چل و پێنجەم: درۆی نیسان
از کتاب:
عیشقی بێ نەخشان
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
2 دقیقه
743 مشاهده
بەڵێ گیانە دەزانم خۆشت دەوێم
بەڵێ گیانە دەزانم بۆم پەرۆشی
بەڵێ گیانە زامیش بم، تۆ دەتەوێم
بەڵێ گیانە خەمیش بم، تۆ دەمنۆشی
بەڵێ گیانە تۆ پێکێکی پڕ نازی
بەڵێ گیانە حەزی منیش پێت ڕازی
ئامادەم تا سەرخۆشی، بتخۆمەوە
لە باوەشی گەرموگوڕتا بتوێمەوە
تۆی مەغرووری ئەوینی دڵ: دەستبەسەر
تۆی حەبیبەی منی «نالیشخص»ی دەربەدەر
تۆی کارئاسکی کەمەرتەنگی باڵا شووش
تۆی بەخەمی جەنجاڵیی منەوە تووش
تۆی دەم گەرمی بێدەنگ لەبەر چرپەما
تۆی من ویستوو، بەو ژانەش، وا لە سەرما
تۆی مەم قوتی گم گمە فنجانی چوڕ
تۆی کەڵ ملی گەروو لە گۆرانی پڕ
تۆی چاوجوانی، بۆ نیگام خۆ نەگرتوو
تۆی لەش گەرمی بەتینی عیشق گڕگرتوو
تۆی عیشقی من: وەکو فەرهاد بە با چوو
تۆی لەبەر هەنسکی خەمتا: من مردوو
وەلێ گیانە ئەفسووس هەموو ئەمانە
هیچێک ناکا، هەر هیچ لەلای ئەوانە
غەشیمن و لە سەودای عیشق تێ ناگەن
کەچی زانان: دۆلار، دینار، بە تمەن.
تۆ بسووتێ و من دەسووتێم تا نەمان
با ئەم عیشقەش بۆ دواکەوتوویی ئینسان
قوربانی بێ، وەک عیشقی پێغەمبەران
وەک عیشقی من بۆ تۆ و بۆ نەمانی ژان.
وەک عیشقە شێتانەکەی تۆ بێهوودە!
وەهایش عیشقە شێتانەکەم: بێسوودە!
خەمت ناخۆم، تۆش وەکو من خەم مەخۆ
هیچ خەم ناخۆم، تۆش هەروەها خەم مەخۆ
نا خەم ناخۆم، کچێ تۆش هەر خەم مەخۆ
ئای! لەم فشە و درۆ زلەی من و تۆ!