هەموو کارێکت بە ئەندازە بێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
817 مشاهده
هەموو کارێکت بە ئەندازە بێ
جزدانی خوڵقت بە شیرازە بێ
زۆرت چنگ کەوێ و کەمی ببەخشی
چاویان لەدوایە دوایی ئەلەخشی
کەمت بێ و بیدەی زۆر قەرزدار ئەبی
کە قەرزداریش بی شەرمەزار ئەبی
خۆت بەدناو مەکە بە بردەی باری
لای خوایش بەرمەدە بە ستەمکاری
سەد چاکەت ببێ ئەڕوا بە بایە
برینێکی دڵ ساڕێژی نایە
هەتا ئەتوانی لادە لە دیوان
دێوانە نەبی وەک دیوان دیوان
هیچکەس بە مەعاش دەوڵەمەند نابێ
سا مەگەر گوردی بەرتیلی تیا بێ
بەرتیلیش مایەی گڕ و پفێکە
ئەنجامی هەردوو دنیای تفێکە
نان و دۆیەک و دڵێکی ڕەحەت
نەک ترس و خەمی پادشای سەر تەخت
چونکو هەردوولا ڕێیان ئەو لایە
هیچ نابەی لەگەڵ خۆت لەم دونیایە
ئەم واتەیەمان ناچەسپێتە دڵ
ئاواتە خوازی ئەبەینە ژێر گڵ