زستان هات هەژار خەمباری دارە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
964 مشاهده
زستان هات هەژار خەمباری دارە
لای دەوڵەمەندیش تەڕی بەهارە
هەندێ خۆشحاڵن «قابینە» گۆڕا
بەڵام گرانی قاپی نەگۆڕا
ئاسایش بۆ لات مەگەر لە گۆڕا
پیاوی بە هەلات هەروا لە گۆڕا
کە مەبعووسی بێ خەیاڵی شەوت
ڕاکشێ و بنوو با بێتە خەوت
خۆشی بۆ ئەوەی کە خەیاڵباز بێ
نەک بە ئەفسانە چاوەڕێی باز بێ
تاریکایی شەو ئێوارە دیارە
کوا میراتی کەر بۆ کەمتیارە؟
یاری جارانمان بابی بابی بوو
سوار بوون بە پرسی ناحیسابی بوو
ئێستا فوتبۆڵە حیساب بە گۆڵە
تەنها باییعی بە «ڕۆڵ»ە ڕۆڵە
فوتبۆڵ وێرگولی بکەوێتە نێو
بە شێوەی جڵفە ئەبێ بە جنێو
ئەڵێن: بێ ئەرخە ناکەویە کایە
بە مێردی نییە ئەویش بە خوایە
پارەی دەوڵەمەند دەمت شل دەکا
بەخیلی زۆر جار تەوق لە مل دەکا