دوو گۆرانی تر بۆ شووشەخان

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 1 دقیقه  452 مشاهده
دڵۆپی باران/نیشانەی بوونی/خۆر و دەریایە
خۆر و دەریاکان/نیشانەی بوونی/بارانی تیایە
تۆی خۆشەویستم
نیشانەی بوونی منی شەیداتە
منی شێت و وێڵ
نیشانەی بوونی تۆی کارەساتە
-سوێندت بۆ دەخۆم.. بە
خۆشەویستی و
تۆ و
من و
خۆر و
هەموو دەریاکان
گەر جێم بهێڵی:
هێز لە گەردووندا.. دەبێ سەرنگوون
ڕەوتی تێکدەچێ و
لەتوپەت دەبێ.. معادەلەی بوون
هێشتا بە باشی نەمدیوی
بۆ تیشکی زەردەخەنەکەت، بووم بە زەوی و
هێشتا بەباشی نەمدیوی
لە دەوری لێوت گەڕام و
شەو و ڕۆژم پێکەوە دی
هێشتا بەباشی نەمدیوی.
***
بووم بە پەپوولە و هەڵفڕیم، بە شەوارەی تیشکەکانی
چاوانتەوە
لەسەر چڵی هەر تیشکێکیان.. نیشتمەوە
شەیدای چڵەکەی تریان بووم
ئەم چڵ.. ئەو چڵ/ئەوچڵ.. ئەم چڵ
ماندوو بووم و بە گۆناتدا.. کە هاتمەوە..
دیسانەوە بووم بەزەوی
لە دەوری لێوت گەڕام و
نە شەو.. نە ڕۆژ.. هیچم نەدی