هەورە تریشقە گرمەی بڕاوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
892 مشاهده
هەورە تریشقە گرمەی بڕاوە
بۆیە «دوومەڵان» لێمان تۆراوە
دوومەڵان ناوی دەمەل بە کۆڵە
بەبێ تۆو ڕیشەی دەردەچێ زۆڵە
کەچی بڕەوی زۆرە ئەمەندە
لەبەر زۆڵییە کەوا پەسەندە
بێ بارانییە کە گیا نەڕواوە
نوێژەبارانەیش مۆدەی نەماوە
ئەمساڵ حەج بووبوو بە بابی بابی
پارەی ئێرە بوو، چوو بۆ «وەهابی»
من کە منداڵی شارم برسی بێ
ئەیدەم بەو ئەگەر لە خوا ترسی بێ
هەر مەولوود چاکە کە تام لە خۆیە
بەڵام لەوەیشدا «کەوا بخۆیە»
ئەگەر سەیرانی نەورۆزی ئەمساڵ
بە دوو مەعاشم بۆم ببێ بە ماڵ
بۆ هەموو کەسێک هەر سەیرانێکە
تێکڕا پێنج یاپراخ لەگەڵ نانێکە
چایش ئەخۆنەوە بە هەڵپەڕکێوە
چۆپی کیژانیش ئەبەین بەڕێوە
خوا ئەمساڵ گەورەی چاکی داوینێ
قەوم بە قدوومی ئەو خێر دەبینێ