نازدارێک و هەژدە نەفەر

از کتاب:
ببن بە تیشک
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 2 دقیقه  801 مشاهده
ئەی نازداری نووستووی ناو پاس
ئاگادار نیت.. لەو دڵانەی دەوروپشتت..!
ئاگادار نیت لەو -ئارام-انەی تۆ کوشتت..!
کەوتوویتە ناو جیهانی خەو
چش لە هەژدەی وەک من و ئەو
با لێرەوە لەگەڵ تیشکی خۆری ئەم ئێوارەیەدا
بتوێینەوە
لەگەڵ ورشەی قژی کاڵت
لەگەڵ پێستی پەمەیی بێ خەت و خاڵت
وەک منداڵی سەر گڕوگاڵ
بەستە بڵێین بۆ کوڵمی ئاڵ
ئاوات بخوازین بە «خەیاڵ»
-«لەبەر تریفەی مانگەشەو
کاتێ هەموو.. ئەو خەڵکەمان هێنایە خەو
لەسەر نەغمەی مۆسیقایە
دەست بخەمە ئەو کەمەرەی وەک مینایە
بلەنجێین و.. سەما بکەین
تا.. لەش.. خاوەنی توانایە».
بەڵام.. نازدار
ئەمانە هەمووی خەیاڵە
خەیاڵێکە.. وەک ئارەقی ئەو گۆنایەی
لە گەرمەی تین و نەشئەدا.. دێتە خوارێ
وەکو شەونم.. لە کوڵم و گەردن ئەبارێ
کەچی کاتێ
فێنکیی تۆزێ ئارام دێ
هیچێکی وای لێ نامێنێ
ئەو بارانە نەرمە وشکە
ئەو گۆنا گەشە ناسکە.. بێ پڕیشکە
وەک خەیاڵی هەموو ئێمە..
دەڕوا
دەڕوا
تەنیا شتێ بەجێی بێڵی
یادگاری ئەو خۆرەیە.. تا ئاوابوو
بەیەک خەندەی تۆ.. شاد نەبوو
ئەی نازداری نووستووی ناو پاس
-ئەوەی لەلای من مەبەستە
ئەوە نییە.. کە بتگاتێ.. ئەم دوو دەستە.