1/17/1987

از کتاب:
خەونی سەما دژەکان
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  767 مشاهده
1
کیژ و کوڕێکی دڵداربوون
دەست لە ناو دەست
شاد و سەرمەست
دەشنانەوە لە «مەجید بەگ»
لوورەی تۆپێک هەروەکو سەگ
دەستی گووشراویانی قرتان
وەلێ دڵی پڕ خۆشەویستی هەردووکیان
دڵی گەورەی دوو دڵداری پاکی ئینسان
عیشقیان بۆ گەل و نیشتمان
لە ڕقی ئەستووری داگیرکەران
گەورە و گەورە و گەورەتر بوو
هەزار هێندە، دەستی گووشراوی قرتێنراو
مەزنتر بوو
2
«چۆپی» لە خشتی باغە
خانوویەکی دروست کرد
هەر ئەوەندە زۆری نەبرد
گوللە تۆپێک دای بەسەریا
بەڵێ «چۆپی»ی پەپوولە ڕەنگ و نازەنین
«چۆپی»ی خەپەی وەک گوڵ ڕەنگین
بەو گوللە تۆپە شەهید بوو
وەلێ خانووە خنجیلەکەی
ئەو نازدارە دروستی کرد
گوللە تۆپ کاری تێ نەکرد
نە ڕووخاو
نە.. هەرەسی برد