گێتی لەسەر هیچ بارێ ناوەستێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  620 مشاهده
گێتی لەسەر هیچ بارێ ناوەستێ
چۆن ئەبێ دانا پشتی پێ بەستێ
پاک هەڵدەخزێ و هەڵدەسێتەوە
ناپاک نەیشکەوێ ناحەوێتەوە
هەندێ کە دۆستی جاهـ و ئیقباڵن
تا لە مەسنەد دای جێت بۆ ئەماڵن
لەگەڵ لێکەوتی ببڕای ببڕایە
هاتیەوە کایە، هەر ئەو سەودایە
خۆزگە پێستی ڕووم چەرمی گا دەبوو
تەریق بوونەوەم لەلا با دەبوو
بۆ چەرمەسەرێ زوو بە کێش ئەبووم
لە هەموو شوێنێ هەر لەپێش ئەبووم
بەڵام قوڕ بەسەر ئەو کەسەی وایە
ئەم ڕەزاڵەتەیش مەرگی لە دوایە
ئای بۆ نانێکی کەسبی ڕەنجی شان
سەر ئازادەتر لە شاهی جیهان
ئەمانە هەمووی فەرمانی خوایە
کوا دەسەڵاتی بەندەی تێدایە
دەریای قەدەرە، عەقڵی تیا گومە
«زَیَّنَ لَهُم أَعْمَالَهُمْ»ە
هەندێ ئەیەوێ لە مەجلیسان بێ
هەندێکش ناوی لە ناو ناوان بێ