دڵ ئاوێنەیە ڕێی خوا ئەنوێنێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
912 مشاهده
دڵ ئاوێنەیە ڕێی خوا ئەنوێنێ
ژەنگ بگرێ جەلای جە لا نامێنێ
خۆش ڕابواردن بە دڵی پاکە
ئەوی دڵپاکە، بێ باکە، چاکە
هەموو دەوڵەتی دونیات دەسکەوێ
خۆشی نابینی کە دڵ نەسرەوێ
چەند خۆشە لەگەڵ چەند برادەرێ
بێ کینە و بێ غەم، پیاو بەسەر بەرێ
دەوڵەت کە زۆر بوو سەر ئەشوێنێ
بڵێی کەیف ئەکەم لە لات نامێنێ
من چەندێ هەندێ ئاڵتوونم دەستکەوت
بە لێکدانەوە خەوم لێ نەکەوت
بێ خەویش ڕێگەی ئیشتیای بەستم
تا شوێنی کەوتم دەرچوو لە دەستم
ئێستا ئەو بە شوێن مندا ئەگەڕێ
چونکو قانیعم بە وشک و تەڕێ
ئەمانە واتای گوێ ئاگردانن
ئادەمی لە دووی ماڵ سەرگەردانن
خۆهەڵکێشانە و دڵخۆشی بە زۆر
کەم دەسەڵاتی کردمیە حەڵاڵخۆر
ئێستا کە ئەیخۆم ژەمی «گورگ»ییە
کێ ئەڵێ پیشەی ڕێی بزورگییە
بەڵام ئەمەندە هەیە خواپێداو
بە شوێن ماڵا خۆی ناخاتە قوڕاو