خوا ئێمەی بۆیە خستە سەر زەوی
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
843 مشاهده
خوا ئێمەی بۆیە خستە سەر زەوی
لە گژ یەک هەڵچین بە بێ بەزەوی
لە لامان وایە کە یەکی بکوژین
عومری ئەویشمان بۆ دێ و زۆر ئەژین
نازانین ئێمەیش نامێنینەوە
دوا بە دوای یەکتر قڵپ ئەبینەوە
ئەوەندەی هەیە ئەوەی کوژراوە
بۆ ئەو دنیا ئەو خوا پێداوە
شەربەتی مەرگی لەمەو دنیا چەشت
بێ ترسی و بێ پرس ئەچێتە بەهەشت
ئینجا وەرنە سەیر ئەم زاڵمانە
بە شیشی ئاگر ئامان ئامانە
ئەیانسووتێنن تا بە ئازار بن
مردنیش نییە تا پێی ڕزگار بن
ئەوەی کە فێڵی دنیایی زۆرە
بەشی خەڵک ئەخوا و بە زوڵم و زۆرە
هەروا ئەمەندە لێک بداتەوە
لێیان پرسی، چی جواب ئەداتەوە
بڵێن پێت خۆشە تۆ بە ڕەنجی شان
نان پەیدا کەیت و لێت سەنن ئەوان
دیارە کە ئەوەی زۆری لێ ئەکەی
لە لای ناخۆشە تۆ ماڵی ئەبەی