بادەنۆش

از کتاب:
فرمێسک و زەردەخەنە
اثر:
دلشاد مریوانی (1947-1989)
 4 دقیقه  1140 مشاهده
پەیمانە هەرگیز من بادەنۆش بم
لەم ژینە تارە مەست و سەرخۆش بم
***
من لە خونچەدا مەی ئەخۆمەوە
ژان و ئەندێشەی پێ ئەبڕێنمەوە
ئەو شەوە تارەی ژینم لێڵ ئەکا
بە گازی نەرمی ئەیڕەوێنمەوە
***
کە گوڵی جوانی بەهاری ڕەنگین
بە وشک و زەردی کاتێ هەڵوەری
ڕەنگە بزانن کەس نایکا بە شین
ئەی گوایە پایز بێ بەها ئەگری
***
هەموو میوانین لەم ناو جیهانە
میوانداریمان کەمە یەک ئانە
ڕاستە ئەبێ ڕێز لە میوان بگری
چونکە تۆش وەک من میوانی گیانە
***
وێنەکەت گەیشت خستمە سەر چاوم
شادی و بەختیاری بردە هەناوم
لە خەندەی گەشت دڵەم سەرسامە
چونکە ئەفسانەی خەندەت بە تامە
***
مەی و مەیخانە و نازی و ساقی و تار
بادەی گوڵ ڕەنگی ناو شووشەی نازدار
ئەمخەنە ژینی لە چاویا بەهەشت
تەنگ و پێچ پێچە هەروەک قەدی مار
***
لە ژێر پەردەکەی گوڵ ئەندامی بەی
لەرەیەک ئەهات لە سۆزا وەک نەی
ئاواز و تیشکی چاوی خوێناویم
تیا بەدی ئەکرا تۆماری لاویم
***
ژیانی بێ پرس بە من دراوە
گەردوون بۆ بەزمی خۆیی هێناوە
ئەگینا مردن چییە و لە پای چی
پاش ئەوەی سزای بوونم چێژاوە؟
***
کێ لێم ئەپرسێ ژینی دڵداری
چۆنە و چۆن نییە، بێ پێچ و خواری
با باش بزانێ، گشت دەردی سەرە
ئازارە و ژانە و داری بێ بەرە
***
لالەیەک کەوا سیس و ژاکاوە
گوڵ و گوڵزاری کە هەڵکەنراوە
گشتی لە ئەستۆی باخەواندایە
باخ بەخێوکردن کەی وا کراوە؟
***
مەی لە دەروونا زەرەر ناهێنێ
ئاڵتوون لە قوڕا ژەنگ هەڵناهێنێ
بۆیە خەیاڵم گشت کات لای مەیە
چونکە سزا و ژان هێندە ناهێنێ
***
خۆفرۆش گەشەی ئەستێرەی چاوت
لەگەڵ هەنسکی ساردی خنکاوت
شەپۆلی زڕان بۆ منی هێنا..
دەنگی گریانی کۆرپەی بێ ناوت
***
خۆزگە گوڵاڵەی تەمەنی لاویم
لە پاش ژاکانیش ئەگەشایەوە
ئەگەر وابووایە ژیانی دواییم
بەهەشتی ئەولام تێک ئەدایەوە
***
شووشەی مەیخانە شکا لە لێوما
مەلی پێکەنین.. هەڵفڕی، نەما
چۆن بەو کردارە دوور لە ساقی بووم
ئەبێ بەشم بێ کەوتن لە خەما
***
ساقی من بۆ مەی نزیک مەیخوانم
مەی نۆشکردنە خۆشی ژیانم
دەتوخوا وەرە بە سەما و یاری
سنگ لە سنگم بە.. دەست بۆ ملانم
***
گوڵێک کە توتڕک خوێنی بڕژێنێ
پەیکوڵی بەدناو چاوی دەرهێنێ
لەوە باشترە لە ئینجانەدا..
دەستی ئەم و ئەو هەڵی وەرێنێ
***
لەم جیهانە تۆی ڕووناکیم
هەستی تۆیە هۆی دڵپاکیم
بێ سۆزی دەنگی نازدارت
غەمبارو پەست دوور لە چاکیم
***
زوو هەڵسە لە خەو گیانە بەیانە
بەیانی جەژنە.. شادی و سەیرانە
دڵە بۆ ماچی جەژنانەکەی تۆ
«لە مناڵ زیاتر بۆی پەرێشانە»
***
لە خونچەی لێوت تێکە مەی شادی
تاکو بە ماچی گەردن ئازادی
بینۆشم بڵێم: خۆشەویستەکەم
شادی لە وایە.. بمژرێ بە دەم
***
چرا و نووری شەو کوڵمی ئاڵتە
ئاوێنەبەندی چاوی کاڵتە
منیش پەروانەی ئەم چراخانەم
سەر مەزاریشم گۆنا و خاڵتە
***
دڵ لە شادی دیدەنی گوڵ
کەوتە بەزم و هەڵپەڕین
مەلی خەندەش چووەتە سەرچڵ
دایە پڕمەی پێکەنین
***
خۆزگەی ژیانم بە ژینت بولبول
کە شاد و خەندان ئەخوێنی بە کوڵ
لە هەر جێیەک بی قەفەز یا سەرچڵ
تۆ دەم بە خەندەی بەرامبەر بە گوڵ
***
سوخمەی دانتێلی ڕەنگ نەخشین و ئاڵ
خستبوویە باوەش جووتێ مەمی کاڵ
مەمیش وەک ساوای بە شەو سەرما بوو
خۆی لە باوەشیا تووند حەشار دابوو
***
گوڵی لاوێتیم لە ئینجانەی ژین
ئاوی تەمەنی خێرا لێ بڕا
مەلی دڵیشم بەبێ جووڵە و تین
لە جەرگی خاکا خەیمەکەی هەڵدا
***
دڵم وای ئەوێ وەکو پاساری
یارێ بیگرێ و زۆر بە لاساری
ئازاری بدا و جار جار ماچی کا
یاخۆ بۆ جوانی مۆمیای بکا