شافیعی شێخی دنیا و قیامەت
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
850 مشاهده
شافیعی شێخی دنیا و قیامەت
کەوتە تەحلیلی عیلمی قیافەت
شارە و شار گەڕا لە شوێن ئەم ئیشە
زاتەن حەدیسی پێغەمبەریشە
حەدیس دوو زاتی جەزبە کردووە
ئەوانی تری وا ناو بردووە
ئیمام تەشریفی ڕووی کردە دێیێک
تووشی یەکێک هات لە سەرەڕێیێک
کورتە باڵایێک مووزەردی چاوشین
ڕوو، لچ و لێوی گرژ بوو لەبەر قین
هەمووی نیشانەی خراپەی پێوە
هات بە پیریەوە لە ڕاستە ڕیوە
ئیمام ئەعوزوبیلای لە ڕاست خوێند
ئەو میوانداری کرد بە تکا و سوێند
هەر بۆ تەجرووبە لەگەڵ کابرا چوو
ئەیڕوانی کابرا زۆر بە خزمەت بوو
ئەو شەوە تا ڕۆژ نەنووست لە تاوا
کابرا تەجرووبەی دابوو بە ئاوا
بەیانی هەڵسا فەرمووی وا ئەڕۆم
گوێدرێژەکەم بێنەدەرێ بۆم
وتی پیادە بووی گوێدرێژت نەبوو
فەرمووی تەجروبەم وا بە ڕاست دەرچوو