ئاو کە تینوێتی ئینسان ئەشکێنێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  726 مشاهده
ئاو کە تینوێتی ئینسان ئەشکێنێ
زۆر جاریش ئەبێ پیاو ئەخنکێنێ
ئاگر کە چێشتت بۆ ئەکوڵێنێ
خۆت نەپارێزی، دەست ئەسووتێنێ
هەناسەی هەوا گیان ئەژیێنێ
زستان بێ بەرگ بی، ڕەقت هەڵدێنێ
خاک خواردەمەنی پێدەگەیێنێ
بە سەرتا ڕووخا ملت ئەشکێنێ
ئێمە لەم چوارە دروست کراوین
هەر یەکە لە خووی، خۆی بەشی داوین
ئاو و خاک مەندی و هێمنی داوە
باو و ئاگر توندی و تیژی هێناوە
با کەوتە کەللە، شعوور نامێنێ
ئاتەش مەزاجیش پیاو ئەسووتێنێ
کەم کەس ئەبینم کەوا لەم چوارە
بە ئەندازەیەک بڵێم بەشدارە
زۆری وا هەیە بە با، باییە
خۆی بەرز ئەبینێ و پارەباییە
ئەم ئەفسانەیە هەمووی باییە
چاکە و خراپە، دادی خواییە
ئەگەر کردگار گوێی لە من ئەگرت
هەرچی چاکە بوو، بۆ خۆم هەڵدەگرت