ئەڵماس و ئاڵتوون چونکە نایابن
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1143 مشاهده
ئەڵماس و ئاڵتوون چونکە نایابن
هێند خۆشەویستن وەک داک و بابن
هەرچیش کە زۆر بوو قەدری نامێنێ
با ئاوێنەیش بێ کە پیاو ئەنوێنێ
بەردی بەرزنجەیش وەک ئەڵماس وایە
ئەو چونکو زۆرە کاری لە دوایە
تەنها چشتێکە کە وا زۆر کەمە
کەسیش نایەوێ ئەڵێ خۆم هەمە
ناحەقیان نییە کە نایانەوێ
هەرچی بووی نانی پێ دەس ناکەوێ
جاران کە گەزۆ کەم بوو شەکر زۆر
حەڵوای ساغ نەبوو سا مەگەر بە زۆر
ئێستا کە شەکر لە ناوا نەما
حەڵوا بوەتە دۆشاوی خورما
پارەی فڕوفێڵ کەوتە ئەم ناوە
دراوی حەڵاڵ لای کەم کەس ماوە
هەر بەو پارەیە ئەچن بۆ مەککە
ئەڵێن: بۆ حەجە تۆ باوەڕ مەکە
بۆ سوێندە بڵێن: بە قوڵفی کابە
یا، لابەیە، حەج لە ناوا لابە
هەرچی بتەوێ بیکڕی گرانە
لافی وەتەن و شەرەف هەرزانە