دنیا هەر ڕۆژە لەسەر ڕەنگێکە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  985 مشاهده
دنیا هەر ڕۆژە لەسەر ڕەنگێکە
بۆ بووک و زاوا بە ئاهەنگێکە
بەنی ئیسرائیل ئەدا بە مووسا
مووسا لە پێشا لە فیرعەون ترسا
دوایی خوا وای کرد بەنی ئیسرائیل
کەوتنە شوێنی و فیرعەون کەوتە نیل
عیسایش بەو هەموو موعجیزەیەوە
دامابوو بە دەست قەومەکەیەوە
گا کوێرەکە خوا و گا خوای هەیکەلان
خوا بۆ کەیفی خۆی هێنانیە مەیدان
دوای هەمووان هیتلەر پێش ئەڵمان کەوت
بەختی یار نەبوو بە «ئەلئەمان» کەوت
ئینجا بزانین بەر کێ ئەکەوێ
ئاواتەخوازی دنیاین بۆ شەوێ
تارای بانقەنۆت ئەدا بە سەردا
بە لار و لەنجە کە هات لە دەردا
سەرمەشقانەکەی دین و ئیمانە
ئینجا دوژمنی برا و خزمانە
ئێمە لەسەر ئەو کە تێک بەردەبین
ئەو بەوە دێتە کەیف و پێکەنین
سەد هەزار ملیۆن مێردی مردووە
بۆ هیچیان تەعزێی دانەگرتووە