کە خوا بیەوێ یەکێ بکا بە پیاو

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  894 مشاهده
کە خوا بیەوێ یەکێ بکا بە پیاو
ڕێکەوتی ئەوتۆی بۆ ئەخاتە ناو
زۆر بە ئاسانی پێی سەردەکەوێ
بەختی دوژمنی لە ڕاست ئەخەوێ
دوو زۆردار ئەچن بەگژ یەکترا
لە هەردوو لاوە ئەبێ بە هەرا
یەکێ لەو لاوە کە تێدەفکرێ
ئەوەیان چاکە لای ئەو دەگرێ
خوایش دیارە پشتی چاکان بەرنادا
بەدکار دەخنکێ زوو دێ بە لادا
کە بەدکار کەوت و پیاوی چاک سەرکەوت
یاریدەدەری پاداشی بەرکەوت
ئەڵێ کاکە تۆ کە یاریدەت دام
ئیتر چاودێری تۆ فەرزە لە لام
کەواتە ئیتر سەربەست ڕابوێرە
بۆ بێگاری کەس مەچوورە گێرە
باری بێگاری جدەوی کردی
دار و فەلاقە لە ناوی بردی
بە دیمۆقراتی ڕو بکەرە هاتی
خزمەتت زۆر بێ بۆ خۆوڵاتی
بیرت بێ زوڵمت چەند پێ گران بوو
قەومت بە ستەم چەند ناتەوان بوو