چوار بەسە و بەسێک

از کتاب:
خەونی سەما دژەکان
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  759 مشاهده
1
بەسە توخوا
خۆتم لێ سوور مەکەرەوە و
دەستم لێ مەخە کەلەکەت!
من پێویستیم بە تەمەنێکی تر هەیە
تا فێرتر بم
چۆن بەکوشت چم بۆ گەلەکەت!
2
بەسە توخوا
بە باڵامدا مەڕوانە و مەڵێ جوانە!
من پێویستم بە کەسێکە!
خۆم بۆی ببم بە پەروانە!
3
بەسە توخوا
باسم لەلای دەستە خوشکەکانت مەکە و
پێیان مەڵێ:
خۆشم دەوێ!
من پێویستم بە دڵێکە
تۆپی کەوتووی..
ئەم ڕوحەمی تێ بکەوێ!
4
بەسە توخوا
قسە مەکە..
لە قسە زۆر وەڕسم!
من پێویستم بە کەسێکە
یەک دەستی بێ و
درێژی بکا، بۆ دەستم!
***
بەس
بەس تکایە
ئەم وەسێتەم بگەیەنە
ئەو جوانانی ئەم دنیایە و پێیان بڵی:
هەروەکو خۆت و وەکو خۆت
دەستی شاعیر مەکەنە کۆت!
شاعیر.. ماشێنی «ڕەو» نییە!
شاعیر.. بابەتی «خەو» نییە!
شاعیر.. هی «ئەم» و «ئەو» نییە!
شاعیر.. شەمپانیای «جەو» نییە!
شاعیر.. پۆڵای «پتەو» نییە!
شاعیر.. دەنووکی «کەو» نییە!
شاعیر.. شاعیرە و «ئەو» نییە!
شاعیر.. تەنیا شاعیرە و بەس!
دڵی خوایە و تێی ئەورووکێ مێش و مەگەس!