ئینسان

از کتاب:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  1025 مشاهده
ئینسان
ژانی ئینسان
لە سلاک بوون و سوێدا
لە دروستکردنی نەوەی نوێدا
جیاوازییان
جیاوازی نێوان:
خەمی ڕەش و خەمی سپییە
ئاهورامەزدانی ئاهەنگ و ئەهریمەنی کپییە
ئینسان
مەزنی بۆ ئینسان
***
ئینسان
لە ئەندێشەیدا:
هەژین
لە قووڵبوونەوەیدا
هونەر
لە تێکەڵبوونیدا:
ژان
ژانی ئینسانی بنیاتنەر
ئینسان
پیرۆزی بۆ ئینسان
***
ئینسان
لە منداڵیشدا
کە دەمرێ
خەم.. خەمی ئینسانە
کوژاندنەوەی ئینسانە
کۆچی ئینسانە
ئینسان
ئەمری بۆ ئینسان
***
ئینسان
ئەو ئاسنەی دەچەقێتە گیانی،
هەنسکە بڕێیەتی
ئەو نەخۆشییەی لاوازی دەکا،
زەردووییەتی
ئەو پەتەی دەچێتە گەردنی
دەخنکێ
تەنانەت مەرگ
لە بەردەمی ئینساندا
چاو دادەخا و
چۆک دادەدا
***
ئینسان
مەزنی و پیرۆزی و زیندەگانییە
ئینسان
ئاشتی و ئاسوودەیی و شارستانییە
ئینسان
هەموو شتێکی ئینسانییە