دڵ گرفتارە بە عیشقت جامی مەی داوا ئەکا

از کتاب:
دیوانی ناتیق
اثر:
ناطق (1886-1967)
 1 دقیقه  1522 مشاهده
دڵ گرفتارە بە عیشقت جامی مەی داوا ئەکا
حەلقەی زیکری تێکچووە ئارەزووی نەوا ئەکا
غەمزەیەکی چاوی مەستت بۆ منی ئاشوفتە حاڵ
مەرهەمێکە زامی کۆن و تازەم مداوا ئەکا
لانەوازی دەستی چەرخی بەد سریشتە ڕۆحی من
بەس لە داوێنی کراست تەمەننای مەئوا ئەکا
هێند سزات داوم بە ناحەق شێواوە نەزمی حەیات
گیان خەریکە دێتەدەر لە تەن ماڵ ئاوا ئەکا
بێرەوە سەر باری ڕاستی تاوێ بمدوێنە بە ناز
بەو چاوە بازەت بڵێ بۆ حەز لە دەعوا ئەکا ؟
بۆ ئەوەندە دڵرەق و سەرسەختی ؟ سا پیم بڵێ
کێ بەرامبەر عاشقی خۆی کاری ناڕەوا ئەکا
نازەنینم کاتێ دێیتە حاڵەتی خەندە و کەنین
مەست ئەبێ خونچە لە خۆشییا خێرا دەمی وا ئەکا
پێکەنە شیرینی ئەرمەن بۆم با دانت دەرکەوێ
ئەو دەمەی پەری لە ئاسمان بە حوسنت بڕوا ئەکا
شیعری تۆ ناتیقتخلص ئەوەندە دڵپەسەندە بە خودا
هەر لە زەردەخەنەی لێوی منداڵی ساوا ئەکا