبەزەیی و دەستڕەشن. من کوشتاری سابڵاخم بە چاوی خۆم دیوە و لە بیرمە چۆن خەڵکی بێدەرەتان و لێقەوماویان بەشیران شەقوپەق دەکرد. دەبێ زوو خۆمان خڕ کەینەوە و خۆ بگەیەنینە قایمە. خودا بمانپارێزێ. ڕۆژی پیاوانە، بۆ ئەو ڕۆژە بوو دەمگوت فێری سواری و تفەنگ هاویشتن بن. بۆی مات بوو و دوو سێ جار لەبەر خۆیەوە گوتی: «هەرزن و بزن چیایە مەزن».
بابم هەقی بوو نیگەران بێ. چونکە ئەو لەشکری تەزاری دیبوو. ئەو کوشتاری بێڕەحمانەی ژەنەراڵە کۆنەپەرستەکانی ڕووسی لە کوردستاندا دیبوو. ئەو وەکوو زۆربەی ئێرانییەکان ئاگای لە ئاڵوگۆڕی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە یەکێتیی سوویێتیدا نەبوو. نەیدەزانی لەشکری سوور چۆن عاملاوە؟
بۆ ئێوارێ چەند پیاوی ماقووڵی مەهاباد پەیدا بوون. ئەوانیش دۆست و هاوتەمەنی بابم بوون. شەڕی یەکەمیان وەبیر دەهات. زۆر لە بابم پتر نیگەران بوون. یەکیان گێڕایەوە و گوتی نۆ کەس لە بنەماڵەی ئێمە بە ڕۆژێک بەدەستی ساڵداتی ڕووس کوژراون.
ئەو قسانە منیشی بڕێک نیگەران کردبوو. بەڵام لە خۆشیی بەیاننامەکە هەر شاییم لە دڵدا دەگەڕا.
خەریکی خزمەتی میوانەکان بووم. بەڵام هەر دەمەنادەمێک بەیاننامەکەم دەردێنا و دەمخوێندەوە و سەرلەنوێ لە تەنکەی گیرفانم دەناوە.
شەو کاکم و پیاوەکانمان چوون و ژن و منداڵی ئەو میوانانە و خزمەکانی خۆمانیان لە شار هێنادەر.
بەیانی دوو فڕۆکە هاتن و چەند نارنجۆکی بچووکیان بە شار دادا، ئەرتەشی شاهەنشاهی، ئەو ئەرتەشەی لە کوشتنی میللەتی ئێراندا لاسای داگیرکەرانی مەغوول و نازی دەکردەوە، تاوێکی بەربەرەکانی نەکرد و پێش ئەوەی لەشکری سوور بگاتە مەهاباد چەکی فڕێ دا و وەک تۆوی هەرزن بڵاو بوو. هەژار لەو بارەوە هەر ئەو دەم چەند جوانی گوت:
تفەنگی بڕنۆیان دەدا بە نانێک. ئەویش ئەوی ئازایان، دەنا ئەوی ترسەنۆک بەرتیلی دەدا تفەنگەکەی لێ وەرگرن.
بەشی زۆری خەڵکی مەهاباد ڕوویان لە گوندەکەی ئێمە کرد. بابم پێشوازێکی باشی لێ کردن و هەرچی هەمان بوو لە ئیختیاری نان. عەمباری گەنمی کردەوە و ئاشەکانی گوندەکەمانی دا بە خەڵک و هەر کەس هەرچەندی ئارد ویستبا دەیاندایە.
هەموو ڕۆژێ جاڕیان دەکێشا هەر کەس هەرچی پێویستە بێ لەڕوودامان و شەرمکردن داوا بکا. خەڵکی مەهاباد ئەو پیاوەتییەی بابمیان لەبیر نەچوو و تا ما زۆریان ئیحترام گرت.
چوار پێنج ڕۆژ کەس بەسەر کەسەوە نەبوو. لەپێشدا لەشکری ئینگلیس گەیشتە سابڵاخ و دەستێکیان ڕەسەر بارخانە خست و چەکی قورسیان برد. دوایە لەشکری سوور هات. بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەنۆڕی دەکرا نە کەسیان کوشت، نە کەسیان تاڵان کرد، نە ئازاریان بە کەس گەیاند. ئەوەندە باش لەگەڵ خەڵک جوولانەوە کە کەس بە لەشکری داگیرکەری نەدەزانین. نەقڵێکی خۆشم وەبیرهاتەوە: لە زەمانی پەهلەویدا کابرایەکی دز و چەتە و پیاوکوژ و خراپ پەیدا بوو. بە تاقی تەنێ کەڵەگایی لە خەڵک دەکرد. کەتە پێنج تیرێکی کۆنی پێ بوو و لەو ناوەدا دەگەڕا و هەرچی وازی لێ با دەیکرد. پۆلیسی ئێران بۆی نەدەگیرا. بەڵام زانیبای چۆتە هەر ماڵێک خاوەن ماڵەکەی دەگرت. کابرایەکی پیریان بەو تاوانە گرتبوو کە شەوێک «سۆغرە» یانی ئەو چەتە پیاوخراپە نانی لە ماڵی خواردبوو، دوو ساڵ بوو لە ورمێ گیرابوو. کە هاتەوە پێوەی چووم و گوتم مامە چۆنت نەجات بوو؟ گوتی چووزانم، فریشتێکی سووری چاوشین هات و دەرکی لێ کردمەوە و گوتی بڕۆ.
لەشکری تاران لە موکریان نەما. لەپێشدا عەشیرەتەکان تا ڕادەیەک ئاڵۆزییان کرد و یەکتریان کوشت. بەڵام وردەوردە وڵات ئارام بۆوە و وەزعێکی لەبار بۆ جووڵانەوەی سیاسی پێک هات.
ئێمە یانی ئەو پۆلە لاوەی لە زەمانی پەهلەوییەوە یەکترمان گرتبوو و دۆستانە پێکەوە کارمان دەکرد. مەیدانمان بۆ ئاوەڵا بۆوە و چالاکیی خۆمان پەرە پێ دا. دەمانناردە عێراق ڕۆژنامە و گۆواری کوردییان بۆ دەهێناین و دەمانخوێندەوە. من شیعری خۆم و شیعری شاعیرەکانی ترم بە خەت بۆ لاوەکان دەنووسینەوە و بڵاوم دەکردنەوە. دڵشادی ڕەسووڵی لە عێراقەوە هاتبۆوە. ئەو ئیملای کوردی لە هی ئێمە باشتر بوو و خەتیشی خۆشتر بوو و زۆریشی شیعری بێکەس و پیرەمێرد و ئەحمەد موختار جاف و حەمدی لەبەر بوون و بە خەت بڵاوی دەکردنەوە. گۆواری گەلاوێژ ڕۆڵێکی باشی یاری کرد و لاوەکانمان فێری کوردی خوێندنەوە بوون. هەلومەرج بۆ پێکهاتنی حیزبێکی ناسیونالیستی کوردی لە مەهاباد پێک هاتبوو.
پاش دامەزراندنی حیزبی تودەی ئێران چاپەمەنییەکانی ئەو حیزبەش ئاڵوگۆڕێکی فیکرییان لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا پێک هێنابوو. تەنانەت چەند کەسی کورد و ئەرمەنی تێکۆشان لکی ئەو حیزبە لە موکریان دابمەزرێنن. بەڵام خەڵک پێشوازی لێ نەکردن. حیزبێکیش بە ناوی حیزبی ئازادی بە بەرنامەیەکی چەپییەوە سەری هەڵدا و نەژیا. تا ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ ( ١٦ی ئابی ١٩٤٢)کۆمەڵەی «ژ. ک» دامەزرا. ئەوانی ئەو کۆمەڵەیان دامەزراند دۆستانی پێشووی من بوون. من لەو سەروبەندیدا لە تەورێز بووم و لە ڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەدا حوزوورم نەبوو. کە هاتمەوە بەهۆی زەبیحی کە لەمێژ ساڵ بوو دۆست بووین بە کۆمەڵە ناسێندرام. لە ماڵی یەکێک لە دۆستەکانی خۆم کە پاشان زانیم ئەندامی ژمارە یەکی کۆمەڵەیە و بەڕاستی تێکۆشەرێکی بەجەرگ و ئازا و نەبەز و کۆڵنەدەر بوو، بە قورئان و بە ئاڵای کوردستان و بە شەرەفی خۆم و بە شمشێر سوێندیان دام کە بە زمان و بە قەڵەم و بە ئیشارە خەیانەت بە نەتەوەی کورد و ئەندامی کۆمەڵە نەکەم. ناوی نەهێنیی حیزبیم «هێمن» بوو و ژمارەی ئەندامەتیم «٥٥». من هەقم نەبوو هیچ لەوان بپرسم. بەڵام ئەوان ئەوەندەیان موتمانە بە من بوو، پێم بڵێن هەژاریش ئەندامی کۆمەڵەیە و خۆت لەکن ئەو مەشارەوە ئەوەش بەو ڕادەگەیەنین.
بەو جۆرە من لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبیمدا پێم نایە قۆناخێکی نوێ.
ئەندامەتیی کۆمەڵەی «ژ. ک» گۆڕانێکی سەیری بەسەر مندا هێنا. شەو و ڕۆژ لە بیری کۆمەڵەدا بووم کە ئەویش ئامانجی ڕزگارکردنی نەتەوەکەم بوو. هەموو ئاوات و ئارەزووی تایبەتیی خۆم وەلا نا. ئیتر نەتەنیا دەستم لە شەوداوەت و هەڵپەڕین و ڕێبازگرتن و لەسەر سوانە وەستان هەڵگرت، بەڵکوو وەک سۆفیی تۆبەکار تووشی هەر کیژ و ژنێکی کورد دەهاتم سەرم دادەخست و چاوم لێ نەدەکرد. چونکە ئەوەشم بە خەیانەت دەزانی. بۆ خاتری کۆمەڵە من دەستم لە یارێک هەڵگرت کە بە گەورەترین مەحروومییەتی ژیانمی دەزانم و ڕابردنی زەمانیش لەبیری نەبردوومەوە و ناسۆری لە دڵمدا هەر ماوە.
لەو ساڵانەی دواییدا دۆستێکم کە باش لە شیعر بەتایبەتی لە سەبکی شاعیریی من دەگا، گوتی: تۆ بۆ گوتووتە: ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نییم؟
گوتم کاکە من قەت درۆم لەگەڵ ئیحساسی دەروونی خۆم نەکردووە. ئەگەر تۆ دەتزانی من ئەو شیعرەم لە چ هەلومەرجێکدا گوتووە، بڕوات دەکرد هەستی دەروونی خۆم دەربڕیوە و بەڕاستی لەو کاتەدا من لە خەیاڵی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵدا نەبووم.
«کۆمەڵە» بێجگە لەوەی کۆمەڵەیەکی سیاسی بوو کۆمەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیش بوو. زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵە بڕوایان بەو سوێندە هەبوو کە خواردبوویان و دەستیان لە ئاکاری دزێو هەڵگرتبوو. دزی، خراپە و نێوان ناخۆشی لە کزی دابوو و دەتوانم بڵێم لە هێندێک جێگایان هەر نەما.
هێندەی پێ نەچوو کۆمەڵە سەرانسەری کوردستانی ئێرانی تەنیەوە و پەلی هاویشت بۆ پارچەکانی تری کوردستان، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا لکی کۆمەڵە زۆر پەرەی گرت و بەهێز بوو.
ئەندامانی کۆمەڵە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری پێک هاتبوون و جیاوازیی بیروباوەڕی سیاسی و فەلسفەیییان هەبوو. ئەگەر چاوێک بە ئۆرگانی کۆمەڵەدا بخشێنن ئەو ڕاستییەتان بۆ دەردەکەوێ، کە من لێرەدا مەجالم نییە بۆتان شی بکەمەوە. بەڵام هەموو لەسەر شتێک ڕێک کەوتبوون. ئەویش ڕزگاریی کوردستان بوو. ئەندامی کۆمەڵە خاوەنی هەر بیروبڕوایەک با و لە هەر چین و توێژێک بایە بۆ فەرمانی لای سەروو نەک ئامادە بەڵکە بەڕاستی فیدایی بوو.
داهاتی کۆمەڵە تەنیا و تەنیا مانگانەی ئەندامان و فرۆشی چاپەمەنییەکان و داهاتی تیئاتر و نومایشەکانی بوو. کەچی زۆر بەباشی بەڕێوە دەچوو. هۆی ئەوە بوو هەموو کەس بەوپەڕی دڵخۆشییەوە مانگانەی دەدا و چاپەمەنیی کۆمەڵەی بە چەند هێندەی نرخی دیاریکراو دەکڕی. من خۆم دیومە ژمارەی «نیشتمان»یان بە ٢٠٠ ئەوەندەی نرخەکەی کڕیوە، نیشتمان قەت دانەیەکی نەدەماوە. کۆمەڵە لەپێشدا کتێبێکی بچووکی شیعری بڵاو کردەوە بە ناوی دیاری کۆمەڵەی «ژ. ک» کە شیعرە نیشتمانییەکانی حاجی قادر و مەلای گەورەی کۆیە و هەژار و شێخ ئەحمەدی حیسامی تێدا چاپکرابوون و دەسبەجێ تەواوبوو. دوایە گۆواری نیشتمانی وەک ئۆرگانی کۆمەڵە چاپ کرد.
یەکەم شیعری من لە ژمارە دووی نیشتماندا بە ناوی م. ش. هێمن بڵاو کرایەوە و ئیتر بوومە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆوارە و لە هەموو ژمارەکانیدا شیعر و وتارم بڵاو کردەوە.
زەبیحی سەرنووسەری نیشتمان بوو و بەڕاستی لە چاپکردنی ئەو گۆوارەدا زەحمەتی کێشا و وریایی نیشان دا. جگە لە زەبیحی و چەند کەسی باوەڕپێکراوی تر کەس دەستەی نووسەرانی نیشتمانی نەدەناسی و نەیدەزانی ئەو گۆوارە لە کوێ چاپ دەکرێ.
ئەندامی کۆمەڵە وەک ئەندامی حیزبێکی نەهێنی و بە دیسپلینی توند هەر ئەوەندەی دەزانی کە پێویست بوو بیزانێ.
لەبیرمە نیشتمانم بۆ بابم دەخوێندەوە. بەتایبەتی شیعرەکانی خۆم و دەیگوت کوڕە ئەو هێمنە کێیە؟ لەدڵی خۆمدا پێدەکەنیم، بەڵام نەدەکرا بڵێم ئەو کەسەیە کە تۆ دەفتەری شیعرەکانت لێ لە تەندووری بە کەمران هاویشت. کۆمەڵە گۆواری ئاواتیشی چاپ کرد و من لەویشدا نووسیم.
تیئاتری «دایکی نیشتمان» گەورەترین تەبلیغاتی بۆ کۆمەڵە کرد. ئەو تیئاترە کە زۆریش ساکار بوو و دەتوانم بڵێم لەباری هونەری و تەنانەت فیکرەوە ناتەواویش بوو. سێ چوار مانگ لە مەهاباد و شارەکانی تری موکریان لەسەر شانۆ مایەوە. کەم کەس هەبوو نەچووبێ و هەر کەسیش چووبا دەگریا و هەستی کوردایەتی دەبزووت. لە دێهاتی زۆر دوورەدەستەوە خەڵک بۆ دیتنی ئەو نومایشە دەهاتن. بێجگە لە تەبلیغاتی سیاسی لەباری ماددیشەوە داهاتێکی زۆری هەبوو و کۆمەڵەی دەوڵەمەند کرد.
کۆمەڵە هەر بەو داهاتانە توانی چاپخانەیەکی دەستی بکڕێ و لە مەهاباد دایبمەزرێنێ.
تا زیاتر لە کۆمەڵەدا کارم دەکرد پلەی زانیاریشم پتر دەچووە سەر و لە پیاوی زانا و ئەدیبی وەک پێشەوا قازی موحەممەد و کاکە ڕەحمانی موهتەدی نیزیکتر دەبوومەوە و شتیان لێ فێر دەبووم. هیچ کام ئەو پیاوە گەورانەی کورد کە لە پارچەکانی تری کوردستانەوە دەهاتن لە من شاراوە نەبوون. هەمزە عەبدوڵڵا، مستەفا خۆشناوی شەهید و میرحاج و قودسیی شەهید و زۆری ترم لەو تێکۆشەرانە دیتن و ئاڵوگۆڕی فیکریم لەگەڵ کردن. چاپەمەنییەکانی ئێران پێشکەوتووانەتر بوون و شتی تازەیان تێدا بوو. بەتایبەتی چاپەمەنییەکانی حیزبی تودەی ئێران لە ڕوونکردنەوەی بیروڕای سیاسیی مندا کاریان کرد. ڕەوابیتی فەرهەنگیی ئێران و شوورەوی لقی لە مەهابادیش دامەزرا. منیش یەکێک لەوانە بووم کە لەوێدا کارم دەکرد. هەرچەند بەداخەوە ئەو بنکە پێشنیارەکانی منی جێبەجێ نەکرد و هیچی بە کوردی بڵاو نەکردەوە، بەڵام زۆر شتی بەنرخی بە فارسی بڵاو دەکردەوە و کەڵکم لێ وەردەگرتن. شیعر و نووسراوی کوردی بە ئازەری و ڕووسی تەرجەمە دەکران و ئەوەش دەسکەوتێکی باش بوو بۆ ئێمە. یەکێک لەو شتانەی تەرجەمە کران و منیش لە تەرجەمەکردنیدا بەشدار بووم ئاڵەکۆکی هەژار بوو، کە لەلایەن ئینسانێکی واقیعی و شاعیرێکی باشی ئازەربایجانی شوورەوی، مامۆستا جەعفەر خەندانەوە بە ئازەری و بە شیعر تەرجەمە کرا.
شەڕی ماڵوێرانکەری دووەم بە تێکشکانی فاشیزم و نازیسم و شرت و گوم بوونی هیتلەر و کوژرانی مۆسۆلینی و گیران و لەناوچوونی شەڕ هەڵایسێنەکان تەواوبوو. هیوا و هومێدی گەلانی ژێردەست و زۆرلێکراو گەشەی پەیدا کرد. لەشکری هاوپەیمانەکان لە ئێران چوونەدەر. لە حاڵێکدا کە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی دەگرت.
گەلی کورد یەکێک بوو لەو گەلانەی کە هیوای بە دواڕۆژی گەشەداری خۆی دەم بە دەم پەرەگرتر دەبوو.
دەستەیەک لە ڕووناکبیران و ئەندامانی کۆمەڵەی «ژ. ک» هاتنە سەر ئەو بڕوایە، کە جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆمەڵە لە هەلومەرجی ئێستای جیهان و کوردستاندا ئیمکانی کەمە. بۆیە بەرنامەیەکی کورت و نوێیان کە لەگەڵ هەلومەرجی ئەو سەردەمیدا دەگونجا گەڵاڵە کرد و لە ڕۆژی سێی خەزەڵوەری ١٣٢٤ (١٩٤٥) یەکەم کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد گیرا و ئەو بەرنامە پەسندکرا و ڕێکخراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەسەر بناخەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی «ژ. ک» دامەزرا و تەنیا لە کادری ڕابەریدا ئاڵوگۆڕێک پێکهات و پێشەوا قازی موحەممەد کە ئەندامێکی سادەی کۆمەڵە بوو و ناوی نەهێنیی «بینایی» بوو، بە پێشەوای حیزب هەڵبژێردرا و سەرۆکی کۆمەڵە کە پیاوێکی زۆر تێکۆشەر و ئازا و پاک بوو لە کادری ڕابەریدا نەما. ئەم ئاڵوگۆڕە هیچ کاری نەکردە سەر ئەو پیاوە و لە ڕیزەکانی خوارەوەی حیزبدا درێژەی بە خەبات و کاری خۆی هەر دا و ڕەنجێکی زۆری کێشا.
لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەدا من بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا لە بەرامبەر خەڵکدا شیعرم خوێندەوە. کاتێک بەڕێوەبەری کۆبوونەوە گوتی: ئێستا «ئاغای هێمن» شیعرتان بۆ دەخوێنێتەوە و من بۆ شیعر خوێندنەوە بە شەرمەوە چوومە سەر مینبەری مزگەوتی سووری مەهاباد، هەموو کەس تەنانەت پێشەواش واقی وڕما و لە خۆیان دەپرسی: چۆن هێمن شاعیر و نووسەری نیشتمان «سەیید موحەممەد ئەمینی شێخەلئیسلامی» بوو و ئێمە نەمان دەناسی؟ بابیشم کە ئەوەی بیستەوە لە گفتی خۆی پەشیمان بۆوە و گوتی هێمن شاعیرێکی باش نییە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆڕێکی بە ناوی «هەیئەتی ڕەئیسەی میللی» هەڵبژارد کە منیش یەکێک بووم لە ئەندامەکانی. لە هەڵبژاردنی ناوخۆدا حاجی بابەشێخ کە پیرترین ئەندام بوو، بە سەرۆک و من کە لاوترین ئەندام بووم بە سکرتێر هەڵبژێردراین. چەند مانگ لەو کۆڕەدا کارم کرد. کارێکی گران بوو. هەر من بەتەنێ بە کارەکان ڕادەگەیشتم و حاجی بابەشێخی ڕەحمەتی هەر ئەوەندەی لەسەر بوو ئەوی من دەینووسم ئیمزای بکا. هەرچەند لەبارەی دەستەڵات و ناوبانگەوە کارێکی گرنگ بوو، بەڵام لەگەڵ زەوقی من ڕێک نەدەکەوت. بەتایبەتی بەڕێ چوون لەگەڵ حاجی بابەشێخی خۆبەزۆرگر و کەللەڕەق کارێکی هاسان نەبوو.
لێرەدا کە باسی حاجی بابەشێخ هاتە گۆڕێ دەمەوێ شتێکی مێژوویی ڕوون بکەمەوە. لە نووسراوی چەند پیاوی بێخەبەردا دیومە و لە خەڵکی ساکاریشم بیستووە تاوانی خەیانەت وەباڵ حاجی بابەشێخ دەدەن. من حاجی بابەشێخم خۆش نەدەویست. چونکە لەگەڵ ئەوەشدا دەیانگوت لە علوومی دینیدا زۆر شارەزایە و ڕیازیاتی کۆن زۆر دەزانێ، پیاوێکی زۆر کۆنەپەرست و کەللەڕەق و خۆپەرست و ناشارەزا بوو. بەڵام زۆر ڕاست و پاک و ئازا و بە بیر و باوەڕ بوو. بە هیچ بارێک تاوانی خەیانەتی پێوە نانووسێ. لەکاتی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی مەرکەزیدا دوور نییە فریوی خواردبێ و بە هەڵە چووبێ. بەڵام لە ڕێگای ڕاست لاینەداوە.
بڵاوە پێدانی گەمارۆی دەوری سەقز و سەردەشت و خوڕخوڕە کە تاوانەکەی دەخەنە سەر حاجی بابەشێخ پێوەندی بە مەسەلەیەکی قووڵ و نەهێنیی سیاسییەوە هەیە کە لێرەدا جێگای باسکردن نییە و با جارێ دەرخۆنەی لەسەر دابنێین و زۆر لە دەستەڵاتی حاجی بابەشێخ بەرەژوورتر بوو. حاجی بابەشێخ ئەوەندەی دەستەڵات نەبوو فەرماندەیەکی دەوروبەری ئەم شارانە بە قسەی بکەن و بکشێنەوە. خۆ ئەو هیچ مەسئوولییەتی لەشکری نەبوو، لەشکری کوردستانیش وەک لەشکرێکی ڕەسمی بە قسەی فەرماندەکانی خۆی دەکرد نە بە قسەی سەرەکوەزیرێکی بێدەستەڵاتی غەیرە نیزامی. هیوادارم بەم کورتە نووسینە خوێنەرەکانم ڕوون کردبێتەوە.
من وازم لە سکرتێریی هەیئەتی ڕەئیسەی میللی هێنا و لە کومیسیونی تەبلیغاتی حیزبدا دەستم بە کار کرد. لە هەموو چاپەمەنییەکانی حیزبدا دەستم بە نووسین کرد. لە ڕۆژنامەی کوردستان و گۆواری کوردستان و هاواری کورد و هاواری نیشتمان و گڕوگاڵی منداڵان و گۆواری هەڵاڵەدا شیعر و وتارم بڵاو دەکردنەوە و لە میتینگەکانی حیزبدا بەشدار دەبووم. لە دەستەیەکدا کە بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاریان دەکرد، ئەندام بووم. ئەندامە ئەسڵییەکانی ئەو لیژنە وەک لەبیرم مابێ، زەبیحی و هەژار و برایمی نادری و دلشادی ڕەسولی و من بووین. پێشەوا بۆ خۆی و چەند مامۆستای شارەزاش یارمەتییان دەداین. هەرچەند هیچمان لەو کارەدا پسپۆڕ نەبووین، بەڵام چونکە زۆر بە دڵسۆزییەوە کارمان دەکرد پێم وایە کتێبەکان کە بەداخەوە چاپ نەکران خراپ نەبوون.
ڕۆژی بیست و شەشی سەرماوەز ئاڵای کوردستان لە مەهاباد هەڵکرا و ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ کۆماری کوردستان دامەزرا. من نامەوێ لەو بارەوە بدوێم چونکە زۆری باس کراوە و تەنیا دەڵێم من لەو ڕۆژە پیرۆزانەدا بەشداربووم و شیعرم خوێندەوە.
لەو ماوەدا من و هەژار یەک ماڵ بووین، شەو و ڕۆژ پێکەوە دەگەڕاین. ماوەیەکیش قزڵجیمان لەگەڵ بوو. کاتی بێکاری و سانەوەمان زۆر خۆش ڕادەبوارد. من کە پایەی خوێندەواری و زانیاریم زۆر لەوان کەمتر بوو، لە هاونشینیی ئەوان کەڵکم وەردەگرت و شت فێر دەبووم. چونکە من و هەژار بۆ هەموو جێگایەک پێکەوە بووین و لێک هەڵنەدەبڕاین، زۆر کەس نەیدەزانی کاممان هەژارە و کاممان هێمن و ئەگەر یەکمان بەتەنێ گەڕاباین دەیانگوت کوا ئەوی تر؟
پاش دووی ڕێبەندان و پێکهاتنی کۆماری کوردستان کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان ڕوویان لە مەهاباد کرد و من و هەژار لەگەڵ هەموو پیاوە بەناوبانگەکان پێوەندیی دۆستایەتیمان دامەزراند. مامۆستا قانیعیشم ناسی و لە ئەزموونی ئەدەبیی ئەویش کەڵکم وەرگرت. زۆرم بیرەوەریی خۆش لە هاونشینیی مامۆستا قانیع هەیە کە بەداخەوە لێرەدا مەجالی گێڕانەوەیان نییە.
دایکم لەمێژ بوو دەیویست ژنم بۆ بێنێ و تا نەمردووە من بە زاوایی ببینێ. بەڵام من ملم ڕانەدەکێشا و نەدەچوومە ژێر بار. خۆم بە خوێندەوار دەزانی و پێم وا بوو هەق نییە دایک و بابم ژنم بۆ بێنن. بۆ خۆشم لە هەڵبژاردنی دەزگیراندا دڕدۆنگ بووم و هەتا گەورەتر دەبووم ئەو دڕدۆنگییەم زیادی دەکرد. لەو ئاخیرانەدا هاتبوومە سەر ئەو خەیاڵە کە ئەسڵەن ژن نەهێنم و بە ڕەبەنی بمێنمەوە. هیچ کچێک تەبعی جوانی پەرستی منی ڕازی نەدەکرد و ڕەنگ بێ ئەگەر دایکم نەبووبا ئێستاش بوخچەی نەکراوە بووبام. بەڵام دایکم ئەو ساڵی پێی لێ لە کەوشان کردم و گوتی: ئیللا بیللا، پێت خۆش بێ و پێت ناخۆش بێ ژنت بۆ دێنم. لەولاشەوە هەژاری لێ دنە دابووم و شەو و ڕۆژ لەبن هەنگڵمدا بوو. هەژار بەتەمەن چی وا لە من گەورەتر نەبوو. بەڵام سارد و گەرمی ڕۆژگاری لە من زۆر پتر چێشتبوو. دوو جاری ژن هێنابوو و ئەزموونی لەو بارەوە زۆر بوو. توندی و سەرەڕۆییی دایکم و نەرمە نەرمە و دنەدانی هەژار دڵیان نەرم کردم.
دایکم برازایەکی خۆی کە کچی پیاوێکی بەدەستەڵات و دەوڵەمەند بوو بۆ خواستم کە نە دیبووم و نە دەمناسی. درۆ نەبێ جارێکی دووربەدوور لەبەر مانگادۆشین دیبووم. ئەویش ڕوخسارم نەدیبوو. بەڵام دەمزانی کورتە باڵایە. ئەوەش سەیر بوو من ئەو خۆوێژە نەبووم کە گوتوویەتی: «سەد نەحلەت لە حاڵەتم هەر ئیی کورتم خۆش دەوێن» من لە ژندا ئەوی لە هەموو شت پتر سەرنجم ڕادەکێشێ بەژن و باڵای ڕێکوپێک و بەرزە. ئەوەشم بە دایکم گوت. گوتی: ڕۆڵە ئەو قسانە چن؟ زێڕیش بچووکە. دایکم ژنێکی دنیادیدە و بەئەزموون و کارامە و زۆر بەدەستەڵات بوو. خزم و کەسوکار و دۆست و ئاشناشمان زۆر بوون، لەناو ئەو هەمووانەدا ئەو برازایەی هەڵبژاردبوو. دیارە ئەو بەدوای کچی شۆخ و شەنگ و جوان و چەلەنگدا نەگەڕابوو. ئەو دەیویست بووکێکی ئاکار باش و ڕەفتار چاک و وریا و بەمشوور و ماڵداریکەری هەبێ.
شاییی هێمن دەست پێکرا، هەژار هەڵبەزی، سەرچۆپی کێشا، دەستی دۆی ناسک و نازداری گوشی، چاوی لە کیژۆڵان داگرت و شەوانەش بەو قسە قۆڕانەی خۆی کۆڕی دیوەخانی وە پێکەنین دەخست. بەڵام هێمن نیگەران بوو، نیگەرانی دواڕۆژی خۆی و بیری لەوە دەکردەوە چۆن لەگەڵ ژنێک کە هەڵبژاردەی دایکیەتی و بۆ خۆی نەیدیوە و نایناسێ، دەتوانێ ژیان بەرێتە سەر. نەیدەزانی تۆقی لەعنەتی بۆ دێنن یا فریشتەی ڕەحمەت.
ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٢٥ بووکیان بۆ دابەزاندم. دیارە ئەو پەریی ناسک و نازدار و شۆخ و شەنگ و جوان و چەلەنگە نەبوو کە خەیاڵی شاعیرانەی من بەشوێنیدا دەگەڕا و هێشتاش تووشی نەبووە. بەڵام زۆر زوو توانی خۆی لە دڵی مندا جێ بکاتەوە و وا لە خۆی بکا کە لە قووڵاییی دڵمەوە خۆشم بوێ و ببێ بە یاری هەمیشەیی و خەمڕەوێنی ڕۆژانی تاڵ و تفتی ژیانم. بیست و سێ ساڵ پێکەوە ژیاین و لە پەنا ئەودا هەستم بەسانەوە دەکرد. قەتی ئەوەندە دڵ نەشکاندم ڕۆژێک تا ئێوارە لێی زیز بم و دەنگی لێ بگۆڕم. زۆر لە ژیانی ژن و مێردایەتیم ڕازیم. ئیقرار دەکەم ژیانی خۆشی ژن و مێردایەتیمان زیاتر ئەو پێکی هێنابوو. چونکە من دەزانم حەساس و تووڕە و تەنانەت بیانووگر و جینگنۆکەم، بەڵام ئەو هێدی و ئارام و ژیر بوو و بیانووی نەدەدا دەستم. تاقە کوڕێکمان بوو ناوی نا «سەلاح»، ئەوە ماوەیەکی زۆرە لە دیداریان بێ بەشم و دەردی دووری دەچێژم. یادیان بەخێر.