لە کوێوە بۆ کوێ ١

از کتاب:
تاریک و ڕوون
اثر:
هیمن (1921-1986)
 26 دقیقه  5474 مشاهده

من بۆ خۆم وام، ڕەنگە زۆر کەسیش وا بێ، کە شیعری شاعیرێک یا نووسراوەی نووسەرێک دەخوێنمەوە «چ زیندوو چ مردوو» پێم خۆشە خۆشی بناسم. بزانم کێیە؟ خەڵکی کام وڵاتە؟ کاری چییە؟ چۆن دەژی و ئەگەر مردووە چۆن مردووە؟ لە کوێ نێژراوە؟

بۆیە بڕیارم دا سەرگورشتەی خۆم لە سەرەتای ئەم بەشەی دیوانەکەمدا بنووسم. بە کێم گووتبا ئەو سەرگورشتە بنووسێ؟ کێ من لە خۆم باشتر دەناسێ؟

پێوە بووم زۆر درێژی بنووسم. تەماشام کرد دەبێتە چیڕۆکێکی درێژ و شیرین و پڕ کارەسات. چ چیڕۆکێک لە بەسەرهاتی ئینسانێک لە واقیع نیزیکترە؟ ئەویش بەسەرهاتی ئینسانێکی نیزیکەی پەنجا ساڵی لە ساڵەکانی چەرخی بیستەم، ئەو چەرخە سەیر و سەمەرەیە، ئەو چەرخە پڕ کێشە و شەڕ و شوورە، ئەو چەرخە پڕ لە کارەسات و پەلامارە، ئەو چەرخە پڕ شۆڕش و ئاڵوگۆڕە وەبیر بێ. بەتایبەتی ئەگەر ئەو ئینسانە کورد بێ. کوردێکی بێ بەش و چارەڕەش بێ و تا ڕادەیەک لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوە زۆرلێکراوەکەیدا بەشداربووبێ. بەڵام بەداخەوە بۆم نەکرا. بەشی زۆری لەبەر تەوەزەلیی خۆم. با بمێنێ بۆ هەلێکی تر ئەگەر مام وازی لێ ناهێنم.

خوێنەری خۆشەویست! پێت وا نەبێ لێفەم لەسەر هەتیوان هەڵداوەتەوە و لە بنی کوولەکەم داوە و هەرچیی هەیە نووسیومە. نا هەر وا کورتە سەرگورشتەکەمت بۆ دەگێڕمەوە.

شاعیری هیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی هەبووە کە ئەو ناوە دوور و درێژەی «سەید موحەمەد ئەمینی شێخەلیسلامیی موکری» ی لە کۆڵ کردوومەتەوە.

باوکم ناوی سەید حەسەنی شێخەلیسلامیی موکری بوو، لە تۆرەی مەلا جامیی چۆڕی بوو کە سێ سەد ساڵ لەوەپێش هاتۆتە سابڵاخ و بنەماڵێکی گەورەی لەو مەڵبەندە پێک هێناوە.

دایکم ناوی زەینەب و کچی شێخی بورهان بوو کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن.

بەهاری ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی (١٩٢١ی زایینی) بە شەوی جێژنی بەراتێ لە گوندی لاچین نیزیکی سابڵاخ لەدایک بووم. مێژوکم لە مەمکی دایکم نەکردووە و فرچکم بە شیری دایەن گرتووە.

دایکم زۆر جار بە چاوی دادەدامەوە و دەیگوت: تۆ پێوقەدەم ڕەش بووی. هەر تۆم وەزگ کەوت لەشی ساغم بە خۆمەوە نەدی. نەخۆشیم پێوە نووسا، کوێرەوەری و پەژارە ڕووی تێ کردم. لەسەر مانگ و ڕۆژی خۆم بووم کە ناچاربووین بڕەوین و بچینە لادێ. کە بەر بوویەوە، نە من تڵپاتی تەڕم لە مەمکیدا بوو، نە باوکت سیپاڵێکی لە ماڵێدا مابوو.

لەشکری شکاک ئێمەشی وەک هەموو خەڵکی سابڵاخ ساف لە ساف تاڵان کرد و گەسکی لەو ناو ماڵە دا کە سێ سەد ساڵ بوو وەسەریەک نرابوو و بە میرات بۆ باوکت بەجێ مابوو.

منیش جارجار بە پێکەنینەوە دەمگوت دایە گیان سووچی من چییە؟

دایەنەکەم ناوی یاسەمەن و خەڵکی ئازەربایجان بوو. لەلەکەم کە ناوی عیزەت بوو خەڵکی تورکیا بوو، ئەو دووانە لەبەر هەژاری و نەداریی خۆیان پەڕیوەی کوردستان ببوون و لە گوندەکەی ئێمە گیرسابوونەوە و لە سەروبەندی لەدایکبوونی مندا منداڵێکیان ببوو. منداڵەکەی ئەوان لە من بەختەوەرتر بوو، نەژیابوو و تووشی کوێرەوەریی دنیا نەهاتبوو و عەمری درێژی بۆ من بەجێ هێشتبوو و پارووی دایک و بابیشی لە ڕۆنی هاوێشتبوو.

ئەو ژن و پیاوە هەژار و ئاوارە بە دڵ و گیان منیان بەخێو دەکرد و زۆریان خۆش دەویستم. منیش ئۆگری ئەوان ببووم وەک دایک و بابی خۆم خۆشم دەویستن.

لەبیرمە زمانی ئەوانم وەک بلبل دەزانی، جا نازانم تورکیم دەزانی یا ئازەری؟ ڕەنگ بێ ئازەری بووبێ، چونکە منداڵ زمانی دایکی باشتر فێر دەبێ.

مردنی عیزەت و تۆرانی یاسەمەنم باش وەبیر دێ. ئەم ڕووداوە یەکەم زەبری توند بوو کە وەهەستی ناسکی منداڵانەی من کەوت و یەکێکە لە بیرەوەرییە هەرە تاڵەکانی ژیانم. لە ڕاستیدا من دوو جار هەتیو بووم و دووجارم دایک و باب مردوون: جارێک بە ساوایی و جارێک بە پیری.

بابم هەم دەوڵەمەند بوو، هەم بەدڵ و دەسبڵاو، چاکی بەخێو دەکردین، پێنج خوشک و دوو برا بووین، کاکم و خوشکێکم لە من گەورەتر بوون. بە منداڵی زۆر تێروتەسەل و کۆک و پۆشتەبووم. بەڵام کۆیلە و دیل بووم، کۆیلەی ناو قەفەزی زێڕ، کۆیلەی ڕێوشوێنی کۆن.

ڕێوشوێنی بنەماڵەکەمان ئیجازەی نەدەدا من لەگەڵ هاوتەمەنەکانم گاڵتەوگەپ بکەم.

چونکە من کوڕە دەوڵەمەند بووم و ئەوان کوڕە هەژار. من کوڕی شێخەلیسلامیی بەناوبانگ بووم، ئەوان کوڕی لادێییەکی بێ ناوونیشان. من بەر و پشت ئەتڵەس بووم و ئەوان کەڕەکرمانج. من کۆک و پۆشتە بووم و ئەوان ڕووت و ڕەجاڵ.

ئاخ... گەورەکانم تێ نەدەگەیشتن من چەند پەرێشان و کەلەلام، ئەوان نەیاندەزانی بەو کردەوەی خۆیان چۆن هەستی من بریندار دەکەن، برینێک کە دەبێتە گریمانەی ڕووحی و تا مردن ساڕێژ نابێ.

ئێستاش کە وەبیرم دێتەوە کزەم لە جەرگی دێ و خەمێکی گران دام دەگرێ، کە من لە هەموو خۆشیی سەردەمی منداڵی بێ بەش بووم. لەپێش چاوی من منداڵەکانی گوندەکەمان، ئەو ڕەش و ڕووتانەی هاوشانی من نەبوون! بە ئازادی و بێ باکی گاڵتە و گەمەیان دەکرد، لە خاک و خۆڵ دەگەوزین، لە سەربانان هەڵدەبەزین، لە قوڕ و چڵپاودا غارغارێنیان دەکرد، لەسەر تەپۆلک و کۆپەین ملانەیان دەگرت، لەسەر سەهۆڵ خلیسکیان دەکرد، لەسەر لۆدە کا بازبازێنیان دەکرد، بەگژ یەکدا دەچوون، پێک هەڵدەپڕژان، ئاشت دەبوونەوە، ئاورۆچکەیان دەکردەوە و خانووچکەیان دروست دەکرد. هێلانە چۆلەکەیان دەردەهێنا، تەبکەیان دەناوە. هەلووکێن، تۆپێن، هەمزەل، هەنگڵەشەلە، دایە من مەدە بە گورگی، هەڵوای بەشەپان، قەرەقەری و دەیان جۆرە گاڵتەی دیکەیان دەکرد. بەڵام من بەو تاوانەی کە نەجیبزادە بووم دەبوو وەک گەورە گەوران لە دیوەخان لەسەر چۆک دابنیشم و متەقم لەبەر نەیەتە دەر! بۆ بەدبەختی لە ماڵی ئێمەدا نێرینەی لە من بچووکتر نەبوو. دەبوو لەبەر هەموویان یەک پێ هەستم و تا ئیزنم نەدەن لەبەر دەستیان ڕاوەستم و دانەنیشم، لەدوای هەمووان نان و چام بۆ دابنێن. چەندم پێ خۆش بوو نە کەوای مەخمەر و تاقە و قوتنی و خەزەلم لەبەردا با، نە پانتۆڵی ئاڵمانی زەردم لە پێدا با، نە کاڵەی شەمامەبەندی ئاوریشم چنم لە پێدا با و نە شەدەی سەوزم لەسەر با و نە پشتێنی پەشمینەی کەسکم لە پشتدا با و وەک منداڵە ڕووتەڵانەکان ئازاد بام.

نەڵێن ماشاڵڵا کوڕەکە لەو تەمەنەشدا ئازادیخواز بووە و هەستی بە جیاوازیی چینایەتی کردووە و ڕقی لێ بووە، نەخێر نەوەڵڵا نە ئازادیخواز بووم و نە تڕەماش، وازم لە گەمە و یاری بوو و بڕاوە.

تەنیا بیرەوەرییەکی خۆشم لە زەمانی منداڵیم هەیە، ئەویش ئەوەیە شەوانە دەچوومەوە ژوورێ و سەرم وەسەر ڕانی دایە مرۆت دەکرد و ئەویش حیکایەتی بۆ دەکردم، تا خەو دەیبردمەوە. دایە مرۆت پیرێژنێکی دنیادیدەی کۆنساڵ بوو. بۆ خۆی نەیدەزانی تەمەنی چەندە، بەڵام بێگومان زۆری لە سەد ساڵ هەڵبواردبوو. شەش پشتی بنەماڵەی ئێمەی دیبوو، سەرسپی و هاودەمی دایکم بوو. ڕووح سووک، قسەخۆش و نوکتەباز بوو، هەزاران نەقل و نەزیلەی خۆشی دەزانی و بۆی دەگێڕامەوە. زۆر شتی بەنرخ لەو فێر بووم کە لە ژیاندا کەڵکم لێ وەرگرتن. ڕووحی شاد بێ.

ئەلفوبێم لە خزمەت مامۆستا سەعید ناکام خوێند، کە ئەودەم مێرمنداڵ بوو. کاکم کە مامۆستای تایبەتی بۆ ڕاگیرابوو، زۆر لە خوێندن دەترسا و خەریک بوو منیش بترسێنێ و بە مەرەدی خۆی بەرێ. بەڵام مامۆستا ناکام نەک هەر سامی لە خوێندن شکاندم، بەڵکە تێی گەیاندم خوێندن خۆش و شیرینە. پێش ئەوەی ئەلفوبێم پێ بناسێنێ بزنۆکە و مەڕۆکەی حوسێن حوزنیی ئەوەندە بۆ خوێندبوومەوە هەمووم لەبەر بوو. کتێبی ئەنجومەنی ئەدیبانی ئەمین فەیزیمان هەبوو. شیعرە گاڵتەکانی شێخ ڕەزای فێر دەکردم. لەبیرمە قەسیدە درێژەکەی عارف سایبم کە وا دەس پێدەکا: «ئاوارەیی خاکی وەتەن و سەیر و سەفا خۆم» لەسەرڕا بۆ خوارێ لەبەر بوو، وەک تووتی دەمخوێندەوە و لە مانای نەدەگەیشتم.

کە سامم شکا بابم ناردمیە سابڵاخ تا لە مەدرەسەی دەوڵەتی بخوێنم. لەپێشدا زۆرم پێ خۆش بوو. لە مەدرەسەی «سەعادەت» ناونووسیم کرد. بەڵام کە ڕۆژی هەوەڵ چوومە سەر کلاس تۆقیم و وەختابوو شێت بم. من منداڵێکی لادێیی نازداربووم، لە کوردی بەو لاوە هیچ زمانم نەدەزانی لە مەدرەسەش کەس نەیدەوێرا بە کوردی قسە بکا.

من لە ژیانمدا ڕۆژی ڕەش و تاڵم زۆر دیون، بەڵام ڕۆژی ڕەشتر و تاڵترم لەو ڕۆژە نەدیوە کە چوومە مەدرەسە. مامۆستاکەم کە خۆی کورد بوو و دوایەش تێگەیشتم فارسی باش نازانێ، بە فارسی تێی ڕاخوڕیم هیچی تێ نەگەیشتم. هاودەرسەکانم کە هەموویان لە من باوخۆشتر بوون پێم پێ کەنین، زۆر بە خۆمدا شکامەوە. ماوەیەک بە شەو لەبن لێفەدا لە ترسی مەدرەسە دەگریام و بەیانی بەقرخەمەرەسی دەچوومەوە. منداڵ هەموو گاڵتەیان پێ دەکردم و پێیان دەگوتم «کرمانج». لە مەهاباد بە خەڵکی لادێ دەڵێن کرمانج و بە وشەیەکی سووکی دەزانن. دوایە بۆیان گێڕامەوە دەیانگوت بە فارسی جنێومان پێ داوی و حاڵی نەبووی. چابوو سێ چوار کوڕەپوورم لەو مەدرەسە دەیانخوێند و لەسەریان دەکردمەوە. دەنا منداڵە وردکە لەوانە بوو شێتم بکەن. ئێستاش نازانم کوێڕا فارسی فێر بووم و لەگەڵ وەزعەکە ڕاهاتم.

مەدرەسەکەمان خانووێکی گەورە و کۆن و کەلاوە بوو. تاقە چاوەیەکی ئاودەست هەبوو قەت وەبەر نەدەکەوت. مزگەوتمان لێ نیزیک بوو، بەڵام نە فەڕاشی مەدرەسە دەیهێشت وەدەرکەوین و نە مجێوری مزگەوت ڕێگای دەداین بچینە ئاودەستی مزگەوت. بۆشکەیەک ئاوی چۆمی بۆگەن لە بن دیوارێک داندرابوو. دەفرێکی تەنەکەیان لەسەر دانابوو، ئەو هەموو منداڵە بەو دەفرە ئاویان دەخواردەوە. هەمیشە لەسەر چوونە ئاودەست و ئاوخواردنەوە شەڕ لەنێو شاگردەکاندا پەیدا دەبوو و «نازم» ی مەدرەسە، کە پیاوێکی زۆر زاڵم بوو بیانووی وەگیر دەکەوت کە دارکاریان بکا.

ژووری دەرس خوێندنمان تەنگ و تاریک بوو. پەنجەرێکی تێدا بوو کە لەباتی شووشە کاغەزی لێ درابوو. بۆ ئەوەی ڕووناکتر بێ کاغەزەکەیان بە ڕۆن چەور کردبوو. کورسییەکانی چەپرەک و شکاو بوون. مێز و کورسی مامۆستاش لە هی ئێمە باشتر نەبوو. مامۆستاکەمان پیرەپیاوێکی کوێرەمووشەی زۆر تووڕە و تۆسن بوو. هەمیشە سێ چوار شووڵی ئاڵووباڵووی لووس و لێک و ئەستووری لەسەر مێزەکە داندرابوو. هەر کەس دەرسی نەزانیبا یا ورتەی لەبەر هاتبا دەر زۆر بێ ڕەحمانە وەردەگەڕا سەروگوێلاکی. تا فێری فارسی بووم دوو سێ جاری بیراز کردم. بەڵام لەدواییدا لێی نەدام. کە مامۆستا چووبا دەر شاگردێک کە پێیان دەگوت «موبسیر» لە جێگای ئەو دادەنیشت. ئەرکی ئەوەبوو هەر کەس بزۆزی بکا بە مامۆستا بڵێ. هەموومان لە موبسیر پتر دەترساین تا لە مامۆستا. هۆی ئەوەبوو مامۆستا ڕقی لە کەس نەبوو و لە خۆڕا لە کەسی نەدەدا، بەڵام موبسیر ئەوەی نەدەزانی ڕقی لە هەر کەس بایە با هیچیشی نەکردبا شکایەتی لێ دەکرد و مامۆستاش بێ لێپرسینەوە و پێ ڕاگەیشتن دەیکوتا.

بەرنامەی دەرسەکانیشمان تازە فیکری لێ دەکەمەوە زۆر گران بوو. ئەو ساڵی وام ڕابوارد و لە ئاخری ساڵێدا یەکێک بووم لە باشترین شاگردەکانی کلاس و لە ئیمتیحانی ئاخری ساڵدا زۆر باش دەرچووم.

هاوینێ چوومەوە گوند. حەیف مامۆستا ناکام لەوێ نەمابوو. بەڵام میرزایەکمان هەبوو زۆر لە مامۆستاکەی مەدرەسەم خوێندەوارتر بوو. لەکن ئەو و بابم کتێبی دووەمم تەواو کرد. بەرنامەی ئەودەمی وابوو دەبوو هەموو کتێبەکە لەبەر بکەی و من هەمووم لەبەر کردبوو.

ساڵی دووەم زۆر ئاسوودە بووم. هەر مەشق و حیساب و دیکتە مابوو لەوانیشدا باش بووم. بۆیە هەر لە هەوەڵەوە یەکێک بووم لە شاگردە باشەکان و پێم وانییە لەو ساڵیدا لەسەر دەرس لە شووڵێک زیاتریان لێدابم. وەزعی مەدرەسەش لە پار باشتر بوو، ژوورەکەمان لە هی پار زۆر خۆشتر و ڕووناکتر بوو، مامۆستاکانیشمان باشتر بوون. بەڵام یەکیان کە کورد بوو و دەرسی فارسی پێ دەگوتین زۆر توند و بەزاکوون بوو، هەموو ڕووحمان لێی تۆقیبوو. مامۆستای حیسابمان ئازەری بوو. فارسی ئەوەندە خراپ دەگوت کە ئێمەی منداڵ گاڵتەمان پێ دەکرد. بەڵام حیسابی باش فێر کردین. لەبیرمە ئێوارێک جەدوەلی زەربی بۆ نووسینەوە و هەریەکە دانەیەکی داینێ و حاڵی کردین چۆنی لەبەرکەین. گوتی سبەینێ ئێوارە لێتان دەپرسمەوە و هەرکەس ڕەوانی نەکردبێ غەڵەت و شوولی لێ دەدەم. من ئەو شەوەی نەنووستم تا لەبەرم کرد. سبەینێ لێی پرسینەوە، کەس نەبوو بە تەواوی لەبەری بێ و وێی نەکەوێ. تەنانەت من کە زۆر چاکم لەبەر کردبوو شوولێکم ئافەریمانە هەر خوارد. خۆش ئەوە بوو مامۆستای حیسابمان بۆ خۆی لێی نەدەداین و مامۆستاکەی ترمان ئەو زەحمەتەی لەباتی ئەو دەکێشا.

چوار کلاسم لە مەدرەسەی سەعادەت و پەهلەوی خوێند. هاوینانیش لە گوند لەکن بابم تۆمار و کتێبی ئینشام دەخوێند و لەبەر خەتی ئەمیر نیزامی گەرووسی و میرزا حوسێنی ڕەشەم دەنووسیەوە. ئینشای فارسی باش فێر ببووم و خەتم یەکجار خۆش بوو، زۆر لە ئێستام خۆشتر دەنووسی.

دەڵێن دەعبای زیرەک بە دندووکێ پێوە دەبێ. بابم کە خەت و ئینشای منی دیت، گوتی ڕۆڵە بوویە میرزا و خوێندنی مەدرەسە بەسە، بچۆ لە مەدرەسەی دینی بخوێنە و جێی مەلا جامی چۆڕی بگرەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو دەست لە خوێندنی مەدرەسە هەڵبگرم، نازانم بۆ هیچ پێم خۆش نەبوو ببمە مەلا. ڕقم لە بەرگەکەیان بوو. کەوای درێژ و تەشک و پاڵدێمی مەلایانەم پێ جوان نەبوو. بەڵام چار چبوو؟ حوکمی حاکمە و دەردی موفاجا. تەسریفی زەنجانیان لەبن هەنگڵ نام و هەی دێ بۆ خانەقای شێخی بورهان تا دەس بکەم بە ڕایەڵە کردن و ئالێ باباگوتن. جا پاش ماوەیەک کەوای ئاودامێن لەبەر بکەم و سیواک لە لاسەر بچەقێنم و شاڵی گەڕگەڕی لەسەر ببەستم و جێگای مەلا جامی چۆڕی بگرمەوە و وەجاغی بنەماڵەکەمان کوێر نەکەمەوە.

چوار ساڵ لە خانەقا خوێندم یا باش ئەوەیە بڵێم نەم خوێند. بەڵام تۆڵەی کۆیلەتی ساوایەتیم ئەستاندەوە. لەگەڵ گەلی خاڵۆزاکانم کە وەک بەرانی سوڵتان مەحموود بەرەڵڵا و تەرخان بوون و لە هیچ جێگایەک دەنگ نەدەدران و کەس بەرپەرچی نەدەدانەوە، گەلێکم بەدفەڕی و بزۆزی و دەس بزێوی کرد.

نەوەشێخ، ئەویش نەوەشێخی چل ساڵ لەوەی پێش ئەگەر کەس دەستی وەبەر نەیەنێ و بەرپەرچی نەداتەوە لە سەروبەندی بلووغدا چ دەمێنێ نەیکا؟

ئەو چوار ساڵە خۆشترین ساڵەکانی ژیانی منن. زۆر خۆشمان ڕادەبوارد. دەستەیەکی ٨ - ٩ کەسی هاوتەمەن بووین، هەموو خاڵۆزا و پوورزا بووین. هەر هەژارمان بێگانە لەگەڵ بوو کە لە خۆمان هەڵنەدەبوارد. ئەویش بۆ خۆی زۆر قسەخۆش و خوێن شیرین بوو و باوکیشی پیاوێکی زۆر ماقووڵ و لە خانەقا زۆر خۆشەویست بوو.

شاعیرێکی فارس دەڵێ:

مرد خردمند هنر پیشه رافارسی
عمر دو بایست در این روزگارفارسی
تا به یکی تجربه آموختنفارسی
با دگری تجربه بستن به کارفارسی

بۆ پیاوی خاوەن هونەر و زانا دوو جار ژیان پێویستە تا لە یەکیاندا تەجرەبە وەسەریەک بنێ و لەوی تریاندا تەجرەبەکەی لەکار بێنێ.

دەستی شکاو و ڕانی وردم، ئەوی ئێستای دەزانم ئەگەر ئەودەم دەمزانی کار لە جێگایەکی دیکە بوو و منیش شتێکی تر بووم. بەڕاستی خانەقا زانستگایەکی گەورە بوو و دەمتوانی زۆر شت فێر بم.

خانەقای ئەو سەردەمە زۆر ئاوەدان بوو. خەڵک دەهات و دەڕۆیی و کەس هەقی بەسەر کەسەوە نەبوو. فەرق و جیاوازی زۆر کەم بوو. جارێکی دیکەشم گوتووە و دووپاتەی دەکەمەوە دەتگوت کەشتی نووحە. لە هەموو تۆو و تۆرە و ڕەگەزێکی لێ بوو، پەنای بێکەسان و لێقەوماوان و ئاواران بوو. پیاوچاک، خۆپارێز، دیندار، موسڵمان، مەلا، سەید، زانا، خوێندەوار، چەتە، دز، پیاوکوژ، نەزان، شێت، بێکارە، پەککەوتە، کوێر، شەل تەنانەت بێ دینیش لە بن میچێکدا کۆ ببوونەوە و پێکەوە دەژیان و هەموو یەک جیرەنانیان وەردەگرت.

ئەفغانی، فارس، تورک، ئازەری و تەنانەت هیندیشی لێ بوون. کوردی هەموو ناوچەکانی کوردستانی لێ هەبوون. کە بە شێوەی جۆربەجۆر قسەیان دەکرد و هی وا هەبوون بە زەحمەت تێک دەگەیشتن. پیاوی گەورە و زانا بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی موکریان وەک مامۆستا فەوزی، سەیفی قازی، پێشەوا قازی موحەمەد، حاجی مەلا موحەمەدی شەرەفکەندی، عەلیخانی ئەمیری بەتایبەتی ئاغا خوێندەوار و زاناکانی فەیزوڵڵابەگی هاتوچۆی خانەقایان دەکرد و بە مانگ و دوو مانگ لەوێندەرێ دەمانەوە. مەلای گەورە گەورەی لێ بوون و دەرسیان دەگوتەوە. پڕ بوو لە سوختە و موستەعیدی باش. کەسێک ویستبای بخوێنێ و شت فێر بێ جێگای خوێندن و شت فێربوون بوو. بەڵام من لە کیسم چوو و ڕەفاقەتی خاڵۆزاکانم و فیز و هەوای نەوەشێخی نەی هێشت لەو هەلە کەڵکی پێویست وەرگرم. بێجگە لەوە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا دووجار خراپ نەخۆش کەوتم و لە خوێندن بووم. جارێک کەوتووییم گرت و لە مردن گەڕامەوە. تەنانەت دەیانگوت ئاومان بۆ گەرم کردووی و کفنمان بۆ بڕیوی. جارێکی تر کوانێکی گەورەم لە لامل هات و شەش مانگ لەبەری کەوتم و پاشان عەمەلیان کرد و ماوەیەکی دوورودرێژ بناوبوێر بووم. ئەو کوانە بە جارێک هێز و بڕستی لێ بڕیم و هەرگیز وەک خۆم لێ نەهاتەوە. من بە منداڵی قەڵەو و پتەو و بەهێز و هەرەکەت بووم. کەم منداڵی هاوتەمەنی خۆم بە زۆرەوانی دەرۆستم دەهاتن. بەڵام کە ئەو کوانەم لێ هات ئیتر هێز و توانام لە کەمایەسی دا.

ئەو دەمی لە سابڵاخ دەمخوێند هەژارم دەناسی، هاتوچۆی دوکانی بابی هەژارم دەکرد. مەلایەکی پیری زۆر قسەخۆش بوو. کە چوومە خانەقا یەکترمان گرتەوە و بووینە دۆست. جاروبار خۆمان لەگاڵتەوگەپ دەدزیەوە و شیعرمان دەخوێندنەوە. هەموو شوێنەوارەکانی سەعدی و حافز و مەولەوی و کەلیم و سایب و شاعیرە بەرزەکانی فارسمان پێکەوە دەخوێندەوە و هەر تێگیراوێیەکی هەشمان با ڕەهاکردنی هاسان بوو. خانەقا ئەدیبی زۆر گەورەی لێ بوون، لێمان دەپرسینەوە. مەلا قادرێکی پیری لەرزی دەنگ نووساوی لێ بوو، هەر بە حاڵ مابوو. ئەگەر بڵێم ئەو مەلایە ئاساری سەعدی لە خودی سەعدی باشتر دەزانێ پێم وایە موبالەغەم نەکردووە. کەیفی بەوە دەهات شیعرێکی سەعدی لێ بپرسیەوە، جا بەو دەنگە نوساو و لەرزە سەعاتێک بۆت شی بکاتەوە. خۆ شێخ موحەمەدی خاڵم چ ئەدیبێک بوو من ناتوانم تاریفی بکەم. ئەودەمی شەڕەشەقی ژیان وای لێ نەکردبووم ناوی خۆشم لەبیر بچێتەوە. هەر شیعرێکم خوێندباوە دەستبەجێ دەهاتە بەرم. هەزاران شیعری فارسیم لەبەر بوو. شیعری کوردیشمان هەرچی وەگیر کەوتبا لەگەڵ هەژار دەمان نووسیەوە و لەبەرمان دەکرد.

لە ئاخریدا من و هەژار بە تەواوی لە تاقمی کوڕە شێخەکان جوێ بووینەوە و شەو و ڕۆژ خەریکی شیعر خوێندنەوە بووین. چەند چیڕۆکی گەورە و چووکی وەک ئەسکەندەرنامە و ئەمیر ئەرسەلان و شیرۆیە و حوسێنی کوردمان پەیداکردن و خوێندمانەوە. شەوی سێشەممو و جومعەی وا هەبوو هەموو فەقێیەکانی خانەقا دەکەوتنە لایەک و من و هەژاریش لەلایەک و شیعرێنمان دەکرد. بڕوا بکەن بۆڕمان دەدان.

ئەو هەموو شیعر خوێندنەوە و ڕەفاقەتی هەژار و هاتوچۆی مەجلیسی ئودەبای خانەقا زەوقی ئەدەبی لە مندا بە وجوود هێنا و تەنانەت شیعری فارسیشم دەگوت. بەڵام تەنیا لەڕووم هەڵدەهات بۆ هەژاریان بخوێنمەوە. ئەو خوداگرتووەش لەباتی ئەوەی بۆم چاک بکا و هانم بدا گاڵتەی پێ دەکردم. لەبیرمە جارێکی شیعری شاعیرێکی فارسم دزیبوو و لەناو شیعری خۆم ئاخنیبوو، بۆم خوێندەوە. گوتی وەڵڵا ئەوانی خۆت زۆر خراپن، بەڵان هینەکەی ئیبنویەمین زۆر باشە. زۆر بە خۆمدا شکامەوە و دەستم لەو کارە ناڕەوایە هەڵگرت. خەریک بووم شتێک بە شتێک بکەم کە بابم تێگەیشت ئەو ماوە عومرەم بە زایە چووە و لە خانەقا نەمخوێندووە، ڕای گوێزتم بۆ کولیجە. ئەویش مڵکی خاڵم بوو و مامۆستا فەوزی لەوێ مەلایەتی دەکرد.

دەبێ بڵێم من دەسکردی فەوزیم. ئەو هەڵی وەشاندمەوە و تێکی هەڵشێلام و سەرلەنوێ دروستی کردمەوە. ئەو دەرکی زانین و فێربوونی بۆ کردمەوە. ئەو ڕێگای ژیانی پێ نیشان دام. بێگومان ئەگەر نەچووبامە خزمەت فەوزی و لەکن ئەو مامۆستایەم نەخوێندبا ڕێبازی ژیانم ئەو ڕێبازە نەدەبوو کە گرتم و پێیدا ڕۆیشتم و ئێستاش بەرم نەداوە.

ئەو تێی گەیاندم من ڕۆڵەی کوردم و کوردیش نەتەوەیەکی بێ بەش و چارەڕەش و زۆرلێکراوە و دەبێ ڕۆڵەکانی لەپێناوی ڕزگارکردنیدا فیداکاری بکەن و لەخۆبوردوویی نیشان بدەن. ئەو فێری کردم زەوقی ئەدەبیم چۆن تیف تیفە بدەم و مشتوماڵی بکەم. ئەو فێری کردم چۆن بنووسم و چۆن شیعر بڵێم. ئەو فێری کردم وڵاتەکەم خۆش بوێ و پێی هەڵبڵێم. ئەو حاڵی کردم کوردی زمانێکی ڕەوان و بەربڵاو و دەوڵەمەندە و دەکرێ ئەدەبێکی گەورە و دنیا پەسندی هەبێ.

ئەو حاجی قادری کۆیی، نالی، کوردی، سالیم، مەولەوی، حەریق، مەحوی، ئەدەب و، وەفایی پێ ناساندم و شیعرەکانی ئەوانی بۆ شی کردمەوە. ئەو فێری ڕۆژنامەخوێندنەوە و ڕۆمان خوێندنەوەی کردم. ئەو دیوانی شاعیرە شۆڕشگێڕەکانی فارسی بۆ پەیداکردم و هانی دام بیانخوێنمەوە و شتیان لێ فێربم. بەڵام سوێندی دام قەت بە فارسی شیعر نەڵێم و هەتا بۆم دەکرێ بە کوردی بنووسم.

ساڵ و نیوێک لە خزمەت ئەو خوێندم. بەیانان لەگەڵ گزینگ دەکەوت، دەچوومە ماڵی مامۆستا و زۆر ڕۆژی وا هەبوو، تا بانگی نیوەڕۆی دەدا و مامۆستا هەڵدەستا بۆ نوێژ دەرسم دەخوێند و هیچمان ماندوو نەدەبووین. کەم وابوو لەسەر کتێب دەرسم پێ بڵێ، دوڕوگەوهەری نایابی لە دەریای قووڵ و بێ بنی زانستی خۆی دەردێنان و لە کۆشی منی هەژاری چاو لەدەستی دەکردن. بەڕاستی مامۆستا و شاگرد نەبووین پیر و مورید بووین. من تا ڕادەی پەرستن ئەوم خۆش دەویست و ئەویش منی بە کوڕی خۆی دەزانی. ئەگەر ڕۆژێک نەمدیبا ئارەزووم دەکرد. جومعە و سێشەممۆمان نەبوو. ئەو لە پێگەیاندنمدا بە پەلە بوو، منیش تامی تێگەیشتنم کردبوو و قەت لە خوێندن و خوێندنەوە و گوێ ڕاگرتن لە مامۆستا وەڕەز نەدەبووم.

پاش نیوەڕۆیانیش لەباتی مامۆستا دەرسم بە کچ و کوڕە گچکەکانی خاڵم دەگوت، ئەویش دوو قازانجی هەبوو. هەم زانیاری خۆم بەرەو ژوور دەچوو و هەم زەحمەتی مامۆستام کەم دەکردەوە.

فەوزی بە بڕوای من یەکێکە لە گەورەپیاوانی مێژووی کوردستان، کە داخەکەم شوێنەوارەکانی فەوتان و خۆشی لەبیر چۆتەوە. ئەو لاوە کوردانەی لە سەردەمی پاتشایەتی ڕەزاخانی پەهلەویدا کە بە تەقلیدی ئاتاتورک خەریک بوو گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا بتوێنێتەوە و یەکێک لەو سێ کوچکە ئاورە بوو کە پەیمانی سەعدئابادی پێک هێنابوو، ئازایانە کوردایەتیان دەکرد، یا ڕاستەوخۆ شاگردی فەوزی بوون یا شاگردی شاگردەکانی ئەو. بەتایبەتی پێشەوا قازی موحەمەدی شەهید شانازی بەوەوە دەکرد کە شاگردی فەوزی بووە.

مەلا ئەحمەدی فەوزی یا مەلای سولێمانی کێ بوو؟ چکارە بوو؟ بۆ پەڕیوەی مەڵبەندی ئێمە ببوو؟ نازانم. من ئەودەمی ئەوەندەم مەبەست نەبوو ئەوانە بزانم. لە ڕووشم هەڵنەدەهات لێی بپرسم، بۆ خۆشی هیچ باسی خۆی بۆ نەکردووم. ئەوەندە دەزانم دەیانگوت خەڵکی شاری سولێمانییە و لە کوردستانی عێراقەوە لەگەڵ شێخەلیسلامی گەورەدا کە لە پێش بابمدا شێخەلیسلامی موکریان بووە و هەر لە بنەماڵەی مەلا جامی بووە، هاتۆتە موکریان. پاش مردنی شێخەلیسلام ژنەکەی ئەوی مارە کردبۆوە و کچێکی لێ هەبوو کە بە جوانەمەرگی مرد. ژنێکی دیکەشی هێنا و کچێکی تریشی لەوی بوو. وا بزانم ماوە و مێردی کردووە. بۆ خۆی لە ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) دا لە گوندی حاجی کەند مرد و لە خانەقای شێخی بورهان نێژراوە. کتێب و نووسینەکانی وەگیر زاواکەی کەوتن کە هیوادارم نەفەوتابن. وەک بیستوومە پاش مردنی ١٤٠ تمەن دراو و دوو ماینی میرات لێ بەجێ ماوە.

فەوزی زانایەکی گەورە، ئەدیبێکی کەم وێنە، کوردێکی پاک و بێ باک بوو. بەڵام شاعیرێکی باش نەبوو. بیرێکی تیژ و وردی هەبوو، ئەمما تەبعەکەی ئەوەندە ڕەوان نەبوو بتوانێ بیخاتە ناو چوارچێوەی شیعری عەرووزییەوە. ئەو دەمیش شیعری سپی نەببووە باو. جاروبار شیعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە. بەڵام هیچ بەدڵم نەبوون. جارێکی قەسیدەیەکی درێژی فارسی بۆ خوێندمەوە و نەشیگوت پێت چۆن بوو؟ گوتم باش نەبوو. وا دیار بوو خۆشی زۆری خۆش نەدەویست پێکەنی و گوتی: هی خۆمە. بەڵام بۆ کەس وەک تۆ بیر و بڕوای خۆی دەرنابڕێ و بۆ هەرکەسم خوێندۆتەوە گوتوویانە زۆر باشە؟ گوتم قوربان لەسایەی تۆوە من وام لێ هاتووە شیعری باش و خراپ لێک بکەمەوە. ئەوجار قاقا پێکەنی و گوتی دیارە نەک هەر باش نین، بەڵکە خراپیشن و کاغەزەکەی ورد ورد کرد.

درۆ نەبێ لە خۆیم نەبیستووە، بەڵام بیستوومە زۆر دۆستی عاریف سایب بووە. ئەوەشم بیستووە چەند جار مەحموود جەودەت هاتۆتە موکریان و لە ماڵی ئەودا خۆی شاردۆتەوە و لەگەڵ خەڵک تەماسی سیاسی گرتووە، تەنانەت بیستوومە کۆمەڵەی ژینەوەشیان دروست کردووە. بەڵام هەر گوتەیە و زۆر جێگای متمانە نییە. مامۆستا غەزەلێکی حافزی تەخمیس کردبوو کە لەناو شیعرەکانیدا پەسندم کردبوو. ئەوەش بەندێک لەو تەخمیسەیە کە بە بڕوای من وەستایانەیە.

گهی شوی ز امیران پادشه محسوبفارسی
گهی وزیر و بدرگاه پادشه محبوبفارسی
گهی شوی بسر دار ناگهان مصلوبفارسی
به چشم عقل دراین رهگذار پرآشوبفارسی
جهان و کار جهان بی ثبات و بی محل استفارسی

بێجگە لە فەوزی من لە کولیجە مامۆستایەکی دیکەشم هەبوو کە زۆری لی فێر بووم. سەید عەوڵای سەید مینە پیاوێکی یەکجار دزێو و ناشیرین و زۆر ناقۆڵا و نالەبار و زۆر شپڕێو و ئاڵۆز بوو. نەخوێندەوار بوو، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو بوو. ڕەنگە بڵێن نەخوێندەوار و زانا وەک کۆڵە و شاخدارە و چۆن شتی وا دەبێ؟ بەڵێ ئەو پیاوە نەیخوێندبوو، تەنانەت حەرفێکیشی نەدەناسی. بەڵام لە ئەدەبی فارسی و کوردیدا دەستێکی باڵای هەبوو. هەرچی جارێکی گوێ لێ بووبا دەهاتە بەری و قەتی لەبیر نەدەچۆوە. بەشی زۆری شانامەی فیردەوسی، خەمسەی نیزامی، مەسنەوی، غەزەلیاتی سەعدی و بەتایبەتی سەرتاسەری دیوانی حافزی لەبەر بوو. خۆ باسی شیعری شاعیرەکانی کورد هەر ناکەم. کام شیعری هەرە گرانت لێ پرسیباوە وردترین مەعنای لێ دەداوە. لەبیرمە جارێک کۆنە مەلایەک ئەو شیعرە فارسییەی لێ پرسیمەوە.

آنچه بر من می رود گر بر شتر رفتی ز غمفارسی
می زدندی کافران در جنت الماوا قدمفارسی

من ئێستاش و ئەو دەمیش ئەو جۆرە شیعرانەم پێ خۆش نەبوون و نین، نەمزانی و مەلا گاڵتەی پێ کردم. لە خاڵ عەوڵام پرسییەوە گوتی هەی لەمنت نەکەوێ، ئەوە ئیشارە بەو ئایەتەیە کافر هەنگین دەچنە بەهەشت کە وشتر لە کونی دەرزییەوە بچێ. یانی ئەوی لە شاعیر قەوماوە ئەگەر لە وشتر قەومابا وا باریک دەبوو لە کونی دەرزییەوە دەچوو و کافریش بە بەهەشت وەردەبوون.

بۆ خۆشی شیعری دەگوت و بە خوێندەوارێک دەینووسینەوە. شیعرەکانی وەک شیعری شاعیرەکانی پێشوومان پڕ بوون لە وردەکاری شاعیرانە و وشەی بێگانە. بەڵام لە گۆرانی گوتندا بەندی وای دەگوتن سەربەسەر گەوهەریان دێنا. وشەی ساکاری کوردی و قافیەی جوان و مانای وردیان هەبوو. ئەو دوو شیعرەی ئەوم لەبیر ماون.

جەفا و وەفا، ڕاستی و درۆ
بوونە کردەوەی ئەمن و ئەتۆ
جەفا پیشەی تۆ وەفا پیشەی من
ئەمن ڕەپ و ڕاست ئەتۆ درۆزن

سەڵت و ڕەبەن بوو، لە دیوەخانی خاڵم دەژیا. بە تەواوی مەعنای کەلیمە هونەرمەند بوو. گوێی نەدەدا سەر و بەرگ و دەموچاوی، زۆر بەرزەفڕ بوو، چاوی لە بەرات و خەڵات و شاباش و دیاری نەبوو. دەنگی خۆش بوو، بۆ خۆی و بۆ دڵی خۆی گۆرانی دەگوت. بۆ خۆی وازی لێ نەبا، شاش لەبەری پاڕاباوە متەقی لێ نەدەهات. چاک لەگەڵ من ڕێک کەوتبوو. شەوانە پێکەوە لە دیوەخان دەماینەوە. من کتێبم بۆ دەخوێندەوە و ئەو بەیتی بۆ دەگوتم. من لەو بەیتانەوە فێری وشەی ڕەسەنی کوردی بووم. ئەگەر مامۆستا فەوزی شاعیرە بەرزەکانی کوردی پێ ناساندم و ئەدەبی فارسی فێرکردم، سەید عەوڵاش فۆلکلۆری ئەدەبی کۆنی نەتەوەکەمی پێ ناساندم و فێری وشەی ڕەسەنی کوردی کردم. هاونشینیی سەید عەوڵا تەئسیرێکی قووڵی لە ژیانی ئەدەبی مندا هەبوو و ئێستاش هەیەتی. ئەو پیاوە نەخوێندەوارە یەکێکە لە مامۆستا هەرە گەورە و بەنرخەکانی من.

با ئەوەش بڵێم من لە کولیجە بۆ یەکەم جار و ئاخر جار ئاشق بووم، عیشقێکی پڕ سۆز و کوڵ و ئەفلاتوونی، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، عیشقێکی ساکار و منداڵانە و دوور لە هەوەس و هەوا. بەڵام ئەو عیشقە زۆری نەخایاند، زۆری دەوام نەکرد. ئەو گڕوکفە زوو دامرکا و خۆڵەمێشی فەرامۆشی دایپۆشی. گراویەکەم گاڵتەی بە هەستی پاکی من کرد. ئەو لە من بەئەزموونتر بوو، ئەو هەوەسباز بوو نە عاشق. بەڵام هەرچی بوو ئەو گڕوکفەش تەئسیری لەسەر قریحەی شاعیرانەی من بوو.