زۆر کەس ئەبینی لە گیان بێزارە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  875 مشاهده
زۆر کەس ئەبینی لە گیان بێزارە
کە سەری ئێشا، دەم بە هاوارە
تا ئەچینە خاک هەوڵی ژیانمانە
هیچ ناشڵێین ئەجەل لە کەمینمانە
گوڕەوشار نوقتەی غافڵ لێک ئەدا
ئەیکا بە عاقل ئەوسا لەوێدا
بەڵام فایدەی چی ناگەڕێتەوە
دنیا بە تەنیا لەو ئەبڕێتەوە
بە خواجەیان گوت: قیامەت کەیە؟
وتی: کە مردم، مەحشەر ئەوەیە
ئەڵێن: فەلەستین لە دەست حەوت دەوڵەت
چۆن وا بە ئاسان دەست جوولەکە کەوت؟
وتیان لە پێشدا قووەتی ئیمان
ئەو فەلەستینەی دا بە موسوڵمان
ئەوانیش چاویان لە موسوڵمان کرد
بە عەزم و ئیمان فەلەستینیان گرت
ئەم ئاڵوگۆرەی موسوڵمان و جوو
بە ئیستیغفارێک وەرگەڕا، تێکچوو
گەڕاینەوە سەر جیهاد و ئیمان
هیچ کەس لەگەڵمان نایێتە مەیدان
ڕێی ڕاست ئەمەیە گەر ڕاستت ئەوێ
کە دیوار ڕووخا، بانیش ئەکەوێ