شیر کە یەک ڕووە ئالەتی شەڕە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  913 مشاهده
شیر کە یەک ڕووە ئالەتی شەڕە
شانە دووڕووە وا لەسەر سەرە
ناڵێن کە شیرە تۆڵە ئەسێنێ
هەر ژن بە شانە سەری دادێنێ
تا شیرت ئەبڕێ شێرانە هەستە
ناوی پیاوەتیت بمێنێ بەستە
بەڵام پیاوەتیت بۆ گەل وریا بێ
نەوەک بۆ شەری ناوخۆ ئازا بێ
جاران کە نەیان ئەهێشت بخوێنین
ئازابین ڕەگی یەکتر دەربێنین
چونکو خوێندەوار لێک ئەداتەوە
ئاشووب ناخاتە ناو وڵاتەوە
ئێستە مەکتەب بوو بە ئاوەڕەشە
هەر تەڵەبەیە وا بە گەردشە
لە ناو عالەما بووین بە داستان
خوا بمان خاتە سەر ڕێی ڕاستان
ئەو کەسەی کە وا کەوتە سەر ڕێی چەوت
کاتێکت زانی هەڵئەنگووت و کەوت
تۆ پاڵ بنێیت و خەسمت نەکەوێ
ئەوسایە کەوتن بەر تۆ ئەکەوێ