کە ئەڕوانیتە ڕەنگی نەوبەهار

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  784 مشاهده
کە ئەڕوانیتە ڕەنگی نەوبەهار
ڕاویشکەی گیا و گوڵ بە لەنجە وو لار
وات دێتە خەیاڵ، جیهان تا سەرە
باغی ئیرەمە و بێ کەلەبەرە
نازانی چەرخی دەوران بەهارە
ئەو ئاو و ڕەنگە بێ ئیعتیبارە
هەتاوی قینی لەگەڵ خستەکار
نە سەوزە دێڵێ، نە شەوقی گوڵزار
بەهار و سەیران دڵی بێ غەمە
کە دڵ غەمگین بێ، هەرچیت بێ کەمە
چارەی دڵخۆشیش کەم تەماعییە
چاوتێری مەعنای سەرئازادییە
کە بەرچاوتەنگ بی و دڵ بە ئاخ و داخ
بێ تامە لە لات سەیران و یاپراخ
ئازادی چرای ڕێی ڕووناکییە
زەوقی قەلەندەر لە بێباکییە
ڕووناکی دەرکەوت تاریک نامێنێ
کە هەتاو نەبێ، سێبەر نانوێنێ
ئەم ڕۆژ و شەوە پەندی یەزدانە
دوای تاریکی شەو ڕۆژی ڕەخشانە
ڕۆژیش ئێوارەی لێهات ئاوایە
نۆش و ئیش لەگەڵ یەک بەرەودوایە