پێکەنین دوانە، یەکێ هی خۆشی

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1038 مشاهده
پێکەنین دوانە، یەکێ هی خۆشی
ئەوی تر ژاری خەفەت ئەنۆشی
یەکێکیان ناوی زەردەخەنەیە
ئەوتر ژارخەند، وەک ژار قەندەیە
گریانیش هەروا لە دوو چشتا دێ
تەنگانە و کاتێ شینت دێتە ڕێ
دووەمیان شادی و وەسڵی عەزیزان
خۆشییەکی وایە ئەتخاتە گریان
ئەمانە هیچیان بایەخیان نییە
کە زوو بەسەرچوون کەڵکیان چییە؟
بەخۆشی تاسەر دڵ بەستە، بەستە
ڕێی ڕەزا بگرە، بڕۆ مەوەستە
ئەوسا کە کەوتیە ڕێی عەشقی مەولا
تاڵی و شیرینیت یەکسانە لە لا
ئەگەر ئەویشت لە لا گرانە
دڵنەوایی دۆست بە هەل بزانە
دۆستی یەک دڵ و یەک زوبان چاکە
بەوە پیاو لە خووی بەدکار بێباکە
دوو چشت لەگەڵ یەک هەڵکردیان نابێ
«تەماح» و «حورمەت» هەر چەند لای شا بێ
واتەی پیاوانی کۆنە، دوور لە ڕووت
ڕیشی تەمەعکار بە ڕەشی نابووت!