سیروان پاسپۆرتی ناوێ

از کتاب:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  875 مشاهده
شەپۆلەکانی زێی دانووب
کاتێک دەگەنە بۆدابێست
بۆنی کەزییەکانت دەکەن
سەرهەڵدەبڕن
لە ناو هەزارەها
کیژ و کوڕی دەستلەملاندا
بۆ هەردووکمان چاو دەگێڕن
دەمانبینن:
هێشتا دەستلەملان نەبووین.
لە ناو هەزارەها هەزار
هێشتا دەستلەملان نەبووین.
چۆن؟ دەستلەملان ببین!!
منێک گشت، ماچێکی بێدەنگ
لەلام:
تێخوڕینی گاردە.
تۆیەک گشت چرپەیەکی دەنگ
لەلات.
تووڕەبوونی ساردە.
چۆن؟ دەستلەملان بین!!
ئێمەیەک هەموو ژیانمان
ناوەڕۆک و چوارچێوەکەی
«نا- نەکەی»یە.
ئێمەیەک هەموو ژیانمان
پەروەردەی چەوت و لەکەیە.
نا.. نا
ئەی شەپۆلەکانی دانووب
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا
گلەیی لە ئێمە مەکەن
کاتێک گەیشتنە دەریا و
ئۆقیانووسەکانی دنیا
هەر شەپۆلێکی سەرمەست و شەرمنتان دی
ئەوە شەپۆلی مەندی زێی «سیروان»ە
لێی بپرسن:
گەلێک ئێوە، بەناویا، دێن
بۆ بێدەنگن؟
ئەوساکە، ئەو
باسی دەستلەملان نەبوونی
ئێمە دەکا.
هەرچییەکی وت:
ئەو ڕاست دەکا.