خۆشیی دواڕۆژ

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1981 مشاهده
لە بەغدا نەخۆشی سیل زۆری بۆ هێنابووم، دوکتۆریش مزگێنی مردنیان پێ دابووم منیش ئەمانەم وەک ئاواتێک نوسیووە.
دێتەوە وەختی هەرا کاتی خەبات
دێتەوە باوی محەمەد سەڵەوات
زووبەزوو پێک دێ هەموو دڵخوامان
لە بڵندان دەشەکێ ئاڵامان
دێتەوە باوی ئەوەی دەستەی کوڕ
بێنەڕیز نێزەبەدەست و دڵپڕ
ساز دەبێ لەشکری بێئەندازە
بە هەموو جۆرە چەکێکی تازە
لەشکری کوردی بە ئازا مەشهوور
دەرسی جەنگ فێربێ لەکن ئۆردووی سوور
بێبەزە هەڵدەکەنە ئیستیعمار
دادەپاچن سەری خوێنمژ وەک مار
پاک لەڕێی ئەم وەتەن و ئەم خاکە
تا لەپێشدای بکوژن پێی چاکە
کیژەکورد دوور نییە یەکتر بان کەن
زامی ئەندامی کوڕان دەرمان کەن
***
نامێنێ ڕۆژ و شەو، ئاغا و تاجی
ڕاوبکەن، بچنەوە کۆشکی عاجی
کاتێ دێ ڕەعیەتی دەسقەڵشاوی
لەسەرووی ئاغا بنووسرێ ناوی
ڕۆژێ دێ ڕەنجبەری بێ نان و ماڵ
سەری حاجیان بکا زیندەبەچاڵ
ها کە دیت سۆفی و دەروێش جووتن
تێدەگەن بۆ چی نەدار و ڕووتن
ڕیشی مام شێخی لە بندا دەبڕن
ئابڕووی دەڕژن و ورگی دەدڕن
هەربینا دیت کە مەلای خایینی گەل
ڕۆژی ئیقباڵی سەرەوژێرە لە کەل
بە پەت و داری هەڵاوەسراوە
سەدهەزار چەپڵە لەدووی لێدراوە
نیشتمان پاشی فڕێدانی بژار
پاشی پەیکردنی دەستی زۆردار
وەکوو ئێستا هەیە وا نامێنێ
گەلی مەرد ئەو دەمە خۆ دەنوێنێ
کیژ و کوڕ پیر و جوان پیاو و ژن
کاری زۆریان هەیە ڕاناوەستن
هەر کە ئاغا بە شەقان چۆ بەر دێ
ملی گاجووتێ لە نیری دەردێ
هەر تەراکتۆرە کە وا بانگ دێڵێ:
هەر کەسەی با بەشی خۆم پێ بکێڵێ
دادەچێنن بە گەنم دەشت و کێو
دێتەڕوو هەرچی هەیە زێڕ و زێو
هەروەکوو دەچتە جێگەی بەگ ڕەنجبەر
هەروەها لۆری دەچێتە جێی کەر
لادەچێ غارەڕەشی دێهاتی
دێتە جێ کۆشکی سپی و دوو قاتی
بەرقە دەبرووسکێ لەناو هەر دێیەک
ڕۆژ دەبێ نیوەشەوی هەر جێیەک
لە هەموو شوێنێ بژیشک و دوکتۆر
داو و دەرمانی لە هەر چەشن و جۆر
چاری دەردیان دەکرێ خۆڕایی
هەیە مەکتەب لە هەموو ئاوایی
تا لە چنگ دێوی جەهل ڕزگار بن
عالم و چاپک و ڕۆڵەی کار بن
دەردەخەن مەعدەنی پۆڵای ئاسن
چونکە زانا دەبن و دەیناسن
بۆ ڕێگای ئاسن و بۆ ئوتومبیل
لەت دەکەن جەرگی هەزار وەک قەندیل
کوردزمانێکی وەکوو خۆت و خۆم
تەجرەبەی خاکێ دەکا بۆ ئاتۆم
ڕۆژێ هەڵدەفڕێ هەزار تەییارە
کە لەبن باڵی: بژی کورد، دیارە
***
لاوەکان خۆشی لە خۆو سەرپاکوو
وەک بەهەشتێکی دەبینن خاکوو
داخەکەم من کە نەخۆشیم سەختە
کە ئەمەش شوێنی کوڕی بەدبەختە
زۆر دەترسم کە بڕۆم نەیبینم
پێ نەگا حاسڵی هێشتا شینم
تۆ بڵێی هێندە ئەجەل ڕاوەستێ
عەهد و پەیمانێ لەگەڵما بەستێ؟
وەتەنم هەروەکی بۆخۆم دەمەوێ
سەردەمێ چاومی وا پێ بکەوێ
ئەو دەمەی گیان بە دەسی خۆم تەسلیم
دەکەم و نامەوێ با چیدی نەژیم