کە دووبەرەکی کەوتە ناو خێڵێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
864 مشاهده
کە دووبەرەکی کەوتە ناو خێڵێ
خۆشی خۆشی ئەو خێڵە جێ یێڵێ
کە لە گێرەدا گایێک مان بگرێ
گێرەشێوێنە ئەبێ سەرببڕێ
کە خوێنێکی پیس کەوتەوە گوپەی
ئەبێ بە نەشتەر ئەو خوێنە دەرکەی
کە پشیلەی ڕاوکەر لە ماڵا نەما
مشک ئەکەوێتە تلیلی و سەما
کاتێ ستەمکار عەزڵ بوو، لێ کەوت
خۆی ئەکوتێتە هەیوانی مزگەوت
کە زانی دیسان ئاشی ئەگەڕێ
بۆ مزەئاشی زۆرتر ئەگەڕێ
قەڵادزەمان ئێستا قەزایە
خەڵک ئەڵێن ئەسما «مِنَ السَّما»یە
باوەڕی پیاوە کۆنەکانمانە
ئەڵێن: «قەندە» ڕووی لە ئاسمانە
هەرکەسە لە سەر ئایینێ ئەڕوا
یەکێ دڵ پاکە، یەکێ بێ بڕوا
هونەر و سەروەت دادی خوایییە
هیچ کەسێ نەڵێ بە خۆڕایییە
لەو خوارەیش ئەڵێن ئەم چەتوونییە
دووبەشی لەبەر بێ «تووتوونی»یە