لە کوێوە بۆ کوێ ٣

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 26 دقیقه  2296 مشاهده

هێشتا مانگێک بەسەر شەوی زاوایەتیمدا ڕانەبردبوو و بە قسەی ئەوڕۆ مانگی هەنگوینم تەواو نەکردبوو، کە بەداخەوە ئەوەی نەم دەویست ڕووبدا ڕووی دا و ئەوەی پێم خۆشبوو بمرم و نەیبینم دیتم. ڕیسەکەمان لێ بۆوە خوری. هێلانەکەمان لێ شێوا و کۆمارەکەمان ڕووخا و دوژمن بەسەرماندا زاڵ بۆوە.

ماوەیەک بوو هەست بە مەترسی دەکرا. جەبهەی سەقز و سەردەشت قایمتر دەکران. چەند دەرەبەگی بەناوبانگ و خاین ڕایان کردبوو بۆ عێراق و یەک دوو مەلا و شێخی خوێڕیەپیاو دەسبەسەر کرابوون. حکوومەتی ئازەربایجان لەشکرێکی ساز و تەیاری بۆ پشتیوانی پێشمەرگە ناردبووە جەبهەی سەقز، چونکە وا بەراورد کرابوو کە تەنیا لەو جەبهەڕا ترسی پەلاماری دوژمن هەیە. لەپێشداش چەند جار لەو جەبهەڕا دوژمن پەلاماری هێنابوو، بەڵام زۆر خراپ شکابوو و زەبری دەستی پێشمەرگەی کوردستانی چێشتبوو.

ئازەربایجان حکوومەتێکی گەورەتر و بەهێزتر و زۆر تەیارتر و پڕ چەکتر بوو لە کوردستان. خەتی دیفاعی ئازەربایجانیش زۆر قایمتر بوو. کەوابوو کەم کەس بە خەیاڵیدا دەهات لە ڕێگای ئازەربایجانەوە پەلامار بۆ سەر جوولانەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی ئێران بهێنرێ.

ماوەیەک بوو بۆ ئەوەی کارەکانی حیزبی باشتر ڕابپەڕن پاش ئەوەی شەوانە پێشەوا کە زۆر شەو تا درەنگ لە دەفتەری حیزبدا دەماوە دەچۆوە ماڵی خۆی، کادرێکی حیزبی لە دەفتەری حیزبدا دەماوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خوارەوە ئەگەر پێویست بوو بە پێشەوا ڕابگەیەنی و دەستوراتی پێشەوا بۆ خوارەوە بنێرێ. ئەو شەوی نۆرەی منی تازە زاوا بوو.

لە دەفتەری حیزب دانیشتبووم و خەریکی نووسینی مەقالەیەک بووم بۆ «کوردستان»، ئەفسەرێکی بچووک بەڵام دۆستێکی گەورەی من و ئەندامێکی زۆر بەوەفای حیزب هاتە ژوور. زۆرم پێ ناخۆش بوو کە دەستی بۆ ڕادیۆکەی سەرمێزەکە برد. چونکە نووسینەکەی لێ تێک دەدام. بەڵام چم نەگوت و قەڵەمەکەم دانا.

لەپڕ شتێکی وامان گوێ لێ بوو کە وەختابوو پێمان بە عەرزەوە وشک بێ. ڕادیۆ تاران تەلگرافی پیرۆزبایی دوکتور جاوید وەزیری ناوخۆی ئازەربایجانی دەخوێندەوە کە بەبۆنەی گەڕانەوەی ئەرتەشی شاهەنشاهی بۆ تارانی ناردبوو. دوایە خەبەری ڕاکردنی «موتەجاسیرین» ی ڕاگەیاند. موتەجاسیر و ماجەراجوو دوو ناو بوون کە لەو شەوەڕا بەسەر بەڕێوەبەرانی جوولانەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ئازەربایجاندا بڕان و ئێستاش دەزگای تەبلیغاتی ڕێژیم دووپاتەیان دەکاتەوە و دەیانهێنێتەوە کاوێژ.

دەسبەجێ بە تیلفوون ئەو خەبەرەم بە پێشەوا ڕاگەیاند. گوتی بۆ خۆت وەرە ئێرە و بە ئەوانی تریش ڕابگەیەنە بێنە ئێرە. بەدوای ئەوانمدا نارد و بۆخۆم چووم بۆ ماڵی پێشەوا.

سەدری قازی برای پێشەوا کە نوێنەری مەجلیس بوو لە تاران و بە ڕواڵەت نەدەبوو لەو واقیعە بترسێ، لە هەموو کەس پتر شڵەژابوو. ئەو دەسبەجێ گەڕاوە بۆ تاران و لەوێ گرتیان و هێنایانەوە مەهاباد.

ئازەربایجانی وا تەیار و پڕ چەک بە لەشکری ساز و پەرداخ و فەرماندە لێزانەکانیەوە بۆ وا زوو تەسلیم بوو؟ پیشەوەری کارامە و شۆڕشگێڕ و کۆنەپیاو و ئازا و ڕابەرەکانی تری ئازەربایجان بۆ وا بە پەلە ڕایان کرد؟ پرسیارێکە کەس بە تەواوی جوابی نەداوەتەوە و منیش جوابم بۆ نادرێتەوە. بەڵام دڵنیام ئەگەر فیدایی دەستی کردباوە و ئەگەر فیرقە بەربەرەکانی بکردایە، لەشکری شڕوشپڕێوی تاران نە تەنیا پێی لە تەورێز نەدەنا و ئەو هەموو کوشتارەی نەدەکرد، بەڵکە تارانیش دەشێوا و لەوانەبوو لە سەرتاسەری ئێراندا جوولانەوەی ئازادیخوازی بەسەر کۆنەپەرستیدا سەرکەوێ و تەنانەت نفووزی ئیمپریالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زووتر بنەبڕبێ. بەڵام وەک زانایان گوتوویانە مێژوو ئەوەیە ڕوو دەدا نەک ئەوە کە ئێمە دەمانەوێ.

بەڵێ کوتوپڕ تەورێز گیراوە و کوردستانیش لە هەموو لاوە گەمارۆ درا. پاش ئەوەی سەدری قازی نازانم بۆ چی بەرەو تاران گەڕایەوە ڕابەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ماڵی پێشەوا کۆبوونەوە و ئەو شەوی ڕووحیەی هەموو کەس دەتوانم بڵێم باش بوو. شورای جەنگ بە سەرۆکایەتی حاجی بابەشێخ پێک هات و سورەت جەلسەی یەکەم ئیمزا کرا و قەراری بەربەرەکانی درا. بەڵام هێشتا مەرەکەبی بڕیارنامەکە وشک نەببۆوە کە خەبەر هات یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو شورایە ڕای کردووە.

بۆ بەیانی وەزع گۆڕا و بڕیاری بەربەرەکانی هەڵوەشاوە و بە پێشمەرگە دەستوور درا بێ دەستکردنەوە پاشەکشە بکا و ڕێگا بۆ ئەرتەش بەتاڵ بکا و خەڵک دەستێکی کەوتە ئەولای و یەکێکی کەوتە ئەملای.

پێشمەرگە لە جەبهەی سەقز و سەردەشتەوە بە ڕێکوپێکی پاکشەی کرد. بەڵام فیدایییەکان کە فەرماندەکانیان ڕایان کردبوو وەک مەڕی بێ شوان بڵاوبوون و عەشایر لێیان وەخۆکەوتن و هەموویان داپڵۆسین و نەیانهێشت تاقە فیشەکێک لەگەڵ خۆیان بەرنەوە. بەڵام نەوێرانە پێشمەرگە. تەنیا لەناو مەنگوڕان پێشی دەستەیەکیان گرت کە بە فەرماندەیی زێڕۆی دەگەڕاوە، زێڕۆش کە بۆ خۆی شڕەخۆرێکی وەک ئەوان بوو، دەستی نەدا و بەگژیاندا هاتەوە و تەنانەت چەند گوندیشی تاڵان کرد و گەیشتەوە مەهاباد. ئەوانی فیدایییەکانی ئازەربایجانیان ڕووت کرد کەسیان نەکوشت. ئەوی من وەبیرم بێ لەو کارەساتەدا تەنیا پێشمەرگەیەکی کوردی عێراق شەهید کرا و هێندێکیشیان ناپیاوانە ڕووت کردن. فەرماندەی ئەرتەش بێ هیچ زەحمەت گەیشتە گوندی حەمامیان و پێشەوا لەوێ دیتی.

لەو ماوەدا من هەمیشە لەگەڵ پێشەوا بووم. دیارە لەگەڵی نەچوومە حەمامیان، بەڵام لە شاری بەجێم نەهێشت. دەمدیت پەشۆکابوو. بەڵام نەک لە ترسان، بەڵکە لە داخان و لەبەر ناهومێدی.

من لەمێژ بوو پێشەوام دەناسی و لە ڕۆژی تەنگانەدا دیبووم. بە دەست و تفەنگی خۆی پیاوێکی زۆر ئازا بوو. پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان چەند جار عەشایر هاتنە سەر مەهاباد و پێشەوا بۆخۆی لە یەکەم سەنگەردا بۆ دیفاع ئامادەبوو. ئەدی چۆن بوو ئەوجار تەسلیم بوو؟ بۆخۆم لێم بیست گوتی لەسەرمانەوە ناچن و دەمانکوژن. بەڵام پێم خۆش نییە گەلەکەم بەجێ بێڵم و دەمەوێ لەناو ئەواندا بمرم.

ڕاستە کوردستان پاش گیرانەوەی ئازەربایجان و لەدەستدانی ئەو هاوپەیمانە بەهێزە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ درابوو، ڕاستە بەشێکی عەشایر گوێیان لە کڵاو پەڕاندبوو و چاوەنۆڕی خراپەیان لێ دەکرا، ڕاستە خەزێنەی کۆمار بەتاڵ و حەتاڵ بوو و هەمووی درابوو بە تووتن و هێشتا نەفرۆشرابۆوە و لە عەمباردا مابۆوە، ڕاستە لە هەموو یارمەتییەکی دەرەوە هیوابڕاو کرابوو، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم لەو بڕوایەدام ئەگەر دەستەوەکەری کرابا و ئێمە ئەزموونی شۆڕشگێڕیمان هەبا مێژووی کۆماری مەهاباد بەو جۆرە دوایی نەدەهات کە هات.

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٥-١٩٤٦ ئەرتەشی شڕوشپڕێوی شاهەنشاهی تەواو ساڵەوەختێک پاش هەڵکردنی ئاڵای کوردستان شاری مەهابادی گرتەوە.

هێندێک لە بەڕێوەبەران و کادرەکانی حیزب ڕایان کرد و خۆیان شاردەوە و هێندێکیش دانیشتن و چاوەنۆڕی گرتن بوون. من ئەو ڕۆژی لە شار وەدەرکەوتم و چوومە خانەقای شێخی بورهان. لەوێ شێخ موحەمەدی خاڵم حەشاری دام و لەبن باڵی خۆی گرتم. لە خانەقا بووم کە خەبەری گیرانی پێشەوا و ڕابەرانی حیزب و کۆمارم بیست. پیاوم وەدووی هەژار خست بیبینمەوە و پێکەوە تەگبیرێک بکەین. ئەویش بۆی دەرچووبوو و بۆم نەدۆزراوە.

نەخۆشی کەوتوویی لە خانەقا هەبوو، زۆر کەس گرتبووی و چەند کەسیشی کوشتبوو. من جارێکی تر هەر لەو خانەقایە ئەو نەخۆشییەم گرتبوو و زۆری لێ دەترسام. گوتوویانە هەرچی بترسێ ناخەلسێ، هێندە پێ نەچوو گرتم و کەوتم. بەفرێکی یەکجار زۆر و ئەستوور کەوتبوو، هیچ دوکتۆرێک بەو بەفرە نەدەگەیشتە خانەقا. دوو مانگی ڕەبەق بۆی لەسەر ڕەقی پشتی کەوتم. ئەسپەک لەسەری دام و قسەی هاتەران پاتەرانم دەکرد. هەموو بەندەنم بەنوێنانەوە چوو و توێخی هاویشت. بەڵام ئەوجاریش لە دەست ئیزرائیل ڕزگاریم هات.

کە لە نەخۆشی هەستامەوە بەفریش کەم ببوو، ڕێگا کرابوونەوە. وایان بە مەسڵەحەت زانی بۆ ئەوەی کەمێک ژیوەلە ببمەوە و گورد بگرمەوە بە دزی بچمەوە ماڵی خۆمان کە لە شار نیزیک بوو و دەرمان و خواردنی باشتری لێ وەدەست دەکەوت. چاک لەبیرم نییە چەند ڕۆژان لە ماڵێدا تەماڵم هەڵگرت و خۆم مەڵاس دا.

ڕۆژێک لە ژوورێ دانیشتبووم و کتێبم دەخوێندەوە، لەپڕ لەناو دێدا بوو بە شین و گابۆڕ. ناردم بزانم چییە؟ قاسید بە گریان و لەخۆدان هاتەوە و گوتی ئەوانەی لە شاری هاتوونەوە دەڵێن دەوری شار گیراوە و نایەڵن کەس بچێتە ناو شار یا وەدەرکەوێ و دەنگۆیە و دەڵێن پێشەوا شەهید کراوە. هێندەی پێ نەچوو قسەکە دڕا و مەعلووم بوو پێشەوا و سەدری قازی برای و سەیفی قازی ئامۆزای لە چوارچرا لەدار دراون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و ئەو کارەساتە جەرگبڕە هەموو کوردێکی بەشەرەفی خەمناک و تازیەبار کرد. بەتایبەتی دڵی منی بە ناسۆر ئەنگاوت. ناسۆرێک کە بۆتە تیراوێ و ئێستاش هەر وەبن دەداتەوە و هەڵدەداتەوە و بێگومان ساڕێژ نابێ و لەگەڵم دێتە بن گڵ.

من پێشەوام لە دڵەوە خۆش دەویست. بە ڕابەرێکی دڵسۆز و ژیرم دەزانی، بە کوردێکی پاک و چاکم دەناسی و بە موسلیحێکی یەکجار گەورە و مەزنم دەزانی. دەمزانی نەتەوەکەی خۆی چەند خۆش دەوێ و چەندی پێ خۆشە خزمەتی بکا. چەند بە ئاواتەوە بوو کورد بگاتە ڕیزی نەتەوە بەختەوەرەکان. زۆرم هیوا پێ بوو گەلەکەمان بە پەلە بەرێتە پێش و وڵاتەکەمان زوو ئاوەدان بکاتەوە. لەو ماوە کورتەشدا دەزانین چەندی خزمەتی بەکەڵک کردن. بەڕاستی مەرگی پێشەوا نەک هەر بۆ نەتەوەی کورد بەڵکە بۆ جوولانەوەی ئازادیخوازی و دژی ئیمپریالیستی سەرانسەری ئێران زیانێکی گەورە بوو. دەریایەک زانست و ئەدەب، دەریایەک فیکر و بیر، بەدەستی زۆردارێکی سەرەڕۆ و نەزان وشک کرا و لەناوچوو.

سێ ڕۆژ پاش شەهیدبوونی پێشەوا یانی ڕۆژی سێزدەبەدەر قەلفڕم بۆ کرد و لەگەڵ پیاوێکی هەژار و هاواڵێکی زۆر بەنرخی حیزبی بەرەو کوردستانی عێراق وەڕێ کەوتین. بە دوو ڕۆژ و دانێک سنوورمان پەڕاند. لەوبەری جۆگەوە بازم دا ئەوبەری جۆگە بە ڕواڵەت هیچ فەرقێکم نەهاتە پێش چاو. بەڵام لە واقیعدا سنووری سیاسی وڵاتێکم پەڕاندبوو و چووبوومە وڵاتێکی دیکە. گەیشتمە شاری قەڵادزە، وەنێو بازاڕ کەوتم و نەکەوتم بە بەرگ و لیباس پۆلیس ناسیمی و زانی لەو دیوڕا هاتووم. پیلیان گرتم و خەریک بوون تێکمەوە پێچن. بەڵام مەلایەک و حاجییەک بێ ئەوەی بمناسن باڵیان بەسەردا کێشام و نەجاتیان دام. نەقلەکە ڕاست لە من ڕووی دابوو لە ترسی ئاگر پەنام بۆ مار بردبوو. مەلا پێی خۆش بوو بمناسێ. منیش لەگەڵ ئەوەشدا پێم خۆش نەبوو کەس بمناسێ و ناوی خۆم بە کەس بڵێم خۆم پێ ناساند. دیاربوو مامۆستا منی لە دوورەوە دەناسی. ئەو شەوەی زۆری حورمەت گرتم و لە حوجرەی فەقێیان نووستم و بەیانی بۆخۆی وەپێشم کەوت و بردمی بۆ گوندی گردبوداغ. من بە هیوا بووم سۆراخی هەژار و زەبیحی و قزڵجی و دڵشاد بکەم و قسەی خۆمان بێ لە دڵی خۆمدا وام دانابوو یەک بگرینەوە و سەرلەنوێ دەستبەکار بینەوە. دیارە ئەو قسەم بە مامۆستا عەرز نەکردبوو، بەڵام پێم گوت دەمەوێ ئاواڵەکانم ببینمەوە. مامۆستا گوتی جارێ ڕووبار زۆرن و بوار نین و بێجگە لەوە ئەو کوردانەی ئێرە کە هاتبوونە ئێران هاتوونەوە و دانگەریزە دەکەنەوە بۆ لای شاران و پۆلیس ئامادەیی هەیە. جارێ ماوەیەک لێرە بە تا وڵات کەمێک ئارام دەبێتەوە. هاوڕێیەکەم ناردەوە و بۆ خۆم دەستم کرد بە خوێندن و سەرلەنوێ بوومەوە فەقێ. زۆر چاکم دەخوێند. هەم خۆم دەخافڵاند و وەڕەزی خۆم دەشکاند و هەم دەمویست ئەوی لە سووریم دۆڕاندووە لە کایەی تێ هەڵبێنمەوە. هێشتا لاو بووم و ئەگەر خوێندبام دەمتوانی شتێک بە شتێک بکەم. بەڵام خوێندنەکەم زۆری نەخایاند. بیستم وەزعی ئێران ئارام بۆتەوە و دەستیان لە خەڵک گرتن هەڵگرتووە و لێکم داوە پاش ئەوەی لێرەش هەر قاچاغم و ناوێرم بگەڕێم بۆ سەرێک لە وڵاتی خۆمان نەدەمەوە؟ ئەگەر زانیم دەحاوێمەوە ئەوە هەر لەوێ خۆم حەشار دەدەم. بە تاقی تەنێ ڕووم لە کوێستانە خۆشەکانی کوردستان کرد بە نێو چادر و هۆبە و گوڵ و گوڵزاراندا گەڕام. شەنگەبێری کێل گەردنم دین. لەو گەشت و گەڕانەدا بووم کە پارچە شیعری بەهاری کوردستانم گوت، کە بۆخۆم ئێستاش زۆرم خۆشدەوێ و بە شاکاری دەزانم. ژاندارم و پۆلیس لە هیچ کوێ تووش نەبووم و بێ سەدەمە گەیشتمەوە گوندەکەی خۆمان. ڕاوەستام تا شەو بەسەر دەستاندا هات و بە تاریکی چوومە ماڵێ. یەکسەر چوومە پشت دەرکی ژووری بابم. بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا خۆم گرت. چونکە بابم خۆ لە خەڵک گرتن و گوێ لە قسەی خەڵک هەڵخستنی زۆر پێ ناخۆش بوو. تەنانەت ژنی ماڵی ئێمە لە ترسی بابم قەت نەیان دەوێرا شەمۆڵە بگرنەوە کە ئەودەم لە لادێدا زۆر باو بوو. لە درزی دەرکەوە دیتم بابم بە حەواوە ڕاوەستاوە و لەگەڵ ئەو پیاوەی کە لەگەڵم هاتبوو بۆ کوردستانی عێراق قسە دەکا و پێی دەڵێ ڕۆڵە پێم بڵێ لە کوێیە بۆخۆم پیاو دەنێرم. ئەویش دەڵێ دوو ڕۆژی دی بۆخۆم دەچم و دەیهێنمەوە. قەولم پێداوە جێگا و شوێنی ئەو بە کەس نەڵێم. بابم کەمێک بە تووڕەیییەوە گوتی چۆن بە منیش ناڵێی. گوتی نەخێر بە تۆش ناڵێم. بە دایکیشی ناڵێم، قەولم پێداوە و قەولی خۆم دەبەمە سەر. ماندوویی ڕێگا و کوێرەوەری غەریبی و لێ قەوماویم لەبیر چۆوە و لە دڵی خۆمدا گوتم چۆن زەحمەتکێشانی کورد کوڕی وایان لێ پەیدا بووە؟

بەڵێ زۆر قارەمانی وا لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا هەن کە بە شەرەفەوە ژیاون و بە شەرەفەوە دەمرن و مێژووش لەبیریان دەکا. ئەو پیاوە، پیاوێکی هەژار و زەحمەتکێش و نەخوێندەوار بوو. لە سەرەتای کۆمەڵەوە بە بڕوایەکی قایم و تەواوەوە هاتبووە ناو کۆڕی خەبات و بێ ئەوەی خۆی ڕانێ خزمەتی زۆر گەورەی کردبوون و کەسیش باشی ناناسێ و منیش لێرەدا ناوێرم ناوی بەرم. چونکە نازانم ماوە یا نەماوە و دەشزانم ئەگەر مابێ تووشی دەردی سەر دەبێ.

چیدی خۆم پێ ڕانەگیرا و چوومە ژوورێ. دایکم و بابم و کابرا واقیان وڕما. دایکم ئامبازم بوو و تێڕوپڕی ماچ کردم. بەڵام بابم ئەو بابەی کە قەت ڕووی نەدەدامێ و لەبەر هیچ کارەساتێک نەدەچۆما و بەمەتانەت و خۆڕاگری لە وڵاتدا ناوبانگی هەبوو و هەتا ما یەکمان جگەرەمان لەکن نەکێشا و بێ ئیجازە دانەنیشتین. خۆی پێ ڕانەگیرا و بە لووزە و فرمێسکی لە چاو هاتە خوار و هەتا ماوەیەک هیچ قسەی بۆ نەکرا. دوایە بۆ یەکەم جار و ئاخر جار لە ژیانمدا بەخێرهاتنی کردم و گوتی چاک بوو هاتیەوە. ئەوە لە دوام دەناردی عەفوی عمومی بۆ عەشیرەتان دەرچووە. ڕاستە ئێمە عەشیرەت نین. بەڵام خەڵکی گوندین و دەتوانین لەو دەرفەتە کەڵک وەرگرین. ماڵی دنیام زۆرە و ئێستا هەموو شت بە بەرتیل دەکرێ. جارێ ماوەیەک لە ماڵێ دانیشە و هاتوچۆی شاروباران مەکە تا بزانین دنیا چی لێ دێ.

لە ماڵێ دانیشتم و چ باس نەبوو وردە وردە خەڵکیان بەردا. منیش دەستم کردەوە بە جووت و گا و ئاژەڵدارییەکەی خۆم و هاتمەوە سەر حووللەمەرەسێ.

حیزبی تودەی ئێران بە ئاشکرایی خەباتی دەکرد و ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی زیاتر لێ کۆ دەبوونەوە. لە ڕۆژنامەکانی خۆیدا ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی بە توندی دەکوتا و تیئۆری زانستی بڵاو دەکردەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کەم کەم بووژاوە و کادرە لاوەکانی دەستیان کردەوە بە خەبات. پیاو هەق بڵێ حیزبی تودە لەو سەردەمەدا لە بووژاندنەوەی حیزبدا ڕۆڵێکی باشی یاری کرد. تەنانەت لە پاراستنی ناوی حیزبدا. چونکە هێندێک لە لاوە ئازادیخواز و کەم ئەزموونەکان خەریک بوون ناوی حیزب بگۆڕن و بیکەنە کۆمەڵەی کۆمۆنیستی کوردستان و وەک بیستوومە بەڕێوەبەرانی حیزبی تودە مانیع بوون.

ژمارەیەک نیشتمان بڵاو بۆوە و گەیشتە دەستم و هومێدم پەیداکرد کە خەباتەکەمان پەرە بگرێتەوە. هەرچەند ڕاپۆرتیان لێ دام کە لە نووسینی ئەم گۆوارەدا دەستم هەیە و بڕێکیان ئەمبەر ئەوبەر پێکردم و بەخوای دەستێکیشیان بە یاڵ و بژیدا هێنام و پوڵ چایەکیان لێ ئەستاندم. بەڵام ئەوە چوو و ڕابرد نەمزانی لە کوێ چاپ کرا و هەر بە شێوە نووسین نووسەرەکانم ناسین.

ژمارەیەکیش ڕێگا دەرچوو و پێم گەیشت. یەکێک لە نووسەرەکانم دیت و بەڵێنی هاوکاریم پێدا، بەڵام بەداخەوە ئەویش تێداچوو.

لە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٧ ناسری فەخرارایی لە دانیشگای تاران شای وەبەر دەمانچان دا تۆزکاڵێکی دەم و لێو و پشت ڕووشاند. ئەو تاوانەیان هاوێشتە سەر حیزبی تودە و ئیجازەی ڕەسمی کارکردنی ئەو حیزبەیان هەڵوەشاندەوە و ڕابەرەکانیان گرتن و دەرکی ڕۆژنامەکانیان داخستن و لە سەرتاسەری ئێراندا حکوومەتی نیزامی دامەزرا. ئەوەش زەبرێک بوو کە بە نەخشەی ئیمپریالیزم و بە دەستی کۆنەپەرستی وەجوولانەوەی ڕزگاریخوازی ئێران کەوت.

بەڵام زۆری پێ نەچوو ڕۆژنامەکانی حیزبی تودە بە نهێنی دەرچوونەوە و ڕابەرانی حیزب توانیان لە زیندان ڕابکەن.

سەیر ئەوە بوو پاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد من بۆ یەکەم جار دوو ڕۆژ پێش واقیعەی دانیشگا وێرابووم بە ئاشکرایی بچمە مەهاباد و بە ڕۆژی ڕووناک بگەڕێم کە ئەو ڕووداوە لە تاران قەوما و لە مەهابادیش دەستیان کردەوە بە خەڵک گرتن. ناچار منیش خۆم شاردەوە. لەو خۆشاردنەوەدا شیعرێکی زۆر باشم لەژێر عینوانی «ژوانی ئاغا» دا گوت کە بە داخەوە خۆم نەمماوە و تکا لەو کەسانە دەکەم کە هەیانە بیپارێزن و ئەگەر کرا بۆم بنێرن.

ساڵی ١٣٢٧ ساڵێکی یەکجار تووش و شووم بوو. من بە عومری خۆم زستانی وا سەختم لە وڵاتی خۆمان نەدیبوو. پازدە ڕۆژی پایز مابوو بەفرێکی ئەستوور و وشک باری. یەک نوا لە هەموو جێگایەک لە میترێک پتر بوو. وشکەبەند و سەرما و ساییقەی بەدوادا هات و یەکسەر بوو بە ڕوو، بەفری دیکەشی بەسەردا بارین، ڕێ و بان گیران، قات و قڕی پەیدا بوو، ئاو وشک بوون و خەڵک ناچار بوو بەفر بتوێنێتەوە و بیخواتەوە. نەوت و ئاوردوو وەگیر نەدەکەوت. ئاژەڵ و ماڵات قڕانی کرد. ڕەپستە ڕزین و نەوەندە گنخان و گرانییەکی زۆر بەسامی بەدوادا هات.

من بۆخۆم لە ئەزموونی پیاوێکی دنیادیدە و کۆنساڵ کەڵکم وەرگرت و توانیم بەشێکی زۆر لە دەغڵودانی خۆمان لە ڕزین و زایەبوون ڕزگار بکەم.

بەهار درەنگ بوو، هەوا گەرم ببوو. بەڵام بەفر ئارەقیشی نەدەکرد. ڕۆژێک چوومە مزگەوت تەماشام کرد پیرەپیاوێک بەتەنێ لە تەنیشت سۆبە سارد و سڕەکە هەڵکورماوە. هەر منی دیت گوتی: منداڵی ئەو زەمانە ئێمەیان پێ خەرفاوە. گوتم مامەگیان چ قەوماوە؟ گوتی: بەسەری تۆ ئەوە چەند ڕۆژە بەو هەتیوە گێژانەی خۆم دەڵێم بچن بەفری سەر ڕەپستەکەمان کون کون بکەن گوێشم نادەنێ. گوتم جا بۆ کون کونی بکەن؟ گوتی بۆ تۆش نازانی؟ گوتم نەوەڵڵا. گوتی بیلامانێ کە ساڵ درەنگ بوو هەرد گەرم دادێ و هەڵمێ دەکا. بەفریش نایەڵێ هەڵمەکە بێتەدەر و لەناو خۆیدا دەگەڕێتەوە و دەغڵەکە دەسووتێ. ئەگەر کون بکرێ هەڵمەکەی دێتەدەر و ناسووتێ. قسەی مامەپیرەم بەدڵیەوە نووسا، چەند ڕۆژان پیاوم هەڵگرتن و چوومە زک بەفر کون کردن بەڵام کارەکە زۆر گران بوو. بەفرەکە ئەوەندە ڕەق بوو بەلۆسە کون نەدەکرا. بەڵام پاشان تێگەیشتم پەندی پێشینیان چەند ڕاستە کە گوتوویانە «دەستی ماندوو لەسەر زگی تێرە».

بەشی زۆری دەغڵی ئێمە ئەو ساڵی نەڕزی و نان و تۆوی خۆمان بوو.

ئەو ساڵی لە هیچ کوێ دەغڵ نەبوو. ئەو جووت بەندانەی زەوی ئاویژەیان بەدەستەوە بوو، هەرزن و گەنمەشامییان چاند و نیوەنانیان پەیداکرد. منیش هەرزن و گەنمەشامی زۆرم چاند و بەرهەمێکی باشیان دا. بەڵام لە گوندەکەمان هیچ داهاتمان وەگیر نەکەوت، چونکە بۆخۆیان هیچیان نەبوو تا بەشی ئێمە بدەن.

بۆ زستانی داهاتوو گرانییەکی بەسام سەرانسەری ئێران بەتایبەتی کوردستان و ئازەربایجانی داگرت. دەغڵی فرۆشتن هەر نەبوو، هەشبا لە کڕین نەدەهات. هیچ شتی تریش دراوی نەدەکرد. دوو مەڕی داشتی پووتە گەنمێکی نەدەکرد. کەویژە گەنمێکیان بە جووتێک کەڵی خاوێ نەدەدا. هاواری سەروماڵ بوو، برا ئاوڕی وەسەر برا نەدەدا. بەڵام من نەمدی و نەمبیست لە کوردستان کەس ڕاستەوخۆ لەبرسان بمرێ، هەرزن و گەنمەشامی خۆوڵاتی و گەنم و جۆ و خورمای عێراق هۆیان داوە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای تەبلیغاتی پادشایەتی ئێران لەو ساڵانەدا شەو و ڕۆژ و وەخت و بێ وەخت پەلاماری دەبردە سەر دەوڵەتی شوورەوی، ئەو دەوڵەتە وەک جیرانێکی باش و دڵسۆز گەنمێکی زۆری دا بە ئێران. ئەویش چ گەنمێک بە ڕوحی پیاوی پێدەکەنی. بە هاتنی ئەو گەنمە خەتەر کەم بۆوە و قاتوقڕی لە شاران نەما.

دەوڵەت لە دابەشکردنی ئەو گەنمەدا دێهاتیشی لەبیر نەکردبوو و لە ڕووی شوناسنامە میقدارێکی گەنم بۆ هەر خێزانێک دانابوو. بەڵام دەبوو ئاغا بە قەرزی سەرخەرمان وەری بگرێ و سەنەد بدا، جا بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەشی بکا. ئاغاکان گەنمەکەیان بە زیادەوە وەرگرت و وەک پیاوی چاک لەپێش چاوی کاربەدەستانی دەوڵەت بە سووت و سەلەم خۆرەکانی شاریان فرۆشت و دراوەکەیان نەخد و پوخت لە تەنکەی گیرفان قایم کرد. ئەوان ئەنگڕان، سووت خۆری شار قازانجیان کرد، سمێڵی پیاوی دەوڵەت چەور کرا و ئەوی لەو ناوەدا هیچی پێ نەبڕا هەژار و نەداری لادێ بوو.

لە بەهاردا خەڵکی دێهاتی ئازەربایجان لە حاڵێکدا کە وەک خەزەڵی پایز لەبرسان هەڵدەوەرین و پیاو ئاگری بۆ تێ بەردەبوون بە کوردستان وەربوون. گەلی کورد جارێکی دیکەش پیاوەتی و نان بدەیی و میوانداری خۆی نیشان دا.

هەر دەستەیەک ڕووی لە هەر ئاوەدانییەک دەکرد، خەڵکی ئەو ئاوەدانییە بەپیریانەوە دەچوون و ژەمێکیان تێر دەکردن و بەڕێیان دەکردن. زۆر ماڵی وا هەبوون ئەو ژەمە بۆ خۆیان هیچیان نەدەخوارد و دەیان دا بەو میوانە ڕەش و ڕووت و برسی و خورێنانە. ژاژ و پەنیر و لۆرک تایبەتی ئەوان بوو. ماڵی زۆر لەچەر و پیسکە نەبا ئەو ساڵی ڕزقی بۆ نەگیرا.

ئەگەر گەلی کورد بۆخۆی لە وەزعێکی وادا نەبوو بتوانێ میوانەکانی خۆی باش بەخێو بکا، کە بەهار کامل بوو نیشتمانەکەی، کوردستانی ڕەنگین و بژوێن باوەشی دایکانەی بۆ ئەو برسی و ڕەشوڕووتانە، بۆ ئەو لاواز و لەجەرانە، بۆ ئەو لێقەوماو و دەربەدەرانە کردەوە. لە نواڵە زەنویرەکانیدا سفرەی نیعمەتی بەهەڵز و مەندۆک و بیزا و کارگ و کوڕادە و زرەمەندی و سیوەڵووکە و وێنجە کێویلکە و کەنگر و ڕێواس و ئەسپنک و ئاڵەکۆک و دۆری و ترشۆکە بۆ ڕازاندنەوە.

بەڵێ دیتم لە چەرخی بیستەمدا، لەو چەرخەدا کە ئینسان ئەتۆمی شکاند، ڕاداری دروست کرد، تەنانەت مانگی داگیر کرد، ئینسانیش وەک ئاژەڵ و وڵسات لە کێو و کەژ بلەوەڕێ. دەمدیتن بە گیاخواردن بایان دەکرد. بەڵام نەدەمردن.

ئەو مێگەلە شپرزە و سەرگەردان و بێ شوانە بە چیا سەرکەشەکانی کوردستانی ئێراندا هەڵکشا و گڵۆپکی ئەو گیایانەی هەڵپساند و خۆی پێ تێر کرد و شۆڕبۆوە بۆ گەرمەسێری کوردستانی پڕ خێر و بەرەکەتی عێراق و وردە وردە دانگەرێزەی کرد تا بەسەر خێر و خۆشیاندا کەوت. لەوێ کەوتە فەرعانە. دەغڵودان فەریکە ببوو، خانەخوێش هەر کورد بوو، بەدڵ بوو، بەبەزەیی بوو، ئینسان بوو و دڵسۆزانە میوانداری کرد و بەخێوی کرد.

من لە ماوەی ئەو گرانییەدا پیاوەتی ئەوتۆم بە پیاوی نەدار و زەحمەتکێشەوە دیتن کە بەڕاستی مایەی شانازی ئینسانیەت بوون. بەڵام بەداخەوە کارەساتی زۆر دڵتەزێن و دیمەنی زۆر دزێویشم دیتن. من بە چاوی خۆم دیتم ئینسان لەبرسان مرد. من ئینسانم دیت لەبەر موحتاجی خەریک بوو نووری چاوی خۆی بە ئارد سەودا بکا و هەروەها زۆر حەیوانی دووپێی وام دیتن بە ڕواڵەت ئینسان بوون کەچی لەو وەزعە نالەبارە بۆ ئاخنینی گیرفان یا دامرکاندنی هەوەسی خۆیان کەڵکیان وەرگرت.

ڕۆژێک لەبن دیوارێکی خواروخێچ خۆم لەبەر بەڕۆچکە هەڵخستبوو و چیلکەم لە هەردی دەوەژاند، هێشتا خاکەلێوە بوو وڵات نەخەمڵیبوو. بیرم لە حاڵی ئەو خەڵکە هەژارە دەکردەوە، چەند منداڵی دێ هاتنە لام یەکیان گوتی: فڵانەکەس خەریکە ژن بێنێ. ئەو فڵانە کەسە پیرەپیاوێکی دڵڕەش و کۆنەگزیرێکی بەدفەڕ بوو. کەس کچی نەدەدایە و بێ ژن مابۆوە. پێکەنیم و گوتم: ئای لەو درۆیە! منداڵ تێکڕا وەجواب هاتن، بە پەلەپەل و سوێند و قوران خواردن گوتیان درۆ ناکەین. ئەوە خەریکە کچی ئەو کابرا حەجەمە بکڕێ و لە خۆی مارە بکا. ماشاڵڵا جوانیشە.

- چی، چی بیکڕێ؟!

- بەڵێ، بەڵێ، بیکڕێ و لە خۆی مارە بکا.

وەک فیشەک لە جێی خۆم دەرپەڕیم و منداڵ کەوتنە شوێنم. کە چوومە حەوشەی کابرا، دیتم بۆخۆی لەسەر کورسییەک دانیشتووە و لاقی هاوێشتۆتە سەر لاق و هەروا بزەی سمێڵانی دێ. پیرەپیاوێکی کەڵەگەت و تەژە و وشک و ڕەق، بەڵام بە داروبار لەبن دیوار هەڵترووشکاوە و چوار منداڵی ڕەشوڕووت و کز و لەجەر لە دەوروبەری کەوتوون. کچێکی باڵابەرز و ئەسمەر و چاو و برۆ جوان، بەڵام لەڕولاوازیش پاڵی وەکۆڵەکەی بێڵاکە داوە.

چارەڕەشی و نەگبەت لەو دیمەنە دەباری.

- ها کوێخا ئەوە چییە؟

- قوربان چت لێ وەشارم ئەو کچەم لەو پیرەمەشەدییە کڕیوە.

- کڕیوتە؟ بە چەند؟

وەڵڵا قوربان بە گران، بە پووتێک ئارد. (زەردەخەنەیەکیشی بۆ کرد).

ئاگرم لە جەرگ بەربوو، مچوڕکێکم لەبەری پێوە هات و لە تۆقی سەرم دەرچوو، بەری چاوم تاریک بوو خەریک بووم بەگژ ئەو پیاوە دڵڕەشەدا بێم، بەڵام پیشم خواردەوە، خۆم ڕاگرت و لە مەشەدیم پرسی: ئەو کچە بۆ دەفرۆشی؟ ملی بەلاوە نا، هەناسێکی ساردی هەڵکێشا، ئاوی لە چاوی گەڕا و گوتی: دایکی دوو ڕۆژ پێش لە برسان مرد. بۆخۆشی کەنەفت بووە و هەر بینا سلار بۆوە. دەستی بۆ لای منداڵەکان ڕاداشت و گوتی: ئەوانەش برسین. بۆیەی دەفرۆشم تا بۆخۆی لەبرسان نەمرێ و ئەوانەش بژێوی چەند ڕۆژێکیان هەبێ. سەربەسەر بە زێڕم نەدەدا و ئێستا بە ئاردی دەفرۆشم.

لە کچەکەم پرسی: تۆ بەو کارە ڕازی؟ مێرد بەو کابرایە دەکەی؟ فرمێسکی بە چاوە جوانەکاندا هاتە خوار، بە شەرمەوە گوتی: «نینم ئوشاقلار ئاچدلار». - چ بکەم منداڵەکان برسین - گوتم ئەگەر خێرۆمەندێک ئەوەندە ئارد بدا بە باوکت هێشتا حازری مێرد بەو کابرا پیرە بکەی؟ بە بێزارییەوە گوتی: «یوخ وەڵڵا» -نە بە خودا -.

لەو کەین و بەینەدا ژن و منداڵی ئاوەدانی ئاپۆرەیان لە دەوری من دابوو. لە قسەکانمان نەدەگەیشتن. نەقڵەکەم لەسەرڕا بۆ گێڕانەوە، ژنەکان تێکڕا گوتیان: ئەیەڕۆ، چ خێر بوو کافرستانییە؟ گزیرە پیرەیان تف باران کرد و هەموویان بەغار چوونەوە ماڵی خۆیان. ئینسانییەت گەیشتە ئەوپەڕی، دەوڵەمەند و هەژار کەس بەدەستی بەتاڵ نەگەڕاوە. هەریەکە لە قەدەر خۆیان، نان، کولێرە، ئاردی گەنم، جۆ، گەنمەشامی، هەرزن، ماش، نۆک، نیسک، تەنانەت برینج و ڕۆن و جلکە کۆنیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو.

زگی منداڵەکانیان تێر کرد و توورەکەی مەشەدییان ئاخنی. ئەو وەختە من لە خۆشیان گریام کە دیم منداڵە قۆشمەکانی دێ کە لەسەر دوو شایی میشێن و جگێن و شێر و خەت سەری یەکترییان دەشکاند، بە پەلەپەل و هەلەهەل زارکی کیسە پەڕۆکانیان دەکردەوە و هەرچی قەرەپووڵی هەیانبوو لە مستی پیرە مەشەدییان دەکرد و بۆخۆیان مافنگی دەمانەوە.

هەستی ئینسانی ئەو کیژە کوردانە ئاواتی شەیتانی ئەو دیوەزمە بلەوەزەی کردە بڵقی سەر ئاو کە قرمی لەو کچۆڵە بێ دەرەتانە خۆش کردبوو. باربووی ئەو ئینسانە ساکار و پاکانە چەند ئەوەندەی ئەو نرخە بوو کە ئەو گورگە پیرە دەیویست ئەو بەرخۆڵە بێ ئازارەی پێ بکڕێ. چەند دڵخۆش بووم کە بە هەمووان نەمانهێشت لە گوندە خونچیلانەکەماندا ئینسان بە ئارد سەودا بکرێ.

تەنگانە بەریان کورتە. گرانی دوایی هات. قاتوقڕی تەواو بوو. خەڵک کەوتەوە سەر کار و کاسبی. بەڵام زۆر کەس لەبرسان مردن، زۆر پیاو لە پیاوەتی کەوتن، زۆر ماڵ لە ماڵ بوون، زۆر کەس لەسەر ساجی عەلی دانیشتن و زۆر ناکەس پێگەیشتن. زۆر گیرفان ئاخندران. زۆر کۆشک قوت بوونەوە و زۆر مافوورە ڕاخران و زۆر ماشێن کڕدران.

لە وڵاتێکی بێ سەرەوبەرەدا، لە ڕێژیمێکی کۆنی دەرەبەگایەتیدا هەمیشە بەڵای تەبیعەت زوڵم و زۆر و خراپە و دزی و دەسدرێژی پیاوخراپانیشی لەگەڵە.

ئەو ڕووداوە ناخۆشە زۆری کار کردە سەر هەستی ناسک و شاعیرانەی من و هەروەها زۆریشی تەئسیر کردە سەر وەزعی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی کوردەواری.

وەزعی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات و نەداری و دەستکورتی زۆربەی خەڵک و زۆرداری کاربەدەستانی دەوڵەت و تاوان و خەیانەتی چینی دەستەڵاتدار بوو بەهۆی ڕاپەڕینێکی فیکری بێ وێنەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هەست بە مەسئوولیەتکردنی ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ و لەخۆبوردووی نەتەوەکەمان.

ئەو ڕاپەڕینە فیکرییە و ئەو هەست بە مەسئوولیەتکردنە بوون بەهۆی ئەوە کە چینی چەوساوە و توێژی ڕووناکبیری کورد زۆر لە جاران بەبڕواتر و ئامادەتر لە دەوروبەری حیزبی دیموکراتی کوردستاندا کۆ ببنەوە. پاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد قەت وەک ساڵەکانی ٢٩ و ٣٠ و ٣١ و ٣٢ هەلومەرجی لەباری عەینی و زەینی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هەڵنەکەوتووە.