ئەوانەی کە وا خۆیان ناسیوە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  628 مشاهده
ئەوانەی کە وا خۆیان ناسیوە
«ئیدەمان»یان دیوە لەم دیوە و دیوە
کارێک بزانن پێ یان ناکرێ
نایگرنە ئەستۆ، گەرچی بە کرێ
هی وایش ئەبینم کە تێ هەڵچۆیە
پەلامار ئەدا بە دەنکە جۆیە
کە کەوتە سەر ئیش ئەوسا ئەزانێ
ئەو بارەی گرتیە ئەستۆ نایتوانێ
بەڵام فایدەی چی مەشکە دڕاوە؟
کاتێکی زانی دۆکەی ڕژاوە
بۆیە پێشینان وایان داناوە
ناسینی ڕەش و سپی بە ئاوە
ئێستا دەورێکە دوو چشت بەکارە
بۆ خۆ چەسپاندن، ڕەجایە و پارە
با لێرەیش نەبێ ئەم فڕ و فێڵە
لە سەرچاوەوە ئاوەکە لێڵە!!
لە «گونیە»دا پێی لاوان ئەبەستن
پێشیان ئەڵێن: «دەی» ڕاکەن مەوەستن
ئاخ پیاوی خۆیان بۆ ئیش نەدەنارد!
بۆ ئیش هەر پیاوی خۆیان هەڵدەبژارد
«سوریە و زەعیم» کاریان تەواوە
چارەی ئیسڵاحیان بە سوێند داناوە