ئەڵێن گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1267 مشاهده
ئەڵێن گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێ
بۆ بنیادەم خەڵک وەکوو تڕ ئەدوێ!
بەڵێ بۆ وڵاخ ڕەسەن زۆر باشە
وا گۆڵەبارگیر دیارە لە پاشە
زور جار ئەیبینین کە دایک و باوک
ئەدرەوشێتەوە وێنەی چراوک
کەچی منداڵیان هیچ لەوان ناچێ
باخی زیندەگی خەڵک هەڵدەپاچێ
دیسان حوکمێکی قەتعی نادرێ
وەجاخ زادەکان شەرم ئەیانگرێ
بە حەج و شەراب ئەڵێن وەک یەکتر
چاک چاکتر ئەکەن خراپ خراپتر
هەندێ پیشەمان هێشتا هەر ماوە
تەپڵ و بەیداخی حاجییان باوە
هەر دەڵێن قوماش کەمە و گرانە
ڕیزە بەیداخی حاجی بڕوانە
خۆزگە مەبعووسیش بەیداغی ئەبوو
بە تەپڵ و بەیداغ بۆ مەجلیس ئەچوو
ئەوسایە دەنگیان دەلێرتر ئەبوو
لە ناو کۆمەڵدا ناویان دەردەچوو
ئێمە هەر لەسەر ئەو فیکرەین کە بووین
هەر لە ڕاوییە زۆر چاکی بۆ چووین