دنیا وا شێوا بە کەس چا نابێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1018 مشاهده
دنیا وا شێوا بە کەس چا نابێ
سا مەگەر دەوری مەهدی پەیدا بێ
سێ چشت کۆن بووبوو کەوتوونەوە کار
درۆ و دووڕوویی و بلۆفی قومار
ئەم سیانە هەر چەند هیچیان چا نییە
هیچ نەبێ قەسدی گیانی تیا نییە
هەندێک هەن کەوا بێگومان زۆڵن
دەستیان بوو چاوی چاک هەڵدەکۆڵن
بە سەرزاری دۆست، کەچی بە دزی
کاتێکت زانی وەک مار پێی گەزی
ئەوانە تەنیا بە پیاوچاک فێرن
لە ڕاستی دووپشک حیزن ناوێرن
من لەم دوایییەدا یەکێکی وام دی
کردەوەیەکی وای لێ هاتە دی
لەگەڵ یەکێکدا دۆستی سەرزاری
لە پڕ لێی کەوتە گەستنی ماری
گەستنێکی وا قەسدی گیانی بێ
حەرامزادەیی و نائینسانی بێ
نازانێ ئەمە دێتەوە ڕێی خۆی
ئەبێ بە لەکەی لە خۆی پیستر بۆی
خوا چۆن پاک ئەدا بە دەم پیسەوە
هاکا ناڵاندی بە دەم لیسەوە