هاوینی بێ ئاو! ئای چیت پێ کردین

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  765 مشاهده
هاوینی بێ ئاو! ئای چیت پێ کردین
وەک ماسی ناوی جەرگت ڕەش کردین
ئاخری وا چلەی تۆیشمان بردەسەر
چلە چوار نەوعە، یەکێکمان بەتەر
جاران جێ ماڵی باوەشابان بوو
ئێستا دەرمانی ئەویش هەرزان بوو
هەموو کارێکمان بۆ دەبێ ئاسان
مەرد ئەو مەردەیە نەبێ هەراسان
خۆشی و تەنگانە نامێنن تا سەر
پەندێکمان هەیە کە بیکەینە بەر
بە تاڵی و خۆشی هەر بڵێی ئەڕوا
نەوەک بە زوبان، بە دڵ و بڕوا
کەلیمەی «ا ق ب ا ل» پەندێکی تیایە
وەری گێڕیەوە خۆی «ل ا ب ق ا»یە
لە قورئانیشدا فەرموودەی خوایە
ڕاستە تەنگانە خۆشی لە دوایە
چەند خۆشە ئینسان وا دڵنیا بێ
بوون و نەبوون لای کاریگەر نابێ
بەختیاری پیاو، دڵی بێ غەمە
با خەڵک هەر بڵێن دانایی کەمە